پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ جۆزێف عەون، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی لووبنان دووپاتکردەوە، هاوکات راشیگەیاند کە بەم زووانە سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەمڕۆ هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆشکی ئیلیزێ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ جۆزێف عەون ئەنجامداوە و تێیدا بەڵێنی بە سەرۆکی لووبنان داوە کە بەم نزیکانە سەردانی وڵاتەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەی کۆشکی ئیلیزێدا هاتووە، “سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە پاریس پاڵپشتی هەوڵەکانی سەرۆک عەون دەکات بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای یەکخستنی لووبنانییەکان و دابینکردنی خواست و پێداویستییەکانی هەبێت.”
جەختدەکاتەوە، پێویستە “جێبەجێکردنی چاکسازیی پێویست بۆ بەدیهێنانی بوژانەوەی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی سەقامگیری، ئاسایش، و سەروەری نیشتمانی بۆ لووبنان لە ئەولەوییەتی کارەکانی ئەو حکومەتە بێت.”
رۆژی پێنجشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2025، جۆزێف عەون، فەرماندەی باڵای سەربازیی سووپای لوبنان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، بووە چواردەمین سەرۆککۆماری لووبنان.