پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هێزەکانی سووریای دیموکرات – هەسەدە رایگەیاند، 72 چەکداری گرووپەکانی سەر بە تورکیا لە نزیک مەنبەج بە دەستی شەڕڤانان کوژراون و 16 چەکداریشیان لێ بەدیل گیراوە.
ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبەج کە سەر بە هەسەدەن لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، لە بەرەبەیانیی رۆژی پێنجشەممەوە تا ئێستا لە گوندەوارەکانی مەنبەج و نزیک بەنداوی تشرین لە رۆژهەڵاتی ئەو شارە هێزەکانیان بە توندی بەرپەرچی هێرشی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە تورکیایان داوەتەوە و لە ئەنجامدا 72 چەکدار کوژراون و دەیان چەکداری دیکەیان لێ بریندارکراوە و 16 چەکداریش بەدیل گیراون.
راشیگەیاند، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و بڕێک تەقەمەنیدا گیراوە و دوو تانک و 7 ئۆتۆمبێل کە چەکی قورسی لەسەر جێگیرکراوە لەگەڵ ژمارەیەک زرێپۆش لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە تێکشکێندراون.
هەسەدە لە بەیاننامەکەیدا ناسنامەی ئەو چەکدارانە دەخاتەڕوو کە لە هێرشەکاندا بەشدارییانکردووە و خۆیان بە ”پاسەوانانی ئایین” ناودەبەن و لە نەتەوەکانی ئۆزبەکی، تورکمان و چیچانی و عەرەب پێکهاتوون و بە پاڵپشتیی فڕۆکە و تۆپهاوێژی سوپای تورکیا هێرشیانکردووەتە سەر گوندەوارەکانی رۆژهەڵاتی مەنبەج و نزیک بەنداوی تشرین، بەڵام لەلایەن هەسەدەوە گورزی کەمەرشکێنیان لێدراوە و هێرشەکەیان تێکشکێندراوە و دەیان کوژراو و برینداریان داوە.
لەبەرامبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات گیان لەدەستدانی 11 شەڕڤانی پشتڕاستکردەوە کە لە رووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ چەکدارانی سەر بە تورکیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا شەهید بوون.