پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بریاردەری رەوتی هەڵوێست دەڵێت، وەزیری تەندرووستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ”پیاوێکی ناڕاستگۆیە” و ”دزی لە داهاتی گشتی” دەکات، لەبارەی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە دەڵێت، “سەد لە سەد مووچەکە نادرێت.”
عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد، “وەزارەتی تەندرووستی گرێبەستێکی دیکەی 10 ساڵەی کردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکات ملیارەها دیناری دەستبکەوێت.”
روونیکردەوە، “کۆمپانیاکە بەناوی پشکنینینەوە بۆ ئەو کاڵایانەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن یاخود لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە هاوردە دەکرێن، بڕێک پارە وەردەگرێت کە %70 بۆ کۆمپانیاکەیە و سەدا30ـی بۆ حکومەتە.”
ئاشکراشیدەکات، “ئەو کۆمپانیایە بۆ کارەکانی خۆی تاقیگەکانی وەزارەتی تەندرووستی بەکاردەهێنێت و کارمەندەکانی وەزارەتی تەندرووستی نموونەکان وەردەگرن و ئەنجامەکەی دەدەنەوە بە کۆمپانیاکە، کەواتە حکومەت خۆی بۆ نایکات؟ بۆ ئەوەی ملیارەها دینار بۆ کۆمپانیاکە بێت.”
عەلی حەمە ساڵح لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “کۆمپانیاکە لەبەرامبەر وەرگرتنی گرێبەستەکەدا داوای کڕینی سێ ئۆتۆمبێلی فۆرچنەری لێکراوە کە ئەوەندە بە پەلە نوسیویانە مۆدێلەکەیان دیارینەکردووە.”
“وەزیری تەندرووستی دزی لە داهاتی گشتی دەکات”
لە ماوەکانی رابردوودا وەزارەتی تەندرووستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی 10 ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ئەنجامدابوو بۆ رادەستکردنی تاقیگە حکومییەکانی کەرتی تەندرووستی بەو کۆمپانیایە. پێدانی ئەو تاقیگانە بە کەرتی تایبەت نرخی تەواوی پشکنینە پزیشکییەکان چەند قات زیاد دەکات و وەزیری تەندرووستی حکومەتی هەرێمیش رایگەیاندبوو کە بڕیارەکە ”بارگرانی لەسەرشانی هاووڵاتییان درووست ناکات.”
عەلی حەمە ساڵح لەو بارەیەوە ئەوەشی گوت، “وەزیری تەندرووستی ئاگاداری ئەم گرێبەستانەیە، ئەو پیاوێکی ناڕاستگۆیە و دزی لە داهاتی گشتی دەکات، پشکنینێک لە 25 هەزارەوە بکەیت بە 630 هەزار بۆ ئەوەی کۆمپانیایەکی دەسەڵاتدار بکەیت بە ملیاردلێر بەمانای کەلیمە دزییە.”
“مووچەی مانگی 12 سەد لە سەد نادرێت”
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستی نیشتیمانی لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگی 12 رایگەیاند، “حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەغدای وتووە ئامادە نییە یەک دینار بۆ مووچەی مانگی 12 خەرج بکات، عێراقیش ساڵی دارایی 2024ی داخستوو، راستییەکەی ئەگەر حکومەتی هەرێم بە پێودانگی 2024 کار بکات نیگەرانی بۆ مووچەی 2025 هەیە.”