پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە کۆبووەوە و لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەوە رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی “پابەند نەبووە” بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024.
ئەنجوومەنی وەزیران ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 8-1-2025 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنیا بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکراوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرجکراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە لە تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم وەک بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
لە بڕگەی یەکەمدا، لە لایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، زانیاریی لەبارەی بارودۆخی دارایی ساڵی 2024 خرایە ڕوو، کە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتیی خستبووە ڕوو، لەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانکراو لەناو خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناکۆکی و کێشەیەکى نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2024؛ بەڵام حکوومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە لە کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنیا بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرج کردووە. بۆیە حکوومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرج کردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەکاربردنی تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە لە تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم، وەک بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
دواتر، لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕاپۆرتێک لەبارەی پشتبهستنی ژمارەی کەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا، خرایە ڕوو، کە بەم هەنگاوەش، کۆتایی بە بیانووی حکوومەتی فیدراڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی. لەم بارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد، لە ئامادەکردنی سیستەمی پەیرۆڵ و ژمارەی وەزیفی مووچەخۆران.
بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پرۆژەسیستمی پەیرۆڵ) کە قۆناغێکی پرۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2025 هوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئامادە دەکرێت و بەبێ کەموکووڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ دەکرێت.