پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
تورکیا وێستگەیەکی کارەبای لە دەوروبەری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆردوومانکرد و ژمارەی هێرشە ئاسمانییەکانی لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتنە 23 هێرشی ئاسمانی، لە ئەنجامدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیلن.
روانگەی سووری بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لە شارۆچکەی دێرکی پارێزگای حەسەکە بۆردوومانکردووە.
هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندی خان جەبەل لە دەوروبەری شارۆچکەی دێرک بۆردوومانکردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
روانگەی سووری ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەی تورکیا لە شارەدێی ئەبوراسین لە سنووری حەسەکە، کۆگایەکی ئاوی بۆردوومانکردووە، بەبێ ئەوەی زانیاریی لەسەر زیانەکانی هەبێت.
ئەوە جگەلەوەی فڕۆکە جەنگی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بە بەردەوامی دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق لە دەوروبەری منبج بۆردووماندەکەن و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەش لەنێوان هەسەدە و چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بەردەوامە.
روانگەکە ئاشکراشیکردووە، لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا 23 جار ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بۆردوومانکردووە و لە ئەنجامدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش برینداربوون کە زۆرینەیان خەڵکی سڤیلن.