ترس لە ترەمپ چین و هیندستان لەیەکتر نزیکدەکاتەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەرچەندە چین و هیندستان لە ساڵی ٢٠٠٩دا لەخوارچێوەی گروپی بریکس بوون بە هاوبەش، کە لەو کاتەوە وەک هاوپەیمانییەک سەیردەکرا ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی هەژموونی ئەمریکا و رۆژئاوا و بەدەستهێنانی فرەیی لە پێکهاتەی سیستەمی سیاسی و ئابووری جیهانیدا سەیردەکرا.

بەڵام نابێت ئەوە لەیاد بکەین ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکی توند لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە لەسەر کاریگەری لە باشووری ئاسیا، تا ئەو ڕادەیەی پرسی نزیکبوونەوە لەگەڵ چین یان هیندستان، گرنگترین هێڵەکانی کێبڕکێی سیاسی ناوخۆیی لە وڵاتانی ناوچەکەدا کێشاوە و کردوویەتی بە بابەتێک لە ڕاکێشان و جەمسەرگیری نێوان هەردوو وڵاتی گەورە و پڕۆژە سیاسی و ئەمنییەکانیان.

جگە لە ناکۆکییەکی سنووری کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەردەوام بووە، کە لە چەند کاتێکدا گەیشتە ئاستی پێکدادانی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات و بە درێژایی ئەو دەیان ساڵە هەمیشە مەترسی لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوان لە نێوانیاندا کردووە، بەڵام لەم دواییانەدا، هەردوو وڵات لە یەک کاتدا ڕێککەوتنێکیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکانیان ڕاگەیاند.

رەنگە هەنگاوی چین بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هیندستاندا بۆ دەستەبەرکردنی بازاڕێکی سەقامگیر و کراوەبێت بۆ کاڵاکانی لە ساڵانی دەسەڵاتی ترەمپدا

ئەم ڕێککەوتنە ماوەیەکی کەم پێش هاتنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی هات، کە بەڵێنی سەپاندنی باجی گەورەی تا رێژەی ٦٠% لەسەر هاوردەکردنی کاڵای چینی بۆ وڵاتەکەی داوە، ئەمەش هەڕەشەی شەڕێکی بازرگانی گەورەیە بۆسەر چین.

لەگەڵ ئەم شەڕە بازرگانییە چاوەڕوانکراوە، ڕەنگە هەنگاوی چین بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هیندستاندا بۆ دەستەبەرکردنی بازاڕێکی سەقامگیر و کراوەبێت بۆ کاڵاکانی لە ساڵانی دەسەڵاتی ترەمپدا، بەتایبەتی کە چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی هیندستانە.

ئەگەر ئەمە پاڵنەری سەرەکی چین بێت؛ کەواتە بۆچی هیندستانیش دەستپێشخەری کرد بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە لەم کاتەدا؟ بۆچی چاوەڕوانی هاتنی دۆناڵد ترەمپ نەبوو تا زیاتر پەتەکە لە ملی چین توندتربکاتەوە؟ تا ئەگەری پێدانی ئیمتیازاتی لەلایەن چینەوە زیاتر بێت، ئایا دەکرێت ڕێککەوتنەکە لە نزیکبوونەوەی سەرەتایی تێپەڕێت و لە داهاتوودا بگاتە قۆناغی زیاتری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان؟ گومانی تێدا نییە کە وەڵامی ئەم پرسیارانە گرنگییەکی زۆری دەبێت بۆ تێگەیشتن لەوەی ساڵانی داهاتوو ڕەنگە چی بەدوای خۆیدا بهێنێت لە ڕووی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی زلهێزەکانی جیهاندا.

درێژترین سنووری ناکۆکی لەسەر لە جیهاندا!

مانگی ئابی ٢٠٢٣ ساتێکی گرنگ بوو لە ڕەوتی ناکۆکی سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، چونکە چین وەشانی خۆی لە نەخشەی ستانداردی خۆی بۆ ساڵەکە بڵاوکردەوە، کە ناوچەی ئاکسای چین و ویلایەتی ئاروناچال پرادێشی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هیندستان لە ناو نەخشەکەدا دانابوو، ئەمەش وای لە هیندستان کرد بە توندی ناڕەزایی دەرببڕێت بەرامبەر ئەم هەنگاوەی چین.

ناکۆکی لەسەر ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٩، کاتێک چین پێشنیاری دامەزراندنی هێڵێکی سنووریی کرد وەک میکانیزمێکی کاتی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی سنووری نێوان هەردوو وڵات بەڵام دوای ٧ دەیە سنووری چین و هیندستان سنووردار نەکراوە، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی جیاوازی هەردوو وڵات لە دیاریکردنی شوێن و درێژییەکەی.

چین ٣٨ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی ناوچەی ئاکسای کۆنترۆڵ کردووە، کە هیندستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەشێکە لە پارێزگای لاداخی وڵاتەکەی، لە کاتێکدا چین پێداگری دەکات کە بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی چینی کۆن، چین هەروەها دەڵێت، 90 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی لە ئێستادا لە ویلایەتی ئاروناچال پرادێشی هیندستان بەشێکە لە تبت، ئەمەش درێژترین سنووری کێشە لەسەرە لە ئاستی جیهان.

ئەم ناکۆکییە سنوورییە، گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان هەردوو وڵات لە شەستەکاندا و لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە ناوچە سنوورییەکان لە ساڵانی ٢٠١٣، ٢٠١٤، ٢٠١٧، ٢٠٢١، ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢ دووبارە بووەوە، جددیترینیان لە هەرێمی لاداخ بوو لە ساڵی ٢٠٢٠، کاتێک پێکدادانەکان بوونە هۆی کوژرانی 20 هیندی و 4 چینی و بووە هۆی پاشەکشەی گەورە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، هیندستان ڕەوتی وەبەرهێنانی چینی سنووردار کرد، زیاتر لە ٢٥٠ هێمای بازرگانی کۆمپانیا چینییەکانی لە وڵاتەکەیدا قەدەغە کرد و باجێکی زۆری لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندییەکانی چین دانا و ڕۆژنامەنووسانی چینی دەرکرد، چینیش بە شێوەیەکی ماددی وەڵامی دایەوە و گەشتە ڕاستەوخۆکانی سەرنشینی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕاگرت.

بەستەڵەکی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات توانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەردوو وڵات لە ساڵی ١٩٨٨ ڕێککەوتبوون لەسەر دانوستان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکە و جیاکردنەوەی ئەو پرسە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان.

بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا شتێک گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە و لە ئەنجامدا بەستەڵەکی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات توانەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

جگە لەمەش؛ دیداری دۆستانەی دوو قۆڵی نێوان نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان و شی جینپینگ، سەرۆککۆماری چین، یەکەمین کۆبوونەوە بوو لە ماوەی پێنج ساڵدا، لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس لە ڕووسیا، دوو ڕۆژ دوای ڕێککەوتنەکە، مودی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئێکس ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان چین و هیندستان بۆ گەلی هەردوو وڵات و بۆ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی گرنگە و متمانەی یەکتر و ڕێزگرتنی یەکتریش ڕێنمایی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات.

هەروەها بەرپرسانی چینی بەخێرایی دەستیان کرد بە دەربڕینی هیوای خۆیان بەوەی کە رێککەوتنەکە بەخێرایی ئەو شتانە چاک بکاتەوە کە لە ساڵانی ڕابردوودا زیانیان پێگەیشتووە، گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکاتەوە، سنووردارکردنی ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی چینی کە گەشت دەکەن بۆ هیندستان سووککرا، قەدەغەکردنی هێماکانی بازرگانی چینی هەڵگیرا، پەیوەندییە کولتوورییەکان ئاسایی دەکرێنەوە.

هەرچۆنێک بێت؛ پێناچێت ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆی چارەسەری کۆتایی بۆ قەیرانی سنووری لەمێژینە بەڵکو زۆرترین شت کە دەتوانێت بیکات ئەوەیە کە ململانێکان چەند ساڵێک بۆ پێش سەرهەڵدانی قەیرانی ٢٠٢٠ بخاتە دواوە.

بۆ چین؛ پێدەچێت پاڵنەرەکانی پەلەکردن لە ڕێککەوتنێک تەواو تێبگەن، هەناردەی چین بۆ ئەمەریکا نزیکەی ١٥%ی کۆی هەناردەی چینی پێکدەهێنێت، بەپێی داتاکانی ساڵی ٢٠٢٣، بەگوێرەی یۆرۆنیوز لەگەڵ بەڵێنی سەپاندنی باج، داهاتی ئەو هەناردەکردنە مەترسیی وەستانی تەواوەتی لەسەرە، بۆیە پێدەچێت چین بۆ ئەم مەبەستە، هەوڵدەدات ململانێکانی لە پێشینەیی خۆی ئارام بکاتەوە تا بتوانێت خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا.

لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا؛ ئابووری چین کە تا ئێستاش بەدەست کاردانەوەکانی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنێت، لە دۆخێکدایە کە وای لێدەکات زۆر پێویستی بە بازاڕی نوێ و هەلی وەبەرهێنان هەبێت، چونکە ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ئاڵۆز و درێژخایەن دەبێتەوە، دیارترینیان خاوبوونەوەی ئاستی ئابووری وەک داڕمانی نرخی خانووبەرە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەمە جگە لە کێشەی سنووردارکردنی کاڵا چینییەکان لە ڕۆژئاوا.

سەبارەت بە هیندستان؛ پاڵنەرە ئەگەرییەکانی هەمەچەشنن، بەڵام زۆربەیان “لایەنە ئابوورییەکان”ن، لەگەڵ بێلایەنکردنی بەرەی چینی، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کاتی، دەرفەت دەدات بە هیندستان هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکانی، بەگوێرەی گۆڤاری “فێرین پۆلیسی”ی ئەمریکی؛ هیندستان زۆر پێویستی بە بەرهەمە چینییەکان هەیە وەک کانزا و پێکهاتەکانی دەرمان و ئامێر و کەرەستەی کارەبایی، بەو پێیەی چین گەورەترین سەرچاوەی کاڵای پیشەسازی و کەرەستەی خاوە بۆ هیندستان.

جگە لە ئابووری؛ هەروەها پێدەچێت سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە ڕووی سیاسییەوە وەک سەرکەوتنێکی مێژوویی کە سنوورە نیشتمانییەکان بپارێزێت و سەروەری هیندستان بەسەر ئەو زەوییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لێیان زەوت کرابوو، بڕەخسێنت، بە تایبەت کە مودی لەم دواییانەدا زۆرجار لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە تۆمەتبار کراوە، لە بەخشینی ئەو زەویانە بە چین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا