پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاگرێکی گەورە و وێرانکەر شاری لۆس ئەنجلۆسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکای گرتووەتە، کە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، گەرەک و ماڵی کەسایەتییە ناودارەکانیشی وێران کردووە.
لەڕۆژی 8ی کانونی دووەمی2025ەوە، ئاگرە وێرانکەرەکە دەستیپێکرد و دواتر بەشێوەیەکی زۆر خێرا بەهۆی خێرایی باوە تەشەنەی کرد و تائێستا نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و هەر پەرەدەستێنێت، بەهۆی ئاگرەکەوە زیانێکی ماددی و گیانی زۆر کەوتووەتەوە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە بەرزبوونەوەدایە.
ئاگرەکە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە، بەپێی دوایین ئامارەکان، تائێستا 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسیش برینداربوون، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کەس بێسەروشوێن بوون، بەبەهای زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار، خانووی ئەکتەرەکان و دەرهێنەرانی هۆڵیود لە لۆس ئەنجلۆس سووتاون، دیارترین ئەو ئەکتەرانەشی خانووەکانیان سووتاون، ئەنتۆنی هۆپکینس، میڵ گیپسن، ماندی مۆر، ئانا فاریس و چەندانی دیکەش، بەپێی زانیارییەکان تائێستا زیاتر لە 12 هەزار خانوو و باڵەخانە سووتاون و بە هەزاران کەسیش ماڵیان نەماوە و ئاوارەبوون، هەوەها هەزاران ئۆتۆمبێل، دار، باخ و باخچە بەهۆی ئاگرەکەوە سووتاون.
بەپێی راپۆرتێک، تائێستا زەوییە سووتاوەکانی ویلایەتی کالیفۆرنیا زیاترە لە ڕووبەری شاری پاریس و رووبەرێکی زۆر زەوی سووتاوە، چەندین بەربەست لەبەردەم کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا هەیە وەک خێرایی با، سەختی ناوچەکە و گەورەیی قەبارەی ئاگرەکە، ئەو کەسانەی ماڵەکانیان سووتاوە و ئەوانەشی نەسووتاوو، بەهۆی دۆخی ئەمنی ناوچەکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
هاوکاری مرۆیی بۆ زیانلێکەوتووانی ئاگرەکە، وەک جلوبەرگ و خۆراک و پێداویستییەکان لە چەندین ناوچە کۆدەکرێتەوە لەنێویاندا سەر شەقامەکان، لە کاتێکدا کە گافین نیوسۆم، پارێزگاری کالیفۆرنیا، هەوڵ دەدات لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان و ئیدارەی شارەکە، دانوستان بکات سەبارەت بە “پلانی مارشاڵ”ی نوێ (ئەو ناوەی بە بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی لۆس ئەنجلۆس داوە دوای ئاگرە کوشندەکان، بۆ ئامادەکاری بۆ ئۆڵۆمپیادی2028) و خاڵەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ زیانلێکەوتووان زۆر بەربڵاوبوون.
ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆماوەی شەش مانگی داهاتوو خواردن و خواردنەوە و شوێنی مانەوە بەو کەسانە دەدەن، کە ماڵیان نەماوە.
بونیادنانەوەی شاری لۆس ئەنجلۆس چەندی دەوێت؟
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی شاری لۆس ئەنجلۆس دوای ئەو زیانە گەورەیەی، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکەوە دروستبووە، پێویستی بە دەیان ملیار دۆلار هەیە.
بایدن ئاماژەی بەوەکرد، گەڕاندنەوەی لۆس ئەنجلۆس بۆ جاران دەیان ملیار دۆلاری تێدەچێت، لەکاتێکدا لۆس ئەنجلۆس کە گەورەترین شاری ویلایەتی کالیفۆرنیایە، خۆی بۆ شەپۆلێکی نوێی بای بەهێز ئامادەدەکات کە مەترسی تەشەنەسەندنی زیاتری ئەو ئاگرەی لێدەکرێت، کە تا ئێستا لانیکەم 24 کەسی کوشتووە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی شاری لۆس ئەنجلۆس ڕایگەیاند،” ئاگرەکە بەهۆی خێرایی باوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە و پێشبینی دەکرێت بەردەوامی هەبێت، هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری دوو هێندە زیادیان کردووە، هەروەها ئاگرکوژێنەوەکانی ئەمریکا لە هەشت وڵاتی دیکەوە پاڵپشتی وەردەگرن”.
تیمەکانی فریاگوزاری و ئاگرکوژێنەوەی حکومەتی خۆجێی ویلایەتەکە و حکومەتی فیدراڵیی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، کە بەردەوام لە تەشەنەسەندندایە، لەکاتێکدا تائێستا نزیکەی 160 کیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی سووتاندووە و نەتوانراوە ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکرێت.
بەپێی وتارێکی ماڵپەڕی AccuWeiser کە بڵاوکراوەتەوە، تێکڕای زیان و زیانە ئابوورییەکانی ئاگرکەوتنەوە و سووتانی باشووری کالیفۆرنیا بە 250 ملیار دۆلار بۆ 275 ملیار دۆلار مەزەندەکراوە.
جۆناسان پۆرتەر سەرۆکی کەشناسی لە AccuWeiser ئاشکرایکرد،” ئەمە یەکێکە لە خراپترین ئاگرکەوتنەوەکان لە مێژووی کالیفۆرنیادا، بەپێی ژمارەی ئەو باڵەخانانەی سوتاون و زیانە ئابوورییەکانی ئاگرەکە، ئەگەر ئاگرەکە بەردەوام بێت لە لەناوبردنی بینای زیاتر لە ڕۆژانی داهاتوودا، لەوانەیە ببێتە خراپترین ئاگر لە مێژووی هاوچەرخی ویلایەتەکەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، خەمڵاندنەکانی زیان و زیانە ئابورییەکانی ئاگرەکەی لۆس ئەنجلۆس، ژمارەی تۆمارکراوەکانی ئاگری دارستانەکانی ساڵی 2020 تێپەڕاندووە، کە یەکێک بوو لە چالاکترین ئاگرەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکەی لۆس ئەنجلۆس ڕایگەیاند،” ئەمە یەکێکە لە کارەساتبارترین ڕووداو لە مێژووی ئەمریکادا، بەرپرسانی کالیفۆرنیا لە هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کەوتووەتەوە لەشاری لۆس ئەنجلۆس کەمتەرخەمن و بەهۆی نەشارەزایی و بێ پلانی بەرپرسان نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆ بکرێت”، زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەشی بە بۆمبێکی ناوبردووە.
ویلایەتی کالیفۆرنیا و شاری لۆس ئەنجلۆس
کالیفۆرنیا، لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە بەیەکێک لە گەورەترین ویلایەتەکانی ئەمریکا دادەنرێت، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 39 ملیۆن کەسە، ڕووبەرەکەشی نزیکەی 423.97 کیلۆمەتر چوارگۆشە، ویلایەتەکە لەسەر ناوچەیەکی نێوان شاخ و زەریای هێمن درێژ بۆتەوە، لۆس ئەنجلۆس زیاتر لە 90 شاری دراوسێ و دوو دوورگەی لەخۆگرتووە، ئەو دوو دوورگەیە بریتین لە کەنتال و سانتا کاتالینە، شاری لۆس ئەنجلۆس لە سەرەتای سەدەی بیستدا دەرکەوت و بە خێرایی گەشەی کرد بوو بە یەکێک لە بەهێزترین شارە ئەمریکییەکان و لە جیهانیشدا ناوبانگێکی فراوانی هەیە.
لۆس ئەنجلۆس، یەکێکە لە شارە نوێ و پێشکەوتووەکان، لە 4/12/1840 بە فەرمی دان بە شارەکەدا نراوە، لەو کاتەدا تەنها 1100 کەس دانیشتووی شارەکە بوون، لە ساڵی 1850ـدا شارەکە بە فەرمی خرایە سەر ویلایەتی کالیفۆرنیا، لەگەڵ دۆزینەوەی ئاڵتون لە ناوچەکە و شوێنەکانی چواردەوری لۆس ئەنجلۆس، شارەکە دەستی بە گەورەبوون و پەرەسەندن کرد، تا بووە ناوەندی بازرگانی و فرۆشتن.
ژمارەی دانیشتوانی شارەکە بە شێوەیەکی بەرچاوو بەرزبووەوە، لەئێستادا نزیکەی 10 ملیۆن کەس لە شاری لۆس ئەنجلۆس دەژین و نرخی موڵک و باڵەخانەکانی لۆس ئەنجلۆس زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلارە.
بەشێوەیەکی گشتی، شاری لۆس ئەنجلۆس بۆ داهاتەکانی پشتی بە بازرگانی نێودەوڵەتی، زانستەکانی بۆشایی، گەشتیاری و هونەر بەستووە، فڕۆکەخانەی لۆس ئەنجلۆس پێنجەم قەڕەباڵغترین فڕۆکەخانەی جیهانە، داهاتی خۆجێی ساڵانەی شارەکە دەگاتە نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەم شێوەیەش سێهەم بەهێزترین پایتەختی ئابووری جیهانە.
شاری لۆس ئەنجلۆس، شوێنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهانە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، هەروەها لەبەر ئەوەی چەندین ناوچەی تایبەت و باخچەی تێدایە، یەکێکە لە گەشتیاریترین شارەکانی جیهان و شارەکە بارگەی سەرەکی هۆڵیوودە، کە ناوندی دروستکردنی فیلم و زنجیرە سینەماییە بەناوبانگەکانە.