نەوت لەسەروو 82 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ هۆکارەکەی چییە؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نرخی نەوت بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد، ئەمەش پاش بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا کە دەرکەوت نەوت لە ئەمبارەکانی ئەو وڵاتەدا دابەزیووە. بەشێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەمڕۆدا لە نیگەرانییەکان لەبارەی دابینکردنی نەوت بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر جوڵەی بازرگانیی ووزە لە رووسیا سەرچاوەی گرتووە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، نرخی نەوتی خاوی برێنت 30 سەنت بەرزبووەوە، و هەر بەرمیلێکی بە 82 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش 32 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 80 دۆلار و 36 سەنت.

نرخی هەردوو جۆری نەوت لە رۆژی چوارشەممەدا زیاتر لە %3 بەرزبوونەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆیان لەوەتەی مانگی 7ی ساڵی رابردووەوە.

لەهەمان کاتدا هەر دوێنێ چوارشەممە، فەرمانگەی راگەیاندنی وزەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە هەفتەی رابردوودا بۆ حەوتەمین جار لەسەریەک کۆی قەبارەی نەوتی خاو لە ناوخۆدا دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، کە لە مانگی 7ـی ساڵی 2021ەوە ئەمە یەکەم جارە ئەو ماوە درێژە کۆگاکانی ئەمریکا بەردەوامی دابێت بە دابەزینی قەبارەی نەوتی پاشەکەوتکراو.

شایەنی باسکردنە، ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتیی رۆژی چوارشەممە لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بازاڕە داراییەکانی نەوت، رایگەیاندووە، دوایین خولی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر کەرتی ووزەی رووسیا رەنگە بەشێوەیەکی بەرچاو دابینکردن و هەناردەکردنی نەوتی رووسیا پەک بخات.

پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا دابینکردنی نەوتی خاو لە جیهاندا کەم ببێتەوە، چونکە سزا نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر بەرهەمهێنەرانی نەوت و تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوتی رووسیا لە جیهان وایکردووە کڕیارە سەرەکییەکانی مۆسکۆ بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەی دابینکەری نەوتی خاودا بگەڕێن ئەمە جگە لەوەی کە سزاکان وایکردووە تێچووی گواستنەویە نەوت بەرزببێتەوە، کە دواجار نرخی ئەو کاڵا ستراتیژییە زیاد دەکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا