پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و چەند تەوەرێک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت کە گرنگترینیان پرسی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێمە و دوو سیناریۆ بۆ چارەنووسی مووچەی ئەو مانگە باس دەکرێت.
پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس لەشاری هەولێر گواستیەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان “یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان بریتییە لە گفتوگۆکردن لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. حکومەتی عێراق دەڵێت بەگوێرەی یاسا ساڵی دارایی 2024 کۆتایی هاتووە و لەو ساڵەدا مووچەی تەواوی مانگەکانیان ناردووە، بەو پێیەش بێت لە ئێستادا بەغدا ناتوانێت هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بنێرێت.”
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و مووچەخۆران لە چاوەڕوانیی ئاشکراکردنی چارەنووسی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوودان.
پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس ئاماژەی بەوەشدا، “بۆ ناردنی پارە لە بەغداوە پێویستە کەلێنێکی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا حکومەتی فیدراڵ تەمویلی مووچە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات. حکومەتی عێراق ئاماژە بەوەدەدات کە مووچەی تەواوی مانگەکانی ساڵی 2024ـی خەرجکردووە و دەڵێت حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کە ئەویش رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکانە.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری پۆڵەتیک پرێس، پێدەچێت ئەمڕۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی مووچەوە بدرێت و دوو سیناریۆ بۆ چارەنووسی مووچەی ئەو مانگە لە ئارادایە.
یەکێک لە سیناریۆکان کە ئەگەری هەیە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەبارەوە بدات ئەوەیە، بەبیانووی هەبوونی کورتهێنان و نەبوونی نەختینەوە مووچەی مانگی 12 پاشەکەوت بکات و نەدرێت. هەروەها یەکێکی دیکە لە سیناریۆکان ئەوەیە تا ئەو کاتەی کێشەکان لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەردەکرێت، ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیارە بەغدا بۆ مووچەی مانگ 1 بینێرێت، حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی 12ی پێ دابەش بکات.