پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆککۆماری ئێران بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و بڕیارە لەماوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتنی هاوشانی رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژیی لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ بکەن.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی تاس-ی رووسی بڵاویکردەوە، سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەمەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیژییە لەنێوان مۆسکۆ و تاران بۆ پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان لەسەرجەم رووەکانی بەرگری، ووزە، گواستنەوە، پیشەسازی، کشتوکاڵ، رۆشنبیری، زانستی و تەکنەلۆجیا.
لەکاتی گەیشتنی بە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مۆسکۆ، سەرۆککۆماری ئێران لەلایەن وەزیری ووزەی رووسیا، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و بەرپرسی بەشی پرۆتۆکۆڵی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا پێشوازیی لێکرا.
بڕیارە لەماوەی سەردانەکەیدا، مەسعود پزیشکیان چاوی بە ڤلادیمیر پووتنی سەرۆکی رووسیا بکەوێت و رێککەوتنی ستیراتیژی لەنێوانیاندا واژۆ بکەن.
رووسیا لەگەڵ قوڵبوونەوەی جەنگی ئۆکرانیا و ناکۆکییەکانی لەگەڵ رۆژئاوا، هاوپەیمانی و پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا پتەوترکردووە کە بەجۆرێک لە جۆرەکان دژی سیاسەتی رۆژئاوا و ئەمریکان؛ لەو نێوەندەشدا مۆسکۆ لە ماوەکانی رابردوودا رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ کۆریای باکوور، چین و بیلارووس ئەنجامداوە.