پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رۆژی یەکشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2024، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیمزاکردنی چەند یاداشتێکی لێکگەیشتنی لەگەڵ بەدر بن حەمەد، هاوتا عومانییەکەی ڕاگەیاند.
فوئاد حسێن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی عێراق و عومان، پەیوەندییەکی مێژوویی و برایانە و بەهێزە، ئێمەش پەرۆشی ئەو بەردەوامیەین.
ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی چەندین ساڵە، ئەمە یەکەم جارە لیژنەی هاوبەش لەم ئاستەدا کۆببێتەوە و کۆمەڵێک یاداشتنامەی لێکگەیشتنمان ئیمزا کرد و لەداهاتووش کۆمەڵێک یاداشتی دیکە دەربارەی باج و لایەنی گەشتیاری و سیاسیی ئیمزا دەکەین.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی: ئێمە لە کۆبوونەوەکەی نێوانمان، دەستمان خستە سەر چەند پرسێکی سیاسی، لەوانەش پرسی فەڵەستین، کە پەرۆشین بۆ ئاگربەست، هەروەها پێویستی هاوکاریی مرۆیی ڕەوانەی غەززە بکەین.
فوئاد حسێن ئەوەشی خستەڕوو، پرسی سووریاو تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
لای خۆیەوە، بەدر بن حەمەد، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەتی عومان ڕایگەیاند، دڵخۆشین کە لەم وڵاتە گەورەیەدا ئامادەین و ئەم پەیوەندیانە بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی و هاوبەشی زیاتر بە ئامانجی ڕێککەوتنەکان بەردەوام دەبێت.