پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، سبەی سێشەممە لیژنەی هاوبەشی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە و گفوگۆ لەبارەی وردەکارییەکانی نوسینەوەی رەشنووسێک دەکەن کە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کارەکانی لیژنەکە بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە دیووە و لە داهاتووشدا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان دەبێت.
ئەمە پێنجەمین جارە شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی بۆ ئامادەکردنی رەشنوسێکی حکومڕانی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەت کۆدەبنەوە.
پێشتر دوو کۆبوونەوە لەنێوان شاندی دانوستانکاری هەردوولا کرا و لە کۆبوونەوەی مەسیف بڕیار لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ نووسینەوەی رەشنووسێکی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان درا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لە نووسینەوەی رەشنووسەکەدا بە روونی ئاماژەی بە هەڵە و کەمووکورتییەکانی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاونیشتیمانیان لە تەواوی هەرێمی کوردستان کردووە و تێبینییەکانی بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی یاداشت کردووە.
یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى بەدەستهێناوە و پارتى دیموکراتى کوردستانیش 39 کورسى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى بەدەستهێناوە. بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوولا شاندى دانوستانکاریان پێکهێناوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى دیکەش کۆبوونەتەوە.