پۆڵەتیک پرێس
شێرپەنجە، بە ترسناکترین نەخۆشی لەجیهاندا ناسراوە و ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی ژمارەیەک زۆر لە خەڵک لەهەموو جیهاندا، نەخۆشییەکە چەندین جۆری جیاوازی هەیە و بەگشتی تووشی هەموو بەشەکانی جەستە دەبێت و توشبووان لە قۆناغەکانی سەرەتای نەخۆشییەکەدا ئەگەری چاکبوونەوەیان زیاترە، یەکێک لە جۆرە ترسناک و باوەکانی شێرپەنجەی گەدەیە، کە بە پێنجەم بەربڵاوترین شێرپەنجە لە جیهاندا ناسراوە و چەندین هۆکار و نیشانەی هەیە.
شێرپەنجەی گەدە، چوارەمین هۆکاری مردنی شێرپەنجەیە لە جیهاندا و پێنجەمین شێرپەنجەیە لە ڕووی تووشبوون، شێرپەنجەی گەدە، شێرپەنجەیەکە کە لەوانەیە تووشی ھەر بەشێکی گەدە ببێت و درێژببێتەوە بۆ سورێنچک یان ڕیخۆڵە باریکە، ساڵانە دەبێتە ھۆی مردنی ملیۆنان کەس.
شێرپەنجەی گەدە، زیاتر لە کۆریا، ژاپۆن، ئینگلتەرا و ئەمریکای باشوور بەربڵاوە، زیاتر لەنێو پیاواندا بەربڵاوە وەک لە ئافرەتان، بەشێوەیەک لەناو پیاواندا چوارەمین و لەناو ژناندا حەوتەمین بەربڵاوترینە، خواردنی خوێی زۆر و جگەرەکێشان و کەمی خواردنی سەوزە و میوە بە هۆکارێک بۆ توشبوون بەو نەخۆشییە دادەنرێت، بۆیە بڵاوبوونەوەی لە وڵاتانی وەک کۆریا و ژاپۆن دەگەڕێتەوە بۆ خواردنی ماسی خوێدار، ھەروەھا بەکارھێنانی خۆراکی قوتوو و مادەی پارێزەری خۆراک، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بەوەدەکەن هۆکارێکی دیکەی توشبوون بەو شێرپەنجەیە لەوانەیە بۆماوەیی بێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ھێشتا بەردەوامن بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، شێرپەنجەی گەدە دەکرێت بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە وەک جگەر، سییەکان، ئێسک، سک و لیمفەگرێیەکان بڵاوبێتەوە.
ئەو هۆکارانەی مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاد دەکەن
بەشێوەیەکی گشتی تائێستا هۆکارەکانی شێرپەنجەی گەدە زۆر دیارنین، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن زۆربەی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە بەهۆی زیانگەیشتن بە ناوپۆشی گەدەوە دروست دەبێت.
هەروەها گەرانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بەشێوەیەکی درێژخایەن، خواردنی ناتەندروست و سوێر، نەخواردنی سەوزە و میوە، گۆشتی زیادەی گەدە، جگەرەکێشان و بۆماوەیی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاددەکەن.
لەهەندێک دۆخی نەخۆشیدا مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە زیاد دەبێت وەک، حاڵەت lymphoma ، کە گروپێکە لە شێرپەنجەی خوێن،
هەوکردن بە بەکتریای H-pylori کە زۆرجار دەبێتە هۆی ڕوودانی برینی گەدە، هەبوونی وەرەم یان برینی شێرپەنجەیی لە بەشەکانی دیکەی سیستمیهەرس، حاڵەتی stomach polyps ، کە بریتییە لە نا ئاسایی گەشەکردنی شانەکانی ناوپۆشی گــەدە.
کەسانی بەتەمەن بەتایەتی سەروو 50 ساڵ، کەسانی جگەرەکێش، پیاوان و ئەو کەسانەی کهول بەکاردەهێنن یان پێشتر توشبووی ئەو نەخۆشییە لە خێزانەکەیاندا هەبووە مەترسی توشبوونیان زیاترە.
نیشانەکانی توشبوون بە شێرپەنجەی گەدە
-ئارەزوو نەکردنی خۆراک
-هەستکردن بە پڕی گەدە
-سک ئێشە
-کەمبوونی کێش
-زوو تێربوون
-هەڵهێنانەوەی خوێن
-هەستکردن بە پڕی گەدە و باش هەرس نەکردنی خۆراک
-سکچوون و ڕشانەوە
-زەردبوونی پێست و سپیبوونی چاو
-دڵەکزێ
-زۆر ماندوێتی و شەکەتی
-بوونی خوێن بە پیساییەوە
لەکاتی درکپێکردنی، یەکێک لە نیشانەکان پێویستە کەسی توشبوو راستەوخۆ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، بەبێ فەرامۆشکردنی دۆخەکە، چونکە لە ئەگەری پشتگوێخستن و پەرەسەندنی نەخۆشییەکە لەوانەیە لە قۆناغێکدا بێت نەتوانرێت چارەسەر بکرێت و ژیانی کەسە بکەوێتە مەترسییەوە.
شێوازەکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی گەدە
بەشێوەیەکی گشتی شێوازی چارەسەرکردنەکە بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە دەگۆرێت، تا زووتر هەستپێبکرێت و لە قۆناغی سەرەتادا بێت چارەسەرەکەی ئاسانتر دەبێت، بەم چەند رێگایە چارەسەر دەکرێت:
-چارەسەری کیمیایی
-چارەسەری بە تیشک
-چارەسەر بەڕێگای بەهێزکردنی سیستمی بەرگری وەک بەکارهێنانی دەرمان و ڤاکسین
-نەشتەرگەری