پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزارەتی داریی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە ناردنی داهاتی نانەوتیی، بەڵام ئەوان پارەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا و ئەوان بەرپرسیارێتیی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، لە ئەستۆ ناگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵیی بۆ مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا پابەندیی تەواوەتی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بوودجەی گشتیی سێ ساڵەی فیدراڵیی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ناردنی داهاتیی نانەوتی نەبووە، بەڵام حکومەتی عێراق بەردەوام بووە لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند، “پارەى مووچەی خانەنشینان، پاراستنى کۆمەڵایەتى، فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازیمان بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان ناردووە، سەرەڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە ناردنى داهاتى نانەوتى بە پێچەوانەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى کە بەگوێرەی تەرازووى پێداچوونەوەى داهات و خەرجی، داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستان چوار تریلیۆن و 350 ملیار دینار بووە لە ساڵی 2024دا”.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، “بەپێی ئەو رێکارانەی لە یەکەکانی خەرجکردنی داراییدا پەیڕەو دەکرێن، وەزارەتی دارایی فیدراڵی مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە، کە لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم ئەرکی ئەوە بووە مووچەکە بەسەر فەرمانبەرانیدا دابەش دەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە دابەشکردنی مووچە بەسەر فەرمانبەراندا مانگانە لەکاتی خۆیدا.”
ئەوەش هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق بەرپرسیارێتیی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆناگرێت، و هۆکاری دواکەوتنەکەشی بۆ ”پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان” گەڕاندووەتەوە.