پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دووکانێکی مریشکفرۆشی لە شاری سلێمانی بە نرخی خوار بازاڕ مریشک بە هاووڵاتییان دەفرۆشێت.
دانەر، مریشکفرۆش لە سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە پۆڵەتیک پرێسی وت، نرخی مریشک لە دووکانەکەی ئەوان بەراورد بە شوێنانی دیکە هەرزانترە و ئەوان کیلۆی دەدەن بە 2 هەزار و 50 دینار.
لەبارەی هۆکاری هەرزانیی نرخی مریشک بەراورد بە شوێنەکانی دیکە ئەو دووکاندارە رایگەیاند، “ئێمە خۆمان لە کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەرییەکانەوە مریشکەکە دەهێنین و کرێی گواستنەوە و جوملەچی نادەین، هەر بۆیە 400 بۆ 500 دینارمان کەمترە لەچاو بازاڕدا.”
دەشڵێت، لە دووکانەکەیاندا زیاتر لە 25 کەس کاردەکەن و لە 5ـی بەیانییەوە تاکو 12ـی شەو سەربڕینیان هەیە. هەروەها گەیاندیان بۆ هەموو شاری سلێمانی هەیە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە لە ناوخۆدا 146 هەزار تۆنە و ئەوەی لە پێداویستیی ناوخۆ زیاد دەبێت، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.