پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەردانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەو حزبەوە پێشوازییان لێکرا.
پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس لە شاری هەولێر گواستییەوە، “سەردانەکەی یەکگرتوو بۆ لای یەکێتی لە هەولێر حزبییە و بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەیانە. بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.”
بەگوێرەی پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس، شاندەکەی یەکگرتوو پێکهاتبوون لە هەریەکە لە غازی عەلی، هادی عەلی، محەمەد هاودیانی و سەڵاحەدین بابەکر و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە.
پاش کۆتاییهاتنی پشووەکانی سەری ساڵ، گەڕێکی دیکەی دانوستان و گفتوگۆی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لایەنەکان سەردانی یەکتر دەکەن و لە نیاز و خواستی یەکتر بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەت دەپرسنەوە.
تا دێت داخوازییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان زۆرتر دەبن، لەو نێوەندەشدا لە ماوەکانی رابردوودا ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ یەکێتی و پارتی کۆبووەوە و پێی راگەیاندبوون کە دەبێت بە زوترین کات حکومەتێکی بنکەفراوان پێکهبهێندرێت.