پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئیسرائیل و حەماس لە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست نزیکن و بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ئاگربەستەکە سێ قۆناغ دەبێت، بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا حەماس 33 بارمتە ئازاد بکات، لە بەرامبەردا سەدان گیراوی فەلەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 میدیای ئەمریکا رەشنووسی رێککەوتنی ئاگربەستی بۆ جەنگی غەززە بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی ئامادە کراوە و ئەگەر هەردوولا واژۆی لەسەر بکەن، ئاگربەست رادەگەیەندرێت.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئاگربەستەکە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی جۆ بایدنە کە لە کۆتایی مانگی ئایاری پار بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرا.
بەگوێرەی رەشنووسی پێشنیازەکە، ئاگربەستەکە سێ قۆناغ دەبێت؛ لە یەکەم قۆناغدا ئاگربەست بۆ 42 رۆژ بەردەوام دەبێت، لەو ماوەیەدا حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات، کە لە ناویاندا پێنج ژنە سەربازی ئیسرائیلی هەن، لە بەرامبەردا سەدان گیراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.
لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج ژنە سەربازەکە، ئیسرائیل 50 گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، کە 30 کەسیان لە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستیندا بەرپرسن و سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.
هەر لە قۆناغی یەکەمدا بڕیارە سوپای ئیسرائیل لە ناوچە مەدەنییەکانی کەرتی غەززە بکشێتەوە و فەلەستینییەکانیش رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.
لەو 42 رۆژەدا هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێن و بڕیارە هەر رۆژێک 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بچێتە ناو غەززە.
لە رەشنووسی پێشنیازەکەدا هاتووە، لە قۆناغی دووەمدا تەواوی بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا سەدان گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن، حەماسیش جەخت لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکاتەوە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا بەم داوایەی حەماس رازی نییە.
هەربۆیە هێشتا لایەنەکان لەسەر قۆناغی دووەمی پێشنیازی ئاگربەستەکە رێکنەکەوتوون و بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا قسەی زیاتری لەسەر بکەن.
قۆناغی سێیەم و کۆتایی ئاگربەستەکەش بریتییە لە رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان، لە بەرامبەردا پلانێکی 3 بۆ 5 ساڵەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
جەنگی غەززە زیاتر لە 15 مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 46 هەزار کەس کە 70%یان ژن و منداڵ بوون، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینییش لە کەرتەکە ئاوارە بوون.
ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 17 هەزار چەکداری حەماسی لەو جەنگەدا کوشتووە و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل کوژرانی 407 سەربازی لەنێو غەززە راگەیاندووە.