پۆڵەتیک پرێس
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵی 2024 و دەستپێکی ساڵی نوێ، مشتومڕی جیاواز و فراوان لەسەر رووداوەکان و پێشهاتەکانی ئەو ساڵە دەستیانپێکردووە، خەڵکی بەتامەزرۆییەوە لە چاوەڕوانی ئەوەدان بزانن ئاخۆ چی لە هەگبەی 2025دایە بۆ جیهان، لەو نێوەندەشدا پێشبینییەکانی پاپا ڤانگا زۆرترین باس و خواسی لەناو خەڵکی درووستکردووە. پێشبینییەکانی ئەو پێشبینیکارە باس لە کارەسات، جەنگ، چارەنووسی وڵاتان و رووداو و پێشهاتە مەترسییدارەکان دەکات کە دەکرێت ببنە هۆکاری لەناوچوونی مرۆڤایەتی.
پاپا ڤانگا، کە لە ساڵی 1996 کۆچی دوایی کرد، بە پێشبینیەکانی ناسراوبوو، کە چەندین ڕووداوی سیاسی و سروشتی و زانستی لەخۆ گرتبوو، کە بڕوا وایە هەندێکیان پێشتر بەرجەستە بوون.
پێشبینییەکانی پاپا ڤانگا بۆ ساڵی 2025
-ململانێی وێرانکەر لە ئەوروپا
پاپا ڤانگا پێشبینی کرد، کە ساڵی 2025 جەنگێکی مەترسیدار لە ئەوروپا سەرهەڵدەدات و بە شەڕێکی بێ وێنەی وێرانکەر وەسفی کرد، ئەم ململانێیە دەبێتە هۆی وێرانکاری بەرفراوان و کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئابووری و ژیانی مرۆڤ و کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی دانیشتوانی کیشوەرەکە دەبێت، بەگوێرەی ئەو پێشبینیکارە ئەم جەنگە سەرەتای زنجیرەیەک ڕووداوی کارەساتبارە کە لەوانەیە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی لەناوچوونی مرۆڤایەتی. جگە لە پاپا ڤانگا فاڵگرەوەی ئەفسانەیی “نۆستراداموس”ـیش پێشبینی هەمان چارەنووسی بۆ ئەورووپا کردووە لە ساڵی 2025دا.
-کارەساتە سروشتییە وێرانکەرەکان
بەپێی پێشبینییەکانی پاپا ڤانگا، ساڵی 2025 بێ کارەساتی سروشتی نابێت، پێشبینیەکان ئاماژە بە تەقینەوەی گڕکانەکان دەکەن کە دەیان ساڵە خامۆشن، پێشبینی دەکرێت تەقینەوەی ئەو گڕکانانە کاردانەوەی ژینگەیی کارەساتباری لێبکەوێتەوە، هەروەها ناوبراو پێشبینی بوومەلەرزەیەکی گەورە لە کەناری ڕۆژئاوای ئەمریکا دەکات کە زیانێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، سەرەڕای ئەوەش، هەندێک ناوچە بەهۆی خێرایی گۆڕانی کەشوهەواوە ڕووبەڕووی لافاوێکی توند دەبنەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی خەڵک و درووستبوونی پشێویی و ئاژاوە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
-پێشکەوتنی زانستیی
سەرەڕای ئەو کارەساتانە، پاپا ڤانگا پێشبینی دەکات لە ساڵی 2025 زانست بە شێوەیەکی بەرچاو پێشبکەوێت، لەناویشیاندا، زانستی پزیشکی و چاندنەوەی ئەندامی جەستەی مرۆڤ. بە گوێرەی ئەو پێشبینیکارە، تەکنیکی نوێ لە تاقیگەکاندا پەرەی پێدەدرێت کە گۆڕانکاری گەورە لە چاندنەوەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ درووست دەکەن. هەروەها پێشبینی پێشکەوتنی چارەسەری شێرپەنجە دەکات لەگەڵ ئەگەری چارەسەرێکی کاریگەر کە بتوانێت ژیانی ملیۆنەها نەخۆش لە سەرانسەری جیهاندا بگۆڕێت.
ئاوڕدانەوەیەک لە داهاتووی دوور
پاپا ڤانگا پێشبینی کرد، کە مرۆڤ لە ساڵی 2028 دەست بە هەوڵدان دەکات بۆ ئەوەی هەسارەی ڤینۆس وەک جێگرەوەیەکی شاراوە بۆ سەرچاوەکانی وزە سەر زەوی بەکاربهێنێت. ئەم هەوڵانە لەبەر ڕۆشنایی پێشکەوتنی خێرای زانستی و تەکنەلۆژیا، چونکە مرۆڤایەتی هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی ئەم هەسارەیە بقۆزێتەوە سەرەڕای ژینگە نالەبارەکەی و بارودۆخە سەختەکەی کە گەشەی هەر زیندەوەرێکی زیندوو مەحاڵ دەکات.
هەروەها پێشبینی دەکات، تا ساڵی 2033، بەستەڵەکەکانی سەهۆڵی جەمسەری بەشێوەیەکی بەرچاو دەست بە توانەوە دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی دەریاکان، ئەم گۆڕانە کەشوهەوایە کاریگەری لەسەر ملیۆنەها کەس لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بەکۆمەڵ لە ناوچە کەناراوییەکان و وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی ئابووری.
بەپێی پێشبینیەکانی پاپا ڤانگا، ساڵی2043 گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوروپا دروست دەبێت و حوکمی ئیسلامی دەبێتە هێزێکی باڵادەست لە کیشوەرەکەدا، ئەم پێشبینیانە مشتومڕێکی فراوانی لەسەر کاریگەری داهاتووی ئەوروپا دروستکردووە.
ڤانگا پێشبینی کرد، کە رێبازی کۆمۆنیزم تا ساڵی 2076 بە بەهێزی دەگەڕێتەوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاودەبێتەوە، ئەم پێشبینییە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی گۆڕانکاری سیاسی و ئابووری سیستەمی جیهانی دەگۆڕێت.
پێشبینیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، تا ساڵی 2130 مرۆڤ یەکەم پەیوەندی لەگەڵ شارستانیەتی بیانی دەکات، ئەم ڕووداوە وەرچەرخانێکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و لەوانەیە وەڵامەکان دەربخات سەبارەت بە هەبوونی ژیانێکی تر لە گەردوون و ئەگەرەکانی هاوکاری نێوان شارستانیە جیاوازەکان.
پاپا ڤانگا پێشبینی کرد، کە ساڵی 3005 مرۆڤایەتی دەچێتە جەنگەوە لەگەڵ شارستانیەتێکی مەریخ، وردەکارییەکانی ئەم جەنگە ڕوون نین، بەڵام ئاماژە بە ململانێیەک دەکەن کە لەوانەیە بەهۆی کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکان یان جیاوازی نێوان ئەو دوو شارستانیەتەوە سەرهەڵبدات.
پێشبینی ئەوەشی کرد، کە ساڵی 5079 کۆتایی ڕەهای هەموو ژیان و بوونێک دەبێت، ئەم پێشبینییە کۆتایی بە خشتەی درێژی پاپا ڤانگا دەهێنێت، کە پڕە لە نهێنی و پرسیار.
هەرچەندە پاپا ڤانگا، بە یەکێک لە دیارترین ڕۆشنبیرەکان دادەنرێت لە جیهاندا، بەڵام دروستی پێشبینیەکانی هێشتا جێی مشتومڕە، گومانکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆرێک لەو پێشبینیانە ناڕوونن یان لەسەر بنەمای لێکدانەوەی دواتر بۆ ڕووداوەکان دانراون و پشتڕاستکردنەوەیان زەحمەتە، لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگی مێژوویی بانگەشەکانی بەردەوامە لە ڕاکێشانی سەرنج.