یاساکانی مۆرفی چییە؟

پۆڵەتیک پرێس

لەوانەیە یاسا چەمکێکی کۆن و ئاشنا بێت بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام یاسای مۆرفی، ناوی لە ئێدوارد مۆرفییەوە وەرگرتووە، کە ئەندازیار بوو لە بنکەی ئاسمانی ئێدواردز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1949، کاتێک ئەو ئەندازیارە لەسەر پرۆژەیەک کاری دەکرد بۆ پێوانەکردنی توانای جەستەی مرۆڤ بۆ کەمبوونەوەی خێرای لەناکاو، دوای ئەوەی یەکێک لە تەکنیککاران هەڵەیەکی لە پەیوەندییە کارەباییەکاندا کرد، مۆرفی پێی وت ” ئەگەر یەک رێگا بۆ تێکچوونی شتێک هەبێت ئەوا ئەو ڕێگایە دەدۆزیتەوە”.

لەوکاتەدا، بەڕێوەبەری پرۆژەکە گوێی لێبوو، ئەم دەستەواژەیە بوو بە یاسای مورفی لە نێوان کارمەنداندا، دواتر یەکێک لە کارمەندانی پرۆژەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەلامەتی پرۆژەکە یاسای مۆرفییە، دواتر ناسا و پیشەسازیی و بۆشایی ئاسمان پەیڕەویان کرد و هەر زوو ڕۆژنامە و گۆڤارەکان باسیان لێوە کرد و زۆرێک لە یاساکان یان یاساکانی تری هاوشێوەیان بۆ زیاد کرد کە بە درێژایی ساڵەکان پەرەی سەندووە و  هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە.

یاساکانی مۆرفی، لە ڕاستیدا یاسا نین بەڵکو بنەمان، کە ئاماژەن بۆ بێ بەختی مرۆڤ، کاتێک مرۆڤ لەنێوان دوو بژاردەدا دەمێنێتەوە و دەترسێت لەوەی کامیان خراپە ڕووبدات، بەپێی یاسای مۆرفی خراپترینەکە ڕوودەدات، کە دەلێت،” ئەگەر وادابنرێت کە چەند شتێک تێکبچێت، ئەوەیان تێکدەچێت کە زۆرترین زیانی هەبێت”.

یەکێکی دیکە لە یاساکانی مۆرفی ئاماژە بەوەدەکات، کە “هۆیەکانی گواستنەوە وەک (پاس ،فڕۆکە ،شەمەندەفەر ..هتد) درەنگتر لە کاتی خۆی دەست بە ڕۆیشتن دەکەن، بەڵام ئەگەر کاتێک تۆ درەنگ بگەیت، لەو کاتەدا هۆیەکانی گواستنەوە لە کاتی دیاریکراودا دەڕۆن”، ڕووداوەکانی گەشت زۆرجار ڕوودەدەن، هەندێک جار کاتێک گەشتیار دەگاتە فڕۆکەخانە و بۆی دەردەکەوێت کە گەشتەکەی دواکەوتووە یان هەڵوەشاوەتەوە دوای چەندین جار دڵنیابوونەوە لە گەشتەکەی.

مۆرفی دەڵێت،” هەرکاتێک کە بەرنامە دادەڕێژی بۆ ئەوەی کارێک ئەنجام بدەیت، ئەوکاتە شتێکی تر دێتە پێش”، بۆ نموونە کاتێک کارێکی گرنگ هەیە و دەتەوێت بچیت، لەوکاتەدا ئۆتۆمبێلەکەت تێکدەچێت، هەرچەندە هەموو چاکسازییەکت بۆ ئەنجام داوە و وا دەردەکەوێت کە هیچ کێشەیەکی نییە.

مۆرفی لە یاسایەکدا دەڵێت،” لە سەدا هەشتای تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لەو وانەیە دێتەوە کە تۆ تێیدا بەشدارنەبوویت”، ئەمەش ئەو کێشەیەیە کە ڕووبەڕووی بەشێکی زۆر لە خوێندکاران دەبێتەوە، زۆرجار تاقیکردنەوەکان لەو بابەتانەدان کە ئامادەنەبوون یان نەیانخوێندووە.

هەندێک لە یاساکانی دیکەی مۆرفی

-هیچ شتێک بەو ئاسـانییە نییە کە دیارە.

– هەر شتێک کاتی زۆر لەوە زیاتر دەوێت کە تۆ پێشبینی دەکەیت.

-هەرکاتێک شتێکت لە دەست دەکەوێت دەکەوێتە دوورترین شوێن کە دەستت نەیگاتێ.

-هەمیشە کاتێک بەدوای شتێک دەگەڕێی شتەکە لەدوایین شوێنە کە بەدواییدا دەگەڕێیت.

-لەکاتێکدا کە شانسی دروست بۆ بەرەوپێشچوونی کارێک %50بێت، ئەگەری ئەوەی کارەکە بە هەڵە بەرەوپێشبچێت لە %90ە.

-هەرکەسێک دەتوانێت بڕوانامەی کۆلێژ وەربگرێت، بەڵام ناتوانێت ببێتە خاوەن مێشک.

-ئەگەر ماف لەگەڵ تۆدا بێت، هیچ کەسێک بە قسەی تۆ باوەڕ ناکات.

-کاری هەرەوەز هەمیشە گرنگە چونکە شانس بە ئێوە دەدات کە لەکاتی دەرکەوتنی کێشەیەک کەسێکی تر تووش بکەن.

-کەسانێک کە دەتوانن باشترین ئامۆژگاریت بکەن ،ئامۆژگاریت ناکەن.

– دۆستانتان دێن و دەڕۆن ،بەڵام دوژمنانتان هەر لەسەریەک کۆدەبنەوە. -هەرکاتێک بەدرۆ بە بەڕێوەبەری کارەکەت بڵێی لەبەر پەنچەربوونی تایەی ئۆتۆمۆبێلەکەم دواکەوتم، ئەوا بۆ بەیانی ئۆتۆمۆبێلەکەت بەڕاستی پەنچەردەبێت.

– هیچ کاتیک هیچ شتێک باشتر نابێت.

یاسای مۆرفی لەوانەیە بەسەر هەندێک بارودۆخی ژیانتدا جێبەجێبکرێت، بەڵام پێویست ناکات بە شێوەیەکی نەرێنی بیر لە هەموو بارودۆخێک بکەیتەوە، چونکە بیرکردنەوەی نەرێنی بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر هەوڵەکانت دەبێت بۆ هەر ئەرک یان بارودۆخێک، لە ڕوویەکی دیکەوە ئەم یاسایانە یارمەتی خەڵک دەدات کارەکان بە شێوەیەکی باشتر و پۆزەتیڤ ئەنجام بدەن، ئەوەش بەندە بە چۆنیەتی بەکارهێنانی یاسای مۆرفی لە بارودۆخی ڕۆژانەدا، ئەنجامەکان لەوانەیە ئەرێنی یان نەرێنی بێت، بەڵام هەمووی بەندە بە تێڕوانین، بیرۆکە و هەوڵەکانت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا