پۆڵەتیک پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpres
دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، رۆژئاوا بەدووری نازانێت هێزەکانی ئۆکرانیا رووبەڕووی داڕمانێکی کتوپڕ ببێتەوە و پێیان وایە چیتر توانای بەرگریکردنیان بەرامبەر بە سوپای رووسیا نەماوە، دەشڵێت واشنتن دەیەوێت لە رێگەی پڕچەککردنی هێزەکانی ئۆکرانیا و ناچارکردنی ئەو وڵاتە بۆ دابەزاندنی تەمەنی سەربازیی ناچاریی لە 25 ساڵییەوە بۆ 18 ساڵ رێگریی لەو سیناریۆیە بکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی (ریای رووسی)، هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا زانیارییان پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی کە سیاسییەکانی رۆژئاوا نیگەرانن لە دابەزینی توانا سەربازییەکانی سوپای ئۆکرانیا لە بەرگریکردن و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی سەر بە رووسیا و دڵنیان لە “داڕمانی حەتمیی” ئەو سوپایە لە داهاتوویەکی نزیکدا.
ئاژانسەکە بەیاننامەیەکی بەرپرسانی هەواڵگری دەرەوەی رووسی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئەوە هاتووە، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، دەیانەوێت رێگریی لە روودانی سیناریۆیەکی هاوشێوە بگرێت، ئەمەش لەرێگەی تەیارکردن و پڕچەککردنی سوپای ئۆکرانیا بە پێشکەوتووترین چەکەکانی ئەمریکا لە نێویاندا سیستەمی مووشەکیی دوورمەودا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “واشنتن چەند رۆژێک لەمەوبەر داوای لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کردووە کە بەپەلە تەمەنی ئەرکی سەربازی ناچاریی لە 25 ساڵەوە بۆ 18 ساڵی دابەزێنێت، و کیێڤیش بەو داوایەی واشنتن رازیبووە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا رێکارەکان دەگرێتەبەر.”
دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی رووسیا باسی لەوەشکردووە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا لە ئێستاوە بە نهێنی خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەرگرتنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی ئۆکرانی “کە تەنها بۆ ئەوەی لە چنگی رژێمی دەسەڵاتداری ئۆکرانیا رزگاریان بێت، ئامادەن هەموو شتێک بکەن.”
ماوەی نزیکەی سێ ساڵە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوامە، رووسیا بەهۆی درێژبوونەوەی ناکۆکییە سنوورییەکان کە لە ساڵی 2014ەوە لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ درووستبوون و لە دژی بڕیاری چوونە ناو هاوپەیمانیی ناتۆ لەلایەن ئۆکرانیاوە بڕیاری لەشکرکێشیی بۆسەر ئەمەی دووەمیانی راگەیاند.