قوباد تاڵەبانی: حکومەتی داهاتوو دەبێت حکومەتێکی خزمەتگوزاربێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ئاندرۆ بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە 9_1_2025 لە هەولێر بەڕێوەچوو، باس لە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە گفتوگۆکان بەردەوامە بە ئاراستەی گەیشتین بە رێککەوتنێک کە رەزامەندیی هەموو لایەنەکانی بەشداری لەسەر بێت.

جەختیشی کردەوە کە حکومەتی داهاتوو دەبێت حکومەتێکی خزمەتگوزاربێت و کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەی موچە و بودجە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بکرێت. لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە گرنگی زانی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و پشتیوانی وڵاتەکەشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکە گفتوگۆکرا لەبارەی گرنگیی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان. لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە پڕۆژەکانی فاوندەیشن هەب و فاوندەیشن لاب بۆ تواناسازی گەنجانی داهێنەر و خاوەن بزنسی بچوک و روونی کردەوە؛ ئامانجیانە لەم پڕۆژانە دەرخستنی تواناکانی گەنجان و ئاستی بەشدارییان لە گەشەپێدانی ئابوری کوردستاندا بەهێزتر بکەن.

لەم چوارچێوەیەدا کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پڕۆژەکەی بە گرنگ وەسف کرد و ئامادەیی خۆی و کونسوڵخانەی بەریتانیای بۆ هاوکاریکردنی پڕۆژەکە دەربڕی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا