پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رووداوی تێکشانی فڕۆکەیەک لەکاتی نیشتنەوەی دا لە فڕۆکەخانەی مووانی باشووری رۆژئاوای کۆریای باشوور کە 167 کەس گیانیان لەدەستدا، جارێکی دیکە زنجیرەی رووداوەکانی فڕۆکەکانی بۆینگ بە بیرهەموان دێنێتەوە.
رووداوەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-12-2024) روویدا، فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگ بووە، لە بانکۆکەوە هاتووە و لە کاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی موان لە کۆریای باشووور تێکشکاوە.
لەکاتی نیشتنەوەی دا لە فڕگەی خۆی لادەدات و دواتر تێکدەشکێت و ئاگری تێبەردەبێت.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی کۆریایی باشوور، فڕۆکەکە لە شاری بانگکۆکی پایتەختی تایلاند بەرەو ئەو شارەی کۆریای باشوور هاتووە و 181 کەسی تێدا بووە.
لەنێو ئەوانەی لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، شەشیان ئەندامی ستافی فڕۆکەکە بوون. تائێستا گیان لەدەستدانی 167 کەس پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی کۆریای باشوور بوون و تەنیا دووانیان تایلاندی بوون.
کۆمپانیای بۆینگ کۆمپانیایەکی ئەمریکییە کە تایبەتە بە پیشەسازی فڕۆکەوانی لە ساڵی ١٩١٧ دامەزراوە و بارەگا سەرەکییەکەی لە واشنتۆنە، گەورەترین بەرهەمهێنەری فڕۆکەی بازرگانی و سەربازییە.
دامەزراندنی
کۆمپانیای بۆینگ لە ساڵی ١٩١٧ لەلایەن ئەندازیاری ئەمریکی ویلیام ئێدوارد بۆینگەوە دامەزراوە، کە خولیای بۆ ئەم بوارە بەهۆی سەردانێکی بۆ نمایشێکی ئاسمانی لە لۆس ئەنجلۆس لە مانگی یەکی ساڵی ١٩١٠ سەریهەڵدا.
ئێدوارد بۆینگ کارگەیەکی کەشتیوانی لەسەر ڕووباری دووامیش لە شاری سیاتڵ کڕی، تەنها ٣ مانگ دوای ئەو سەردانە، و دەستی بە کاروباری کۆمپانیاکە کرد، کە دواتر بوو بە یەکەم کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فڕۆکە.
دیارترین ڕووداوەکانی ڕفاندنی بۆینگ
لە ٢٩ی ئابی ١٩٦٩ فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٠٧ لەلایەن بەرەی جەماوەری بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین ڕفێندرا، گەشتەکە لە لۆس ئەنجلۆس لە ئەمریکاوە بۆ تەلئەبیب لە ئیسرائیل بوو، بە ئامانجی ناساندنی دۆزی فەلەستین و ڕاکێشانی سەرنجی جیهان بۆ ئەو نادادپەروەرییەی کە بەسەر گەلی فەلەستین دێت.
لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٢دا، پیاوێک فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٢٧ی ڕفاند، کە لە ڕێگای شاری نیوارک لە ویلایەتی نیوجرسیەوە بەرەو لۆس ئەنجلۆس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڕۆیشت، کە ٨٥ سەرنشین و ٦ تیمی فڕۆکەوانی تێدابوو، گەشتەکە دوای وەستانی لە شاری دێنڤەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ دەستیپێکردەوە و ڕزگارکران.
لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٥، سێ کەس فڕۆکەی میسری ئایر ٦٤٨ یان ڕفاند، کە لە فڕۆکەخانەی ئەسینای پایتەختی یۆنان بەرەو فڕۆکەخانەی قاهیرە دەڕۆیشت و فڕۆکەوانەکەیان ناچار کرد لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لوکا لە ماڵتا بنیشێتەوە، هێزەکانی میسر دەستوەردانیان کرد بۆ ڕزگارکردنی سەرنشینەکان، بەڵام ڕفێنەرەکان رووبەڕوویان بوونەوە کە بووە هۆی مردنی ٥٦ کەس، لە کۆی ٨٨ کەسی ناو فڕۆکەکە.
لە ٢٥ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٦ فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737 دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی عەممانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا فڕی و ٩١ کەس و ١٥ تیمی فڕۆکەوانی تێدابوو، دوای پێکدادان لە نێوان ڕفێنەران و هێزە ئەمنییەکان، فڕۆکەکە لە بیابانی سعودیە کەوتە خوارەوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٦٣ کەس.
لە ١٧ی شوباتی ٢٠١٤، فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٦٧ی هێڵی ئاسمانی ئەسیوپیا لەلایەن هاوفڕۆکەوانەکەیەوە ڕفێندرا، لە گەشتێکدا بوو لە نێوان ئەدیس ئەبابا و ڕۆما، لەگەڵ ٢٠٢ سەرنشین کە زۆربەیان ئیتاڵی بوون دواتر ڕفێنەرەکە دەستگیرکراو سەرنشینەکان رزگارکران.
جگە لە هەوڵەکانی رفاندن، فڕۆکەکانی بۆینگ تووشی کۆمەڵێک ڕووداوی جیاواز بوون لەوانە:
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٢ فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٣٧ کە سەر بە کۆمپانیای بۆهجە ئایر بوو، لەکاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەی سەرەکی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کەوتە خوارەوە.
دوای ساڵێک و چەند مانگێک و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٣٧ی هێڵی ئاسمانی تاتارستان لە کاتی نیشتنەوەی لە کازان لە ڕووسیا کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا هەر ٥٠ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی ٢٠١٤ فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٧٧ کە ژمارەی گەشتەکەی MH370 بوو، لە ڕێگادا بوو لە کوالالامپوری پایتەختی مالیزیاوە بەرەو پەکینی پایتەختی چین و ٢٣٩ کەسی تێدابوو، ونبوو، گەڕان بەدوای فڕۆکەکەدا، کە مالیزیا و چین و ئوسترالیا تێیدا بەشداربوون، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ وەستا، دوای ١٠٤٦ ڕۆژ بەبێ ئەوەی بگاتە هیچ ئەنجامێک کە ئەو نهێنییە ئاشکرابکات.
لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٦ فڕۆکەیەکی جۆری فلایدوبای بۆینگ ٧٣٧ لە شاری ڕۆستۆڤ ئۆن دۆن لە ڕووسیا کەوتە خوارەوە و ٦٢ کەسی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ فڕۆکەیەکی کۆمپانیای بۆینگ ” بۆینگ ٧٣٧ نەفەرهەڵگر” سەر بە کۆمپانیای لیۆن ئایر ئەندەنوسیا پاش ماوەیەکی کەم لە بەرزبوونەوەی کەوتەخوارەوە.
کەمتر لە ساڵێک دوای ئەم ڕووداوە، بە تایبەتی لە ١٠ی ئازاری ٢٠١٩، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئەسیوپی بە هەمان مۆدێل چەند خولەکێک دوای بەرزبوونەوەی لە ئەدیس ئەبابا، بەرەو نایرۆبی پایتەختی کینیا کەوتە خوارەوە و ١٤٩ سەرنشینی تێدابوو، کە هەموویان گیانیان لە دەستدا.
دوابەدوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، بەکارهێنانی فڕۆکەکانی بۆینگ ٧٣٧ ماکس لە سەرانسەری جیهان ڕاگیرا و لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجامدرا بۆ پشکنینی سەلامەتییان و دیاریکردنی هۆکاری ئەو ڕووداوانە، دوای ماوەیەک لە لێکۆڵینەوە، لەم مۆدێلە وردە وردە دەستی بەکارکردن کردەوە.
لە ٥ی ١ی ٢٠٢٤، کابینەی فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ ٧٣٧ ماکس ٩ی هێڵی ئاسمانی ئەلاسکا کە ١٧١ سەرنشین و ٦ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی تێدابوو، تەقیەوە و بە ناچاری گەڕایەوە بۆ شاری پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگۆن لە ئەمریکا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکیان پێ بگات.
کۆمپانیاکە دانی بە بەرپرسیارێتی خۆیدا ناوە لە ڕووداوەکەدا، ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمریکا بڕیاریدا پشکنینی ٤٠ فڕۆکەی هەمان جۆر ئەنجامبدات پێش ئەوەی ڕێگە بە فڕۆکەکان بدات گەشتەکانیان دەستپێبکەنەوە.
کاریگەری لەسەر کارەکانی کۆمپانیای بۆینگ و پێگەی بازاڕ: ئەم رووداوانە لەگەڵ ئەو کێشانەی دیکە کە ڕووبەڕووی فڕۆکەکانی بۆینگ بوونەتەوە، کاریگەرییەکی دارایی بەرچاویان لێکەوتووەتەوە، لەوانە دابەزینی بەهای پشکەکان و لەدەستدانی متمانە بە بازاڕ. هەروەها دواکەوتن و کێشەی کوالیتی، بووەتە هۆی ئەوەی ڕکابەرەکانی وەک ئیرباس لە بازاڕدا سوودێکی زۆریان هەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ مۆدێلەکانی وەک A350.