پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رێبەری ئێران دەڵێت، پاراستنی ئاسایش و ئاوەدانیی عێراق لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە، وتیشی، ”حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی گرنگی هێزە لە عێراق و دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی، زیاتر لە جاران گرنگی پێبدرێت.”
رۆژی چوارشەممە، 08-01-2025 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەلی خامنەیی رێبەری وڵاتەکە کۆبووەوە.
ماڵپەڕی فەرمیی عەلی خامنەیی لەبارەی دیدارەکەدا نووسیویەتی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پەرەپێدانی ئاوەدانی و پاراستنی ئاسایشی عێراق، دەستخۆشی لە محەمەد شیاع سودانی کردووە و رایگەیاندووە، هەرچەندە عێراق ئاوەدانتربێت و ئاسایشی زیاتر بپارێزرێت، لەبەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، لە دیدارەکەدا خامنەیی باسی لە حەشدی شەعبی وەکو پێکهاتەیەکی گرنگی هێز لە عێراق کردووە و بە سەرۆکوەزیرانی عێراقی وتووە، دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی حەشدی شەعبی، زیاتر لە رابردوو گرنگی پێ بدرێت.
عەلی خامنەیی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ”نایاسایی و پێچەوانەی بەرژەوەندیی خەڵک و حکومەت”ی وڵاتەکە دەزانێت و دەڵێت ”بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن؛ ئەمریکاییەکان هەوڵی پەرەپێدانی مانەوە و سەقامگیربوونیان لە عێراق دەدەن کە دەبێت بەتووندی پێش بەم داگیرکارییە بگیرێت.”