پۆڵەتیك پرێس
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە رەشنوسی راپۆرتی چاكسازیدا حكومەت خەرجكردنی مووچەو دەرماڵەی مامۆستایانی بەستۆتەوە بە ئەندامبوون لە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەك ئەو كارە قبوڵكراو نییە، چونكە مووچە مافەو بە یاسا دیاری دەكرێت، بەڵام ئەندامبوون لە یەكێتی و سەندیكاكان ئارەزوومەندانەیە.
دەشڵێت، “لەگەڵ وەزیری پەروردەو دارایی قسەمان كردوەو پێویستە لابدرێت”.
لای خۆشیەوە مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئاگایان لە بڕیاری لەوشێوەیە نییە.
وتیشی، “كاتێك بڕیاری وا بە باش دەزانین كە بتوانین ماف و ئیمتیازاتەكانی مامۆستایانی كوردستان دابین بكەین، كە ئێستا توانیومانە هەندێكی دابین بكەین، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی سیاسییەوە گرفتیشمان هەیە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان بەردەوام پەیوەندیان هەیە، بۆیە بە باشیزانی هەردولایان پێكەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بكەن.