پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
حزبی بەعس یەك ناو و دوو سەرۆك و دوو ئەجیندا و بەرنامەی جیاواز
ململانێكانی حافز ئەسەد و سەدام حسێن بۆچی دەگەڕێتەوە؟
لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی ئەوكاتەی میسر بە سەرسوڕمانەوە پرسیاری لە کەسانی نزیک لە خۆی کرد بۆچی بەعسییەکان نەیانتوانی یەکبگرن کاتێک حوکمڕانی بەغدا و دیمەشقیان دەکرد؟ پرسیارێکی سەرەکییە کە پەیوەندی نێوان سووریا و عێراق کورت دەکاتەوە، پارتی سۆسیالیستی عەرەبی بەعسی كە لە عێراق و هەروەها لە سووریا حوکمڕانی دەکرد و لەسەر ئاستی بیرۆکە و پرەنسیپە فیکرییەکانیش بەعس هیوای ڕێنێسانسێکی سۆسیالیستی ناسیونالیستی عەرەبی دەخواست، بەڵام لەسەر ئاستی ڕەفتاری سیاسی نێوان بەغدا و دیمەشق، ئەو دوو گروپە لە ململانێدا بوون.
یەکێک لە خاڵە هاوبەشەكانی چارەنووس کە سەدام حسێن و حافز ئەسەد تیایدا هاوبەش بوون ئەوەبوو لە ژینگەیەکی لادێیی پەراوێزی دوور لە پایتەختەوە هاتنە سەر دەسەڵات و هەردووکیان توانیان بگەنە دەستەی سەرۆکایەتی و سەرکردایەتیکردنی حزب و دەسەڵات دوای کودەتا سەربازییەکان و نەهێشتنی نەیاران بە خوێنڕشتنی گەورە، ڕەنگە ئەمە پاوانخوازی و ناوەندگەرایی بێت لە حوکمڕانیدا، ئەمەش وایکردووە ململانێی نێوان ئەو دوو پیاوە بۆ ماوەی دوو دەیەی تەواو چڕتر ببێت و لە سەرووی ئەوەشەوە سروشتی ئایینی هەریەکەیان، وەک ئەوەی لە عێراق بەعسی سوننە و ئەویش لە سووریا عەلەوییە، بێ گومان ئەم پاشخانە ئایینییە کاریگەری هەبووە لەسەر ململانێكانی حزبی بەعسی عێراق و سووریا.
سەرەڕای سەرکەوتنی کودەتاکەی بەعسی سووریا لە ساڵی 1963 و سەرکەوتنی بۆ سەر دەسەڵات و لە عێراقیش لە ساڵی 1968 کودەتای دووەم، بەعسی سووریا بە سەرۆکایەتی عەلەوییەکان بەدیاریكراوی بە سەرۆکایەتی حافز ئەسەد و گۆشەگیركردنی هاوڕێ كۆنەكانیان لە نێویاندا دامەزرێنەرانی خودی حزبەکە بە میشێل ئەفلەقیشەوە، وایکرد ململانێی نێوان بەعسی سووریا و بەعسی عێراق توندتر بێت و پەرەبسەنێت.
دوای ڕێککەوتنی کەمپ_دەیڤد لە نێوان میسر و ئیسرائیل، حافز ئەسەد نزیکبوونەوەی لەگەڵ عێراق بە تاکە پەناگەی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ستراتیژی لە ناوچەکەدا بینی
سەرەڕای هەوڵەکانی ئاشتەوایی لە نێوان بەعسییەکانی حوکمڕانی عێراق و سووریا لە ساڵانی 1969 و 1972 و پاڵپشتیکردنی عێراق لە سووریا لە دژی ئیسرائیل لە کاتی شەڕی ئۆکتۆبەری 1973، بەڵام لە ساڵی 1975ەوە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان جارێکی دیکە تێکچوونەوە بەهۆی نەبوونی متمانەی نێوان هەردوولا.
بەڵام دوای ڕێککەوتنی کەمپ_دەیڤد لە نێوان میسر و ئیسرائیل، حافز ئەسەد نزیکبوونەوەی لەگەڵ عێراق بە تاکە پەناگەی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ستراتیژی لە ناوچەکەدا بینی، لە میانی سەردانێکی کە لە ئۆکتۆبەری 1978 بۆ بەغدا ئەنجامیدا، حافز ئەسەد سەرۆکی سووریاو ئەحمەد حەسەن بەكر سەرۆککۆماری عێراق رێككەوتنێكیان واژۆكرد ڕەزامەندیان لەسەر “میساقی کاری نیشتمانی هاوبەش” دەربڕی، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجەکانی هاوکاری ئابووری و سەربازی و یەکگرتنی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتبوو.
ئەحمەد حەسەن بەکر دەیویست تۆڵە لە هەڤاڵ و جێگرەکەی كە سەدام حسێن بوو بكاتەوە، بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕا جگە لە پڕۆژەی یەکێتی لەگەڵ سووریا هیچی تری نەدۆزیەوە، ئەم پڕۆژەیە، مەرجی هەڵگرتنی پاسپۆرت و ڤیزەی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرتبوو و ئەو سنوورانەی کە ساڵانێک بوو داخرابوون دەکرانەوە و لە 7ی تشرینی دووەمی 1978 هەردوو لایەن ڕایانگەیاند کە ڕێوشوێنی دەستبەجێ دەگیرێتەبەر بەرەو یەکگرتنی تەواوەتی نێوان هەردوو وڵاتی برا.
لە 15_1_1979، سووریا و عێراق بە فەرمی ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی یەکێتییەکی هاوبەش
بەڵام سەرەڕای گرنگی زۆری هاوکاری سەربازی بۆ سووریا، لیژنە لاوەکییە پەیوەندیدارەکان سەرەتا بەهۆی ناکۆکی و بێمتمانەیی یەکترەوە شکستی هێنا، بەو پێیەی سووریا نەیدەویست هێزەکانی عێراق بۆ هەمیشە لەسەر خاکەکەی جێگیر بکرێن، هەروەها ئامادە نەبوو ئەو لیوا نوخبەیە هەڵبوەشێنێتەوە کەدایمەزراندبوو، هەروەها دیدگاکان سەبارەت بە فۆڕمی یەکێتی خوازراو جیاواز بوون، سووریا هاوپەیمانی یان کۆنفیدڕاڵی پێ باشتر بوو، لە کاتێکدا عێراق خواستی بوو بەرەو یەکێتی یان یەکگرتنی تەواو لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لە 15_1_1979، سووریا و عێراق بە فەرمی ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی یەکێتییەکی هاوبەش، ئەم یەکێتییە دەبوو ناوێکی تایبەتی هاوبەشی هەبێت، سەرۆک یان ئەنجومەنی سەرۆکایەتی هاوبەش و حکومەتی فیدراڵی هاوبەش، هەروەها ڕێککەوتن کرا کە عێراقییەکان و سوورییەکان بە یەکەوە پۆستی سەرۆککۆمار بە یەکەوە بگۆڕن و سەرەتا ئەحمەد حەسەن بەکر پۆستی سەرۆککۆماری وەرگرت و ئەسەد پۆستی سەرۆکی حزبەکەی لە هەردوو وڵات و جێگری سەرۆککۆمار وەرگرت.
حکومەتی فیدراڵی دەبوو بەرپرسیارێتی سیاسەتی دەرەوە و بەرگری و کولتووری هاوبەش لە ئەستۆ بگرێت و پێشبینی دەکرا سوپای هاوبەشی هەردوو وڵات لە 380 هەزار سەرباز و 4300 تانک و 730 شەڕکەر پێکبێت بەڵام ناکۆکی لەسەر ئاراستەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم سوپایە دروست بوو، سووریا هەوڵی دەدا هاوسەنگی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل و میسردا بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا عێراق ئاواتەخوازی وەڵامدانەوەی شۆڕشی ئێران و زیادکردنی کاریگەرییەکانی لە کەنداوی عەرەبیدا بوو.
ئەحمەد حەسەن بەکر ڕازی بووبوو بە سەرۆکایەتی حافز ئەسەد لە یەکێتیی نوێدا و پێدەچێت ئەمە هۆکاربووبێت کە کودەتا سپییەکەی خێراتر کرد کە سەدام حسێن جێگرەکەی کە ئەوکات بە کردەوە کۆنترۆڵی سوپای دەکرد، وەک خۆی فشاری خستە سەر بەکر بۆ ئەوەی بە بیانووی پیری لە مانگی تەمموزی ساڵی 1979 دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات.
بیست ساڵ ململانێ
سەدام حسێن و حافز ئەسەد هەریەکەیان خۆی بە شایستەی سەرکردایەتیکردن لە جیهانی عەرەبیدا دەزانی و هیچ کامیان ئەوی دیکەیانی وەک سەرکردەی خۆی قبوڵ نەبوو
سەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵات، سەدام حسێن بیرۆکەی یەکگرتنی وردە وردە چەسپاند، بەڵام لە 28ی تەمموزی 1979 پیلانێکی گوماناوی بۆ ڕووخاندنی حکومەتی عێراق ئاشکرا کرد و “دەسەڵاتێکی بیانی”ی تۆمەتبار کرد بە تێوەگلانی ئەو كودەتایە،هەرچەندە سووریا ڕاستەوخۆ تۆمەتبار نەکرا، بەڵام پاکتاوکردنەکە لەناو حزبی بەعسی عێراقداو لە سێدارەدانی سەركردەكانی بەعس ئەوانەی گرتەوە كە زیاتر پشتگیریان لە یەکێتی لەگەڵ سووریادا دەکرد.
سەدام حسێن و حافز ئەسەد هەریەکەیان خۆی بە شایستەی سەرکردایەتیکردن لە جیهانی عەرەبیدا دەزانی و هیچ کامیان ئەوی دیکەیانی وەک سەرکردەی خۆی قبوڵ نەبوو.
بەهۆی ئەو جیاوازییەشەوە عێراق و سووریا بەدەر لە دووبەرەکیی حزبی و کێبڕکێی سیاسی و جوگرافی کەوتنە ناو کێشەی دیکەوە شەڕەکە لە نێوان ئەو دوو پیاوەدا لەسەر پرسە ئابوورییەکان و پشکی هەریەکەیان لە ئاوەکانی فورات و لەسەر بۆرییە نەوتییەکان ڕوویدا، کە لەلایەن حافز ئەسەدەوە کۆنترۆڵکرا، ئەمەش سەدامی توڕە کرد، عێراقیش بۆرییەکی لە ڕێگەی تورکیاوە دروستکرد، ئەمەش حافز ئەسەدی توڕە کرد.
ئەم ناتەبایی شەخسی و فیکری و تائیفییەی نێوان ئەو دوو پیاوە هەریەکەیانی کردە دوژمنی ئەویتر، تا ئەو کاتەی حافز ئەسەد بڕیاریدا پشتیوانی ئێران بکات لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە نێوان ساڵانی 1980_1988 دا، کە ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی میحوەرێکی شیعە کە لە تارانەوە بەرەو دیمەشق تا باشووری لوبنان درێژ بووەوە.
سەدام حسێن دۆستایەتی و هاوپەیمانی ئەسەد و پاڵپشتییە گەورەکەی لە خومەینی و شۆڕشی ئێرانی بە ڕاگەیاندنی دوژمنایەتی لە نێوان سووریا و عێراق زانی و کاتێک شەڕی ئێران و عێراق لە ئەیلوولی 1980 سەریهەڵدا، ئەسەد شەڕی سەدامی شەرمەزار کرد و بە هەڵەی زانی، بڕوای وابوو كە ئەم شەڕە دەبێتە هۆی ئەوەی عەرەبەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا بشکێن، بەڵام ئەمە راستی بابەتەكە نەبوو، راستییەكە ئەوەبوو حافز ئەسەد ترسی لەسەركەوتنی سەدام بەسەر ئێراندا هەبوو.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئەسەد بە خێرایی گەشتێکی کرد بۆ مۆسکۆ و لەوێشەوە لەگەڵ برێژنێڤ، سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت لەو کاتەدا، پشتیوانی خۆی بۆ مافی ئێران بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی ڕاگەیاند.
لەبەر ڕۆشنایی هەڵوێستی گشتی ئەسەد بۆ پشتیوانی لە ئێران لە کاتی جەنگی لەگەڵ عێراق، سەددام لە مانگی ئابی ساڵی 1980 فەرمانی بە هێزەکانی عێراق دا هەڵبكوتنەسەر باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا، هەروەها بە تۆمەتی قاچاخی دەمانچە و تەقەمەنی بۆ دوژمنانی سەدام، زۆربەی کارمەندەکانی دەرکردو هەمان ساڵ، بەغدا پەیوەندیەكانی لەگەڵ دیمەشقدا پچڕاند.
لەسەر پاسپۆرتی سووریا نووسرابوو “گەشتکردن بۆ ئیسرائیل و عێراق قەدەغەیە”
لە ساڵی 1982، حافز ئەسەد بڕیاریدا سنوورەکانی سووریا لەگەڵ عێراق دابخات، هەروەها ئەو بۆرییە قفڵ بكات کە نەوتی عێراقی لە ڕێگەی خاکی سووریاوە بەرەو دەریای ناوەڕاست دەگواستەوە، هەروەها ڕێگریكرد لە گەشتی سوورییەكان بۆ عێراق بەجۆرێك لەسەر پاسپۆرتی سووریا نووسرابوو “گەشتکردن بۆ ئیسرائیل و عێراق قەدەغەیە” و لە هەمان کاتدا ڕێککەوتنێکی بازرگانی فراوانی لەگەڵ ئێران ئەنجامدا کە بۆ چەندین ساڵ گەرەنتی سووریای بە نەوتی ئێران کرد بە نرخێکی كەم، حافز ئەسەد ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی ژن و پیاوی ئێرانی کرد بۆ سەردانی مەزارگەی خاتوو زەینەب لە دیمەشق و زیادکردنی هاوکارییە کولتووری و سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە ساڵی 1984 بۆ تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکانی سووریا و عێراق ئامادەی کرد، واشنتۆن باسی لە لێکچوونە گەورەکەی ژیانی سیاسی حافز ئەسەد و سەدام حسێن کرد، بەتایبەتی لە پەروەردەی هاوبەشی گوندنشینی.
لە هەوڵێکی شا حسێن پاشای ئوردن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان ئەسەد و سەدام، پێداگری لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوانیان لە ئوردن کرد، بەپێی بیرەوەرییەکانی عەبدولحەلیم خەدام، جێگری ئەسەد لەو کاتەدا، سەدام حسێن پێشنیاری بۆ حافز ئەسەد کردووە تا چەند پرسێک تاوتوێ بکات، لەوانە هەڵوێستی سیاسی لەسەر ڕێککەوتنەکانی کامپ_دەیڤد، بیرۆکەی یەکگرتوویی نێوان هەردوو وڵات، هاوکاری ئابووری و پێدانی مافی دەستوەردانی سەربازی بە هەردوو لایەنەکە ئەگەر هەریەکەیان تووشی داگیرکاری بووەوە، ئەسەد، ئوردنی ئاگادار کردەوە کە کۆبوونەوەکە لە 21ی شوباتی 1987 لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.
دوای چەند ڕۆژێک سەدام ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام داوایکرد دوو نوێنەری لایەنی سووریا و عێراقی کۆبوونەوەیەکی سەرەتایی ئەنجامبدەن بۆ ئامادەکردنی کارنامە، فاروق شەرع، وەزیری دەرەوەی سووریا لە مانگی ئازاری هەمان ساڵ لەگەڵ تاریق عەزیز هاوتا عێراقییەکەی کۆبووەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی سەدام و ئەسەد تاوتوێ کرد.
کۆبوونەوەیەکی دیکە لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا لە ئوردن لە نێوان سەدام و ئەسەد، بەڕیوەچوو، بە ئامادەبوونی شا حسێن، بۆ هەوڵدان بۆ ئاشتکردنەوەی هەردوو لایەن و دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە بەرژەوەندییەکانی هەر وڵاتێک و تەنانەت دامەزراندنی یەکێتییەکی هاوبەش لە نێوان هەرسێ وڵاتەکەدا، بە ئوردنیشەوە، بەڵام کۆبوونەوەکەی نێوان سەدام و ئەسەد شکستی هێنا بەهۆی نەبوونی متمانەی نێوانیان و بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئەسەد لە ئیدانەکردنی لایەنی ئێرانی لە شەڕی ئێران و عێراق.
ئەوەی جێی سەرنجە، نزار خەزرەجی، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای عێراق، باسی لەوە کردووە، کۆبوونەوەیەکی دیکە بۆ کۆکردنەوەی سەدام و ئەسەد لەسەر سنووری عێراق و سووریا ڕێکخرابوو لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ ئەوەی بۆچوونەکانیان نزیک بکەنەوە و ناکۆکییەکانی ڕابردووی نێوانیان چارەسەر بکەن کە حافز ئەسەد زمانێکی توندی هەبووە و ڕەنگە سەدام هیچ ڕێگایەکی نەبووبێت جگە لە ئاراستەکردنی فەرمان بۆ یەکێک لە هاوەڵەکانی، وتی: ئەگەر حافز ئەسەد بوختان بکات دەستبەجێ دەستگیری بکەن و ئەگەر بەرەنگار بووەوە، تەقەی لێ بکەن، ئەمەش ئاشکرای دەکات کە پەیوەندی نێوان ئەو دوو کەسە یەکسان بووە بە تۆڵەسەندنەوەیەکی شەخسی لە نێوانیاندا و سەدام ئامادە بووە تەنها بەهۆی سووکایەتیکردن حافز ئەسەد بکوژێت.
دوژمنایەتییەکە وەک خۆی بەردەوام بوو تا بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ناوچەکە ڕوویدا لە 2ی ئابی 1990 جیهانی عەرەبی بە ڕووداوێکی گەورە لە خەو هەڵسا، کاتێک سەدام حسێن دوای زنجیرەیەک ناکۆکی پەرەسەندوو لەگەڵ کوێت، بڕیاری داگیرکردنی ئەو وڵاتەیدا.
هەر لەو مانگەدا حافز ئەسەد بەڕێکەوت بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانی و هەردوولا ئێران و سووریا هەستیان بە نیگەرانییەکی زۆر دەکرد لە هێرشەکەی سەدام بۆ سەر کوێت، نەک لەبەر دژایەتیکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی مافی کەسانی دیکە، بەڵکو لە ترسی زیادبوونی دەسەڵات و کاریگەریی سەدام لە ناوچەکەدا لەگەڵ کۆنترۆڵی نەوتی کوێت، هەروەها بەهۆی کاردانەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەوەی دێن و لە ناوچەکەدا دەمێننەوە، کە هەڕەشە لە هەردوو لایەنی ئێران و سووریا دەکات.
بەڵام حافز ئەسەد بۆ ڕکابەری و دوژمنی سەرەکی سەدام، بڕیاریدا بچێتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە واشنتۆن سەرۆكایەتی دەكرد بۆ دەرکردنی هێزە عێراقییەکان لە کوێت، ئەسەد لەگەڵ جۆرج بوش لە جنێڤ کۆبووەوە و دواتر دیمەشق بە فەرمی بڕیاریدا بەشداری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داگیركردنی كوێت بكات و عێراق لە جەنگی کەنداوی دووەم شکستی هێنا، بەغداش لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی کاریگەری ئابووری و سیاسی بووەوە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش وایکرد ئەسەد هەست بە ئاسوودەیی بکات و بە شکستی سەدامی ڕکابەرەکەی خۆشحاڵ ببێت.
دوای چەندین ساڵ لە گومان و پیلانگێڕی و دوژمنایەتی، ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان شاهیدی گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو کەسە بوون لە ڕێگەی کەناڵە ناگشتیەکان و کۆبوونەوە نهێنییەکان لەسەر ئاستی باڵیۆزخانەکان، لەوێدا پەیامی نهێنییان ئاڵوگۆڕ کرد کە خواستی بەهێزی بەغدای بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان ئاشکرا کرد.
بەڵام گەڕانەوەی پەیوەندییەکان دوای مردنی حافز ئەسەد لەساڵی 2000 كۆتایی هات، ڕژێمی سەدام حسێنیش نزیك بوو لە رووخان ئەمەش له ساڵی 2003 ڕوویدا کاتێک ڕژێمەکەی ڕووخا و ڕژێمێکی نوێ دروست بوو.