پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر زەوی یەکێکە لەو مەترسی و هەڕەشە جیدییانەی رووبەڕووی سەرجەم زیندەوەرانی سەر ئەم هەسارەیە دەبێتەوە بێ جیاوازی و ساڵانە بە دەیان هەزار کەس بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە دەبنە قوربانی. لە نوێترین توێژینەوەدا بە پشتبەستن بە تەکنەلۆجیای سەردەم، مۆدێڵەکانی ژیریی دەستکرد پێشبینی دەکەن تا ساڵی 2060 پلەی گەرمیی سەر رووی زەوی 3 پلەی سیلیزیی زیاد بکات، کە ئەم بەرزبوونەوەیەش زیاترە لە رێژەی چاوەڕوانکراو لە وادەی خۆیدا.
ژیریی دەستکرد پێشبینی زیاتر گەرمبوونی جیهان دەکات
زانایان بە بەکارهێنانی 10 مۆدێلی ژیریی دەستکرد و بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی بواری کەشناسی کە لە 34 ناوچەی جیهان توێژینەوەیان لەسەر کردووە، بۆیان دەرکەوتووە تا پێش ساڵی 2040 پلەی گەرمی 1.5 پلەی سیلیزی بەرزتردەبێتەوە. و لە هەندێک لەو ناوچان پێشبینی دەکرێت پلەی گەرمی بگاتە سەروو 2 پلە و لە 26 ناوچە پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2060 پلەی گەرمیان بگاتە سەروو 3 پلەی سیلیزی.
توێژینەوەی لە گۆڤاری Environmental Research Letters بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن هەریەکە لە پرۆفیسۆر نوح دیفنبۆگ لە زانکۆی ستانفۆرد، ئیلیزابێس بارنس لە زانکۆی کۆلۆرادۆ و پرۆفیسۆر سۆنیا سێنیڤیرانت کە زانکۆی زیوریخ ئەنجامدراوە و پێکەوە کاریان کردووە لەسەر بەکارهێنانی تەکنیکەکانی فێربوونی ئامێرەکان و ژیریی دەستکرد بۆ پێشبینیکردن سەبارەت بە چۆنیەتی گۆڕانی کەشوهەوای زەوی لە ماوەی دەیان ساڵ و بگرە سەدە دواتریش.
بەگوێرەی توێژینەوەکە. باشووری ئاسیا، دەریای ناوەڕاست، ئەوروپای ناوەڕاست و وڵاتانی خوار بیابانی گەورەی ئەفریقا زۆرترین کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایان لەسەرە و زووتر لە ناوچەکانی جیهان دەگەن بەو پلەیە لە گەرمی.
پلەی گەرما زیاتر دەبێت لەو رێژەیەی رێککەوتنی لەسەرکراوە
زانایان لەم دواییانەدا بە بەکارهێنانی ئەم شێوازانە بۆیان دەرکەوتووە کە پلەی گەرمیی زەوی ئەو سنوورە تێدەپەڕێنێت کە لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس دیاریکراوە کە 1.5 و 2 پلەی سەدییە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا و لە ناوەڕاستی ساڵانی 2030 و لە 2040-2050 زۆر زیاتر دەبێت لەو رێژەیە.
زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئەنجامانە جەخت لەسەر پێویستی ئامادەکاری و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەکەنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی خێرا و چاوەڕواننەکراوی کەشوهەوای ئەم بەشانەی زەوی، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی بەهێزکردنی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی جیهان دەکەن و بە مەترسییەکی گەورەی دەزانن لەسەر ژیانی مرۆڤایەتی و زیندەوەران لەسەر زەوی.
AI – ژیریی دەستکرد ئامرازێکی بەهێزە لە دیاریکردنی هۆکارەکان و شیکردنەوەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ داهاتووی دوور مەودا و چەندین مۆدێلی نوێی کەشوهەوا درووستکراون بۆ چاودێریکردنی کەشوهەوای جیهانی و شیکردنەوەی هۆکارەکان.
گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارێکی گەورەی درووستبوونی هێزە سروشتییە وێرانکەرەکانی وەک لافاو و گەرما و ئاگرکەوتنەوەیە؛ ئەمساڵ بەهۆی لافاو هەزاران کەس لە لیبیا و چین و ژاپۆن گیانیان لەدەست دا. گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی سەردەمیش لە ئەمریکا و کەنەدا و بەشێک لە وڵاتان تۆمارکرا. ئەمەجگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر دانیشتوانی گۆی زەوی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گیانیان لەدەستدا.