پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، تائێستا چارەنووسی مووچەی مانگی (12) نادیارە و مووچەخۆرانیش تەماشاکاری شەڕی ژمارەکانی وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمن و خەسارەتمەندی یەکەمیشن.
جوانڕۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ سپیکردنەوەی ڕووی حکومەت لیستێکی داهات و خەرجی و ئەو پارانەی بڵاوکردەوە کە لە عێراقەوە بۆی نێردراوە، بەڵام بەبێ ئاماژەدان بە یەک دیناری داهاتی نەوت کە لە ساڵی 2024ەوە بەلانی کەمەوە ڕۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوەو فرۆشراوە، لە ساڵێکدا بە تێكڕا زیاتر لە (110.000.000) سەدو دە ملیۆن بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمەوە بەرهەمهاتوە و فرۆشراوە، هەرێم خۆی دەڵێت: 45% ی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکانە و 55%ی بۆ حكومەتە.
ئەوەش دەڵێت، لە 2024 بە تێکڕا نرخی نەوتی برێنت (81) دۆلار بوە لە جیهاندا، بەڵام هەرێم بەتێکڕا نەوتی بە (35 بۆ 40) دۆلار فرۆشتوە و لەو بڕەش نزیكەی (چوار ملیار دۆلار) داهاتی هەبووە کە دەکاتە نزیكەی (شەش ترلیۆن دینار)، لەكۆی ئەو (چوار) ملیار دۆلارە (2 ملیارو 200 ملیۆن) دۆلاری بۆ حكومەت بەرێژەی (55%) و (ملیارێك و 800 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیاكانە بەرێژەی (45%)، واتە حكومەتی هەرێم بڕی (2 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلاری دەستکەوتوە کە دەکاتە نزیكەی (3 ترلیۆن ) دینار، ئەم داهاتە تائێستا دیار نیەو حکومەت و وەزارەتی دارایش خۆیان لێی بێدەنگ کردوە و نەخراوەتەوە چوارچێوەی مووچەو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران.
ئەو پەرلەمانتارە هێما بەوەش دەکات، بەو داهاتانە و بەپارەی نێردراوی عێراق و داهاتی ناوخۆ، هیچ بەهانەیەک بۆ دابەشنەکردنی مووچەی مانگی 12 نەماوە، عێراق دەڵێت: تەواوی مووچەی 12 مانگی 2024 مان ناردوە، لێكدانەوەی ژمارەكانیش ئەوە دەسەلمێنێت كە پارەكەی بەغداد و داهاتەكانی بەردەست هەرێم دەتوانێت بە ئاسانی مووچەی مانگی 12ش بدات، بەڵام قسەو لێدوان و نیەتی حكومەت وایە كە مووچەی مانگی 12 نەدات.