مرۆڤ بۆ دەبێت بە نووسەر؟

”ئەو پرسیارەی حەزدەکەم ھەر لەم سەرەتاییەدا بیکەم و ڕاستەوخۆش وەڵامیبدەمەوە پرسیاری ئەوەیە من بۆ دەنووسم؟ بۆ دەمەوێت وەک نووسەرێک بژیم؟“

 

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەمەوێت ھێما بۆ وەڵامی دوو نووسەری دیکە بکەم کە من ڕێزێکی تایبەتم بۆ نووسین و شێوازی بیکردنەوەیان ھەیە و لەزیاد لە نووسین و لێکۆڵینەوەیەکیشدا سوودم ھەم لە ھەندێک لە بیر و ڕا و بۆچوونەکانیان وەرگرتوە، ھەم لەو شێوازی بیکردنەوە و ڕوانیانەی ئەوان بۆ دونیا و ئینسان و کۆمەڵگا و نووسین ھەیانبووە، مەبەستم لەو دوو نووسەرەش فەیەلسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ و نووسەری بریتانی جۆرج ئۆرویلە.“

 

”میشێل فۆکۆ یەکێکە لەو نووسەرانەی زۆرجار باسی ئەوەی کردوە بۆ دەنووسێت. وەڵامی سەرەکیشی بەم پرسیارە ئەوەبووە نووسین بەر لەھەمووشتێک ھۆکار یان ئامرازێکی گرنگە بۆ دروستکردن و گۆڕینی خودی خۆی، بۆ داھێنانی شوناسی نوێ بۆ خۆی و بۆ بوون بە ئینسان و کەسێکی تازە و جیاواز لەوەی کە ھەیە. بەبۆچوونی فۆکۆ نووسەر لەڕێگای نووسینەوە بەر لەھەمووشتێک خۆی دەگۆڕێت، خۆی دەکات بەکەسێک جیاواز لەوەی کە کۆمەڵگا و دین و ئایدیۆلۆژیا و دەزگا و ئەخلاق و بۆچوونە باڵادەستەکان چاوەڕواندەکەن کە ھەبێت.“ ”ئەرکی نووسین لای ئەم فەیلەسوفە ئەرکی دروستکرنی شوناسێکی پڕجوڵە و ناجێگیر و کراوەیە بۆ خودی نووسەرەکە خۆی، شوناسێک لەسەر ئازادی و ویست و ئارەزووی ئینسان بۆ گۆڕان دروستبووبێت، نەک کۆپی یان دووبارەکردنەوە و سەلماندنی ئەو شوناسانەبێت کە لەدەرەوەڕا بەسەریدادەسەپێنرێت. فۆکۆ ئەم ئەرکی خۆدروستکردنە لەڕێگای نووسینەوە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و ئیستاتیکی و سیاسی دەبینێت، چونکە لە بنەڕەتدا ھەوڵدانە بۆداھێنانی خودێک لەدەرەوەی جەبر و فشارەکانی دەسەڵاتدا، ئیدی لە دەسەڵاتی دینی و سیاسییەوە بیگرە، بۆ دەسەڵاتی ئەخلاق و بەھا و ئیستاتیکای باڵادەست.“

 

”بەبۆچوونی فۆکۆ یەکێک لە ئەرکە ھەرەسەرەکییەکانی نووسین ئەوەیە کە نووسەرەکە بکات بە ئینسانێکی تر، بە ئینسانێکی تازە، ئینسانێک خۆی لەسەر خۆی کاریکردبێت و خۆی خۆی داھێنابێت.“ ”بە کورتی دەمەوێت لەگەڵ فۆکۆدا پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دابگرم کە نووسینی ھەر کتێبێک ڕەھەندێکی شەخسی ھەیە کە پەیوەندی بەکارکردنی نووسەرەکەوە لەسەر خودی خۆییەوە ھەیە، پەیوەندی بەداڕشتنی شوناسی خۆی و بەبەخشینی ماناوە ھەیە بە ژیانی خۆی وەک ئینسان. بەڵام ھاوکات دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەمە ھەموو ھۆکارەکانی نووسین نییە، لای میشێل فۆکۆ خۆشی ئەمە تاقە پاڵنەرێکی نووسین نەبووە و نییە. نووسین ھەمیشە ڕەھەندێکی گشتیشی ھەیە کە لەخەمی تێکەڵبوونەوە بە دونیا و بە کۆمەڵگا و بە پرۆسە مێژووییەکانەوە لەدایکدەبێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ڕەھەندەی نووسین دەمەوێت چەند سەرنجێکی کورت لەھەندێک لە بۆچوونەکانی نووسەری بریتانی جۆرج ئۆرویل بدەم لەسەر ئەم بابەتە. ئۆرویل لە کتێبێکی بچووکدا کە لە ساڵی… بەناونیشانی ”من بۆ ئەنووسم“ باس لەم بابەتە دەکات و بەوردی ڕەھەندە جیاوزەکانی نیشانئەدات. “

 

”ئۆرویل لەو کتێبەدا باس لە بوونی چوار پاڵنەری سەرەکی دەکات کە پاڵ بە نووسەرەوە دەنێن بۆ نووسین. ئەو پاڵنەرانەش بریتین لە خۆخۆشویستن یان ئەنانیەت، حەماسەتی ئیستاتیکی، پاڵنەری مێژوویی و مەبەستی سیاسی. من دەمەوێت لێرەدا تەنھا لەسەر پاڵنەری چوارەمیان بوەستم کە ”مەبەستی سیاسی“یە، چونکە پێموایە لەپشتی نووسینی کتێبی دەسەڵات و جیاوازی و لەپشتی بەشێکی زۆری نووسینەکانی تریشمەوە ئەو ”مەبەستە سیاسی“یە ئامادەیە کە ئۆرویل باسیدەکات. بەڵام ئەوەی دەبێت لای خوێنەر ئاشکرابێت ئەوەیە کە ئۆرویل ئەو مەبەستە سیاسییە بەمانا ڕۆژانەییەکی سیاسەت باسناکات، واتە باس لە بەرگریکردن لەم سیاسی یان لەویتر، لەم پارتی سیاسی یان ئەویتریان ناکات، بەڵکو باس لە ئارەزو و حەز و ویستی گۆڕانی دونیا دەکات. باس لە سیاسەت دەکات وەک یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی گۆڕانی دونیا بەرەو باشتر. ئۆرویل سیاسەت وەک ھێزێکی سەرەکی بۆ گۆڕان و تازەکردنەوەی دونیا دەبینێت. ئۆرویل سیاسەت وەک: ”ئارەزووی پاڵنان بە دونیاوە بۆ گۆڕان بە ئاراستەیەکی دیاریکراو“ دەبینێت، ھاوکات سیاسەت دەبەستێتەوە بە ھەوڵدان بۆ ”گۆڕینی بیرو بۆچوونی خەڵک بەرامبەر بەو کۆمەڵگایەی پێویستە خەبات بۆدروستکردنی بکەن“ (Orwell 2004: 5). ھەر لەم ئاستە سیاسییەدا ئۆرویل دەڵێت ئەو بۆیە دەنووسێت ”چونکە ھە میشە ھەندێک درۆ ھەن کە دەبێت ئاشکرابکرێن و ھەندێک ڕاستی ھەن کە دەبێت گرنگیان پێبدرێت“ (Orwell 2004: 8). بە کورتی ئۆرویل لەپاڵ ئەو مەبەستە شەخسییەی فۆکۆ بە کردەی نووسینی ئەدات، مەبەستێکی دەستەجەمعی و کۆمەڵایەتی بە نووسین ئەدات، کە خۆی لە ویست و ئارەزووی بەرپاکردنی گۆڕانکاری لە دونیادا بەرجەستەدەکات، گۆڕان بەئاراستەی دونیایەکی ئینسانتر و ھێمنتر و کراوەتر.“

 

”لەھێنانەوەی بۆچوونەکانی فۆکۆ و ئۆرویلدا سەبارەت بە نووسین دەمەوێت ئەو ڕاستییە بە خوێنەر بڵێم کە لەپشتی سەرجەمی نووسینەکانی منەوە ھەم ئەو مەبەستە فۆکۆییە و ھەم ئەم مەبەستە ئۆرویلییە بە خەستی ئامادەن، نووسین بۆ من ھەوڵدانێکی بەردەوام و بێوەستانە ھەم بۆ دەسکاریکردنی خودی خۆم و داڕشتنەوەیە بەشێوەیەکی نوێ، ھەم بۆ دەسکاریکردنی ئەو دونیایەی تیایدادەژیم، دونیایەک بە دونیای خۆمی دەزانم و بەلامەوە گرنگە بەشداربم لە داڕشتنی چوارچێوە و گوتار و خەون و چاوەڕوانییەکانیدا. بەم مانایە کتێبی دەسەڵات و جیاوازی کتێبێکە بۆ ھەردوو مەبەستەکە نووسراوە.“

 

لە پێشەکی چاپی سێھەمی کتێبی ”دەسەڵات و جیاوازیی“ەوە لە ساڵی٢٠١٢ . چاپی یەکەمی ئەم کتێبە ڵە ساڵی ١٩٩٩ دا بوو.

 

مەریوان قانع

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا