ڤایرۆسێکی هاوشێوەی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەتەوە هەڕەشەی سڕینەوەی مرۆڤایەتی دەکات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

جارێکی دیکە وەک هەموو ڤایرۆسێک، کە لەجیهاندا بڵاودەبێتەوە و ترسی و دڵەراوکێ دروست دەکات، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی نوێ لە چین بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لەجیهاندا و ترسی دووبارەبوونەوەی چیرۆکێکی هاوشێوەی کۆڤید 19ی لێکەوتووەتەوە.

بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی هەوکردنی سییەکان لە چین  HMPV،  ترس و دڵەڕاوکێی زۆر جیهانی گرتووەتەوە، کە بووەتە هۆی قەرەباڵغی نەخۆشخانەکان و گرتنەبەری رێکارەکانی فریاگوزاری لە جیهاندا، لەکاتێکدا مرۆڤایەتی ئەو دۆخە لەبیرناکات، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە کۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای 2020 جیهانی گرتەوە و چەندین مانگ بەردەوام بوو، لەئەنجامدا ملیۆنەها مرۆڤی گۆشەگیری کرد و بووە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەجیهاندا  و کاریگەری تەندروستی و ئابووری و دەروونی لەسەر هەموو جیهان هەبوو.

ترسێکی دیکەی جیهانی

ڤایرۆسی هەوکردنی سییەکانی مرۆڤ HMPV یان “میتانیمو ڤایرۆس” دوای پێنج ساڵ لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڤید19، لە شاری ووهان لە چین بڵاوبووەوە و ئەم هەواڵە ترسێکی جیهانی دروستکردووە، بەشێوەیەکی گشتی هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەهەموو جیهاندا دەست بە دەمامک بەستن کراوە، بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان ڤایرۆسەکە لە چینەوە نەهاتووە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2001دا  لە ئەوروپا دۆزرایەوە و سەلمێندرا، کە ڤایرۆسێکە تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت و دووەم هۆکاری بەربڵاوی هەوکردنی سییەکانە لە منداڵاندا.

جیاوازی نێوان کۆڤید19 و  HMPV

بەپێی پزیشکەکان، جیاوازی نێوان COVID-19 و HMPV ئەوەیە، کە ئەم ڤایرۆسە نزیکەی 25 ساڵە ناسراوە و ئێستا لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، نەخۆشییەکی وەرزییە بەگشتی لە وەرزی زستان و سەرەتای بەهاردا دەردەکەوێت و ماوەی مانەوەی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا لەنێوان سێ بۆ شەش ڕۆژ دەبێت.

ڤایرۆسی هەوکردنی سییەکانی مرۆڤ (HMPV) ، هەموو تەمەنەکان دەگرێتەوە، بەڵام مەترسییەکی گەورە لەسەر منداڵان، بەساڵاچووان، ئەو کەسانی سیستەمی بەرگرییان لاوازە و ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنی هەناسەدانیان هەیە وەک تەنگەنەفەسی دروست دەکات.

لەکاتێکدا نیشانە باوەکانی کۆڤید19 بریتیین لە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، بێ هێزی جەستە، کۆکەی وشک، ئازاری جەستە، سەرئێشە، ئازاری گەروو، سکچوون، لەدەستدانی تام و بۆن، لە حاڵەتی قورسدا کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی هەوکردنی سییەکان

لە بەشێکی زۆری حاڵەتەکاندا، هەوکردنەکە نیشانەی سووکی وەک هەڵامەتی هەیە وەک،  ئاوی لووت، کۆکە، قوڕگ ئێشە و تا، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسی زیاتریان لەسەرە، ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆی هەوکردنی بەشی خوارەوە یان سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەدان، وەک هەوکردنی سییەکان و بۆرییەکانی هەناسە، کە لەوانەیە کەسانی توشبوو پێویستیان بە نەخۆشخانە هەبێت.

زانیاری دەربارەی ڤایرۆسەکە و شێوازی چارەسەرکردنی

هیچ چارەسەرێکی تایبەت بۆ ڤایرۆسی هەوکردنی سییەکانی مرۆڤ (HMPV) نییە، تەنها چارەسەرەی سەرەکی پشت بە کەمکردنەوەی نیشانەکانی ڤایرۆسەکە دەبەستێت.

پزیشکەکان، ئامۆژگاری ئەو کەسانە دەکەن، کە تووش دەبن پشوو بدەن و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە، هەروەها ئەو حاڵەتانەی کە قورسن و پێویستیان بە خەواندن لە نەخۆشخانە هەیە دەبێت دوور بخرێنەوە و دەتوانرێت چاودێری وەک ئۆکسجین پێشکەش بەو کەسانە بکرێت.

ماوەی مانەوەی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا لەنێوان سێ بۆ شەش ڕۆژ دەبێت و تێکڕای مانەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە جەستەدا بەپێی سەختییەکەی دەگۆڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا توێژینەوەکان بۆ تێگەیشتن لە سروشتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە و چۆنیەتی تووشبوونی بەردەوامن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، ڤایرۆسەکە لە ڕێگای کۆکە، پژمین و بەرکەوتن لەگەڵ کەسی توشبوو دەگوازرێتەوە.

ڕێگاکانی خۆپاراستن

ڕێگاکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی هەوکردنی سییەکانی مرۆڤ HMPV ، هەمان ئەو شێوازانەن کە بۆ خۆپاراستن لە هەڵامەت و ئەنفلۆنزا بەکاردەهێنرێن وەک:

-شۆردن دەستەکان بە ئاو و سابوون.

-بەکارهێنانی دەمامکی پزیشکی، بەتایبەتی لە شوێنە قەرەباڵغەکان.

-لەکاتی کۆکە و پژمیندا دەم و لووتت بە دەسڕ داپۆشە و دەستبەجێ فڕێی بدە.

-خاوێنکردنەوە و پاکژکردنەوەی ئەو ڕووانەی کە زۆر دەستیان لێدەدرێت، بەتایبەتی لەگەڵ کەسی تووشبوو.

-مانەوە لە ماڵەوە لەکاتی هەستکردن بە نەخۆشی بۆ ئەوەی کەسانی دیکە تووشی نەخۆشی نەبن.

-پشوودان و خواردنەوەی بڕێکی زۆر شلەمەنی گەرم و ئەو ڕێگایانەی بۆ خۆپاراستن لە هەڵامەت بەکاردەهێنرێن.

-ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشییەکە توندتر بوو، پێویستە کەسی توشبوو سەردانی پزیشک یان نەخۆشخانە بکات.

لەکاتێکدا، هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی تایبەت بە ڤایرۆسەکە نییە تەنها چاودێری پزیشکی و کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەبێت، دەسەڵاتدارانی چین ڕێنماییان بڵاوکردەوە و داوا لە هاوڵاتییان دەکەن دەمامک و دەستکێش لەکاتی چوونە ناو قەرەباڵغی بەکاربهێنن، بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە و تەشەنەسەندنی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا