پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە رووخانی بەنداوی تشرین دەدات و پەیامێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و داوا دەکات، گوشار بخەنە سەر تورکیا بۆ راگرتنی هێرشی سوپای نیشتمانیی سووریا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە رۆژی شەممە 11-1-2025، بڵاویکردووەتەوە، ئەو هێرشانەی سوپای نیشتمانیی سووریا و هێزەکانی تورکیا دەیانکەن “مەترسیان بۆسەر سەلامەتی بەنداوی تشرین زیاد کردووە”.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هۆشداری لە رووخانی بەنداوەکە دەدات و دەڵێت، شتێکی لەو جۆرە هەڕەشەی راستەوخۆ بۆسەر گیانی هەزاران کەسی سڤیلی ناوچەکە دروست دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە، هەر هێرشێک بۆ سەر بەنداوەکە یان رووخانی کارەساتی لێدەکەوێتەوە، لافاوێکی گەورە دروست دەکات و زیانی گەورەی مرۆیی دەبێت و ژێرخانەکەی وێران دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای دەستوەردانی دەستبەجێ دەکات و پێی وایە پێویستە گوشار بخرێتە سەر تورکیا بۆ راگرتنی هێرشەکان؛ داوای راگەیاندنی ئاگربەست لە تەواوی سووریاش دەکات.
بەنداوی تشرین دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری منبج و توانای گلدانەوەی 1.9 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەنداوەکە سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە.