پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزە چەکدارەکانی سووریا گەیشتنە دیمەشق و رووخانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لەکارلادراوی سووریا، ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ڕاگەیەندرا کە محەمەد بەشیر، سەرۆکی حکومەتی رزگاری سوریا کە ساڵانێک ئیدلبی بەڕێوەبردووە، ڕاسپێردراوە حکومەتی نوێی سووریا پێکبهێنێت.
لەو کاتەوە تا ئێستا ڕاگەیاندنەکان چاویان لەسەر دانانی وەزیر و بەرپرسانی سیاسی و ئەمنییە لە ئیدارەی نوێی سووریادا.
حکومەتی کاتیی سووریا، حکومەتێکە کە لەلایەن هێزی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دوو ڕۆژ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بۆ بەڕێوەبردنی سووریا پێک هێنرا. هەروەها دوای کۆبوونەوەیەک کە لە دیمەشق کرا، ڕۆژی سێشەممە 10 ی کانوونی یەکەمی 2024 محەممەد بەشیر بە سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرا، کە لەژێر سەرکردایەتی ئەودا حکومەتێکی کاتیی بۆ ماوەی 3 مانگ پێک دەهێنرێت.
پێکهاتەی حکومەتی کاتیی سووریا:-
محەمەد بەشیر- سەرۆک وەزیران
مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە
محەمەد یەعقوب عومەر- وەزیری ڕاگەیاندن
ماهیر شەرع – وەزیری تەندروستی
محەمەد تەها ئەحمەد – وەزیری کشتوکاڵ
نەزیر محەمەد ئەلقادری – وەزیری پەروەردە و فێرکردن
فادی قاسم – وەزیری گەشەپێدان
محەمەد عەبدولڕەحمان موسلیم – وەزیری بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان
شادی محەمەد ئەلوەیسی – وەزیری داد
حیسام حاجی حوسێن – وەزیری ئەوقاف
عەبدولمونعیم عەبدولحافز – وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی
ریاز عەبدولرەئوف – وەزیری ئابووری
محەمەد عەبدولڕەحمان – وەزیری ناوخۆ
سەرۆک وەزیران: محەمەد بەشیر
سیاسەتمەدار و ئەندازیارێکی سورییە، لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری جەبەل ئەلزەویە لە ئیدلب لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی ئەندازیاری کارەبا و ئەلیکترۆنی لە زانکۆی حەلەب بەدەستهێناوە، وەک بەرپرسی بەشی ئامێری وردبینی لە کۆمپانیای غازی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ کاریکردووە و بڕوانامەی شەریعەت و یاسای لە زانکۆی ئیدلب لە ساڵی ٢٠٢١ بەدەستهێناوە.
بەشیر وەزیری گەشەپێدان لە حکومەتی رزگاری سووریا بووە و دواتر ئەنجومەنی گشتی شورا بە زۆرینەی دەنگ متمانەی پێداوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ڕزگاری لە خولی حەوتەمی ساڵی ٢٠١٩ تا سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤. دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، لەلایەن محەمەد جۆلانی راسپێردرا حکومەتی نوێی سووریا پێکبهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی ئینتقالی.
وەزیری دەرەوە: ئەسعەد شەیبانی
لە ساڵی ١٩٨٧ لە شاری حەسەکە لەدایک بووە، لە دیمەشق ژیاوە و لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی بەکالیۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی بەدەستهێناوە، بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەستەنبوڵ بەدەستهێناوە.
شەیبانی چەندین ناوی ساختەی هەبووە، دیارترینیان زەید ئەلعەتار بووە کە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوە لە دەستەی تەحریر شام و بەڕێوەبەری ئیدارەی سیاسی بووە لە حکومەتی ڕزگاری لە ئیدلب.
وەزیری بەرگری: مورهەف ئەبو قەسرە
سەرکردەیەکی پێشووی سوریا بووە لە ئۆپۆزسیۆنی چەکداریدا، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری کشتوکاڵی لە زانکۆی دیمەشق.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانەوە وەک ئەندازیاری توانا سەربازییەکان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا کاری کردووە، کە تێیدا سەرکردایەتی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە.
وەزیری ناوخۆ: محەمەد عەبدولڕەحمان
لە ساڵی ٢٠٢٢ لە خولی پێنجەمی حکومەتی ڕزگاری سوریا وەک وەزیری ناوخۆ دەستنیشانکرا و تا خولی شەشەمیش لەو پۆستەدا بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا سەرپەرشتی پەرەپێدانی کارەکانی وەزارەتەکەی کردووە لە ناوچە ئازادکراوەکان، لەوانەش پێدانی ناسنامە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاسایش لەو ناوچانەدا ئەو لەو کاتەدا بە گرنگیدان بە بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ ناسرابوو، کاری دەکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکان و دادگاییکردنی تاوانباران.
وەزیری تەندروستی: ماهر شەرع
لە ساڵی ١٩٧٣ لە دیمەشق لەدایکبووە، پزیشکی پسپۆڕە لە نەشتەرگەری ئافرەتان و چارەسەری نەزۆکی و منداڵبوون، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستە پزیشکییەکان، ئەمە جگە لەوەی بڕوانامەی دبلۆمی بەڕێوەبردنی سیستەمی تەندروستی هەیە.
وەک ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستی لە حکومەتی رزگاری لە پارێزگای ئیدلب کاری کردووە و ئەمەش ئەزموونی بەڕێوەبردنی کەرتی تەندروستی پێبەخشیوە.
وەزیری راگەیاندن: محمد یەعقوب عومەر
لە ساڵی ١٩٨٥ لە شارۆچکەی خان سەبیل لە پارێزگای ئیدلب لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی زانستە سیاسییەکانە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٩ وەک ڕۆژنامەنووس کاری رووماڵی دیارترین شەڕەکانی باکوری سووریای کردووە.
وەک ئەندامی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوپای فەتح کاری کردووە، بەشداری کردووە لە دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی زانیاری لە چوارچێوەی حکومەتی رزگاری سوریا، هەروەها وەک بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانیش کاری کردووە.
وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری: محەمەد تەها ئەحمەد
لە ساڵی ١٩٨٢ لە شاری حەما لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کشتوکاڵی لە زانکۆی حەلەب بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٢ درێژەی بە خوێندن داوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە هەڵسەنگاندنی دارایی و ئابووریی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە زانکۆی قاهیرە، هەروەها بڕوانامەی دکتۆرای لە ساڵی ٢٠١٢ بەدەستهێناوە.
وەک وەزیری ئابووری و سامانەکان لە حکومەتی رزگاری لە خولی یەکەم و دووەم، وەزیری کشتوکاڵ لە خولی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و هەروەها وەک وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری لە خولی شەشەمدا کاری کردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ پۆستی ئیدارەی مەدەنی و خزمەتگوزاری لە ئیدلب وەرگرتووە.
وەزیری پەروەردە: نەزیر محەمەد ئەلقادری
لە ساڵی ١٩٧٠ لە دیمەشق لەدایکبووە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە و بۆ ماوەی ١٨ ساڵ وەک مامۆستای زمانی عەرەبی کاری کردووە.
لە ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە دەستگیرکرا و 10 ساڵ لە زینداندا بوو، لە ساڵی ٢٠١٨ ئازادکرا، دواتر بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی پلانی پەروەردەیی لە حکومەتی رزگاری سوریا لە ئەستۆ گرت.
وەزیری گەشەپێدان: فادی قاسم
لە ساڵی ١٩٨٠ لە پارێزگای ئیدلب لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی حەلەب بەدەستهێناوە.
وەک ئەندازیار لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە، هەروەها بەشداری کردووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی گەشەپێدان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکانی سووریادا لە خولی حەوتەمیدا وەک وەزیری گەشەپێدان و کاروباری مرۆیی لە حکومەتی رزگاری دەستنیشانکرا.
وەزیری بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان: محەمەد عەبدولڕەحمان موسلیم
لە ساڵی ١٩٨٠ لە پارێزگای ئیدلب لەدایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕوانامەی ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی حەلەب بەدەستهێناوە.
وەک جێگری وەزیری کارگێڕی ناوخۆیی و خزمەتگوزارییەکان لە حکومەتی رزگاری سووریا کاری کردووە، هەروەها بەشداری کردووە لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ناوخۆیی لە ئیدلب.
وەک جێگری وەزیری کارگێڕی ناوخۆیی و خزمەتگوزارییەکان لە حکومەتی رزگاری سووریا کاری کردووە و بەردەوام بووە لە پۆستەکەی تا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ دا پۆستی وەزارەتی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکانی لە حکومەتی کاتی سووریا پێسپێردراوە.
وەزیری ئەوقاف: حیسام حاجی حوسێن
لە ساڵی ١٩٧٧ لە پارێزگای ئیدلب لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی شەریعەتی ئیسلامییە.
لە ساڵی ٢٠٠٢ وەک مامۆستای پەروەردەی ئیسلامی دەستی بە کارکردن کردووە، هەروەها لە کارەکانی کارگێڕی و داکۆکیکردن لە ناوچە ئازادکراوەکاندا بەشدار بووە. لە خولی چوارەمیدا وەک وەزیری ئەوقاف و ڕێنمایی لە حکومەتی ڕزگاری کاری کردووە.
وەزیری داد: شادی محەمەد وەیسی
لە ساڵی ١٩٨٥ لە پارێزگای حەلەب لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی شەریعەتی ئیسلامیەو ئێستاش خەریکی ئامادەکردنی تێزی ماستەرە لە خوێندنی ئیسلامی.
وەزیری ئابووری: باسیل عەبدولعەزیز
خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری وزە لە زانکۆی حەلەب لە ساڵی ٢٠٠٩، خولی پێشکەوتووی لە توێژینەوەی ئیمکانی ئابووری و پلاندانانی ستراتیژی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان تەواو کردووە، هەروەها وەک مامۆستا لە فاکەڵتی ئەندازیاری میکانیکی لە زانکۆی حەلەب کاری کردووە.
لە خولی سێیەم و چوارەم و پێنجەمی حکومەتی ڕزگاری سوریا وەزیری ئابوری و سامانەکان بووە.