پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس، نوێترین زانیارییەکان لەبارەی دۆخی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو، هەروەها بەفربارین لە سەنتەری شارەکان دەخاتەڕوو.
ئەمڕۆ شەممە18ی کانونی دووەم، محەمەد کەمال، شارەزای بواری کەشناسی لە لێدوانێکیدا بۆ پۆڵەتیک پرێس ڕایگەیاند،” لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە20ی کانونی دووەم، شەپۆلێکی باران بارینی پچڕ پچڕی لاواز بۆ مامناوەند ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە کۆتایی دێت”.
ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ شەپۆلەکەدا بایەکی سارد هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما پێنج بۆ شەش پلەی سیلیزی دادەبەزن، کە دەبێتە هۆی بەفربارین لە ناوچەشاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بەرزترین پلەکانی گەرما لە شاری سلێمانی و دەوروبەری 2 پلەی سیلیزی دەبێت و لە ناوچەشاخاوییەکان زیاتر دادەبەزێت، تا کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە، واتە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە پێشبینی بەفربارینێکی کەم لە ناوچەکانی، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شەقڵاوە، پێنجوێن، سلێمانی، قەرەداغ، سەنگاو، پیرمام، بازیان، پیرەمەگرون، رواندز و مێرگەسوور دەکرێت، بەفربارین لە سەنتەری شارەکان زۆر نییە لە سەنتەری شاری سلێمانی باران و بەفر بەتێکەڵی دەبارێت.
ڕوونیکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە پلەکانی گەرما لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم زیاتر دادەبەزن، بەشێوەیەک دەچێتە ژێر سفری سیلیزی و ئەگەری بەستن هەیە.