پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەڵێت نایانەوێت لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان هەڵەکانی داهاتوو دووبارە بکرێنەوە و دەبێت دادپەروەرانە و دوور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات. جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە ئەوان ”ناکۆکی و لێکترازان” رەتدەکەنەوە و ئامانجیان ”ئاشتی و پێکەوەژیانە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی کرد لە ئەلبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و لە دیدارێکدا دۆخشی گشتیی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموولایەک کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ئاوەدانی لە ناوچەکە بکەن. دەبێت لە سووریای نوێدا مافی هەموولایەک بەتایبەت گەلی کورد پارێزراوبێت و هاوبەشێکی راستەقینەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی نوێوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، هەڵوێستی ئێمە لەبارەی حکومەتی نوێوە روونە و نامانەوێت جارێکیتر هەڵەکانی رابردوو دووبارەبکرێنەوە، دەبێت حکومەتی داهاتوو دادپەروەرانە و دوور لە هەموو بیرکردنەوەیەکی حزبی کار بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و خزمەتیان بکات. ئێمە ناکۆکی و لێکترازان بەهەمووشێوەیەک رەتدەکەینەوە و ئامانجمان ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵام بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵک و وەڵامدانەوەی داواکارییە رەواکانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین. بۆیە هیوادارین هەموولایەنەکانیتریش بەم نییەتەوە هەنگاوبنێن و پێکەوە هەرێمەکان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بکەین.
لەبارەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەوە سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە پشتیوانی و هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و رایگەیاند، یەکخستنەوەی پێشمەرگە پرۆسەیەکی نیشتمانی و چارەنووسسازە، هیوادارین ئاستەنگە حزبییەکان نەبنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکە و هەموومان هێزێکی تۆکمە بۆ کوردستانەکەمان بونیادبنێین.