پۆڵەتیک پرێس
زانایانی شوێنەوار لە پارێزگای دهۆک تەمەنی ئەو پارچە بەردە مێژووییەیان ئاشکراکرد کە لە مانگی ئازاری پێشوو دۆزرایەوە.
زانایانی پارێزگای دهۆک ئاماژەیان بەوە کرد، ئەو پارچە بەردە نەخشێکی لەسەرە کە بە زمانی یۆنانی لەسەری هەڵکۆڵراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ بەر لە ئێستا.
لەوبارەیەوە حەسەن ئەحمەد بەڕێوەبەری مۆزەخانەی دهۆک رایگەیاند، تیمی گەڕان لە مۆزەخانەی دهۆک و دەستەی شوێنەواری کوردستان لە رۆژئاوای پارێزگاکە پارچە بەردێکیان دۆزیوەتەوە کە بە هێڵی هێڵنستی نەخشێنراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٥ی پێش زایین.
سەردەمی هێڵنستی ئەو ماوە مێژووییەیە کە ئەسکەندەری گەورە “ئەسکەندەری مەقدۆنی” تییدا کۆچی دوایی کرد، کە زۆرێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیرکرد و کەلتوری یۆنانی تێیاندا بڵاوکردەوە.
حەسەن ئەحمەد دەشڵێت: توێژەران نەخشی سەر بەردەکەیان بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە کە ئاماژەیە بۆ دیمتریۆس کە پاشایەکی مەقدۆنی سەدەی دووی بەر لە زایین بوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە، مانگی ئازاری رابردوو ئەم پارچە بەردە مێژووییە دۆزرایەوە بەڵام لەو کاتەدا نەزانرا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چ ساڵێک.