پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێم لە سووریا، ئۆپەراسیۆنێکی نێودەوڵەتی گەورە دەستیپێکرد بۆ دۆزینەوەی سامانی بنەماڵەی ئەسەد کە لە ماوەی نیو سەدە حوکمڕانی کەڵەکەبوو، کە لە شێوەی پارە و سەرمایەی خانووبەرە پارێزرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بنەماڵەی ئەسەد، کە لە ساڵی 1970ەوە حوکمی سووریا دەکەن، تۆڕێکی فراوانی وەبەرهێنانیان لە سەرانسەری جیهاندا دروست کردووە، بەپێی بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا و پارێزەران و ڕێکخراوەکانی توێژینەوە، کە لێکۆڵینەوەیان لە سامانی بنەماڵەی ئەسەد کردووە، موڵکی خێزانەکە خانووبەرەی گرانبەها لە ڕووسیا و هۆتێلەکانی ڤیەننا دەگرێتەوە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ لە سووریا، ئەندامانی خێزانەکە دەرفەتی نوێیان بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆیان و زیادکردنی سامانیان قۆستەوە، کە سوودیان لە کۆنترۆڵی ئابووری سووریا و پەیوەندییان بە تۆڕەکانی بازرگانی ماددە هۆشبەرەوە وەرگرت.
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی باس لەوەدەکات، قورسە دۆزینەوەی ئەو سەرمایە و سامانەیە کە لە چەندین وڵاتدا شاردراوەتەوە، کە تیمی یاسایی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ بەرژەوەندی خەڵکی سووریا، پارێزەران باس لەوەدەکەن، کە دۆزینەوە و راگرتنی ئەو سەرمایانە کاتێکی زۆر دەخایەنێت، هەروەک چۆن لە ڕژێمەکانی پێشوو لە ناوچەکەدا ڕوویدا.
پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن پلانیان هەیە سەرمایەی زیاتر بدۆزنەوە بەو هیوایەی بۆ خەڵکی سووریا بیگەڕێننەوە.
ئەندرو تابلەر، بەرپرسی پێشووی کۆشکی سپی کە ڕەچەڵەکی ئەندامانی خێزانی ئەسەدی ئاشکراکرد، لەکاتی کارکردن لەسەر سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا وتی: “گەڕان بەدوای سەروەت و سامانی ڕژێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەبێت، ئەوان کاتی زۆریان هەبوو بۆ خاوێنکردنەوەی پارەکانیان، ئەوان ئێستا بەباشی ئامادەن بۆ دەرکردنیان”.
بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەسەد باوک و کوڕەکەی خزم و کەسوکاریان بۆ شاردنەوەی سامانیان لە دەرەوەی وڵات بەکارهێناوە.
لەکاتێکدا سامانی بنەماڵەی ئەسەد، لە نێوان یەک بۆ 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، لێکۆڵەرەوان لەبواری گەندەڵی دان بەوەدا دەنێن، کە زۆر قورسە بە وردی قەبارەی ئەو سامانە دیاری بکرێت، کە زۆرجار لە ڕێگەی قۆرخکاری دەوڵەت و ئۆپەراسیۆنی سپیکردنەوەی پارە و تۆڕەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانەوە بەدەست هاتووە.
بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێمی سووریا، کە زۆرێک لە پیاوەکانی ئەسەدی ناچار کرد پارەکانیان لە پەناگەی باجدا بشارنەوە، تیمە یاساییەکان سەرکەوتوو بوون لە راگرتنی هەندێک لە سەروەت و سامانەکان.
لە ساڵی 2019، دادگایەکی فەڕەنسا 90 ملیۆن یۆرۆی موڵکی ڕەفعەت ئەسەدی ڕاگرت، مامی بەشار کە لە ساڵی 1982 سەرپەرشتی سەرکوتکردنی ناڕەزایی دەربڕین کرد بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە.
بەپێی واشنتن، لە ساڵی 2011، هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریا دەرفەتی نوێی بۆ بنەماڵەی ئەسەد ڕەخساند، ماهیر ئەسەد، برا بچووکەکەی بەشار، فەرماندەی فیرقەی چوارەمی زرێپۆشی سووریای گرتە ئەستۆ، کە دەستی هەبوو لە قاچاخچێتی کاپتاگۆن بۆ بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەپێی چاودێری تۆڕە سیاسی و ئابوورییەکان کە رێکخراوێکی توێژینەوەی عەرەبییە و چاودێری بازرگانی کاپتاگۆن دەکات، داهاتی ماددە هۆشبەرەکان چەندین ساڵە یارمەتی ڕژێمی سووریای داوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی بەهۆی گەمارۆکانی ئابووری ڕۆژئاوا و لەنێوان ساڵانی 2020 و 2022 تێکڕای قازانجی ساڵانەی نزیکەی 2.4 ملیار دۆلار بووە.
ڤیدیۆکانی دۆزینەوەی بڕێکی زۆر لە کاپتاگۆن لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە کە هەندێکیان لە دامەزراوەکانی ژێر کۆنترۆڵی ماهیر بوون.
بەپێی بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگری ئەوروپا و ڕاوێژکاری ڕژێمی سووریا، ماهیر پێش جەنگ دەستی بە وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات کردووە و سەرمایەکەی بریتیی بووە لە کێڵگەیەکی چا لە ئەرجەنتین.
ئەیمەن عەبدولنوور، هاوڕێیەکی زانکۆی بەشار ئەسەد، جەخت لەوە دەکاتەوە کە حافز موکلاوف، زاوای محەمەد مەخلوف کە ئەو کاتە کارمەندێکی هێڵی ئاسمانی مامناوەند بوو، بەرپرسیاربوو لە قۆرخکاری هاوردەکردنی تووتن لە وڵاتەکەدا،
عەبدولنور کە دواتر ڕاوێژکاری بێ مووچەی بەشار ئەسەد بوو، وتی مەخلوف لە کەرتی بیناسازیدا داهاتی گەورەی بەدەست دەهێنا و کاتێک بەشار لە ساڵی 2000 جێگەی باوکی گرتەوە وەک سەرۆک کۆمار، مەخلوف ئیمپراتۆریەتی کارەکانی ڕادەستی ڕامی کوڕی کرد.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕامی مەخلوف دواتر بووە سەرمایەداری سەرەکی رژێم کە سەرمایەی لە بانکەکان، میدیاکان، فرۆشگاکانی بێ باج، هێڵی ئاسمانی و پەیوەندییەکان هەیە، کە سامانەکەی دەگاتە 10 ملیار دۆلار.
ڕامی مەخلوف لە داواکارییەکدا بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی نەمسا وتی، خێزانەکەی هۆتێلێکی بە بەهای 20 ملیۆن یۆرۆیان لە ڤیەننا کڕیووە، هەروەها گرێبەستێکی تایبەتیان لەگەڵ یانەیەکی نایاب لە پاریس هەیە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2019، لەلایەن ڕێکخراوی دژە گەندەڵی Global Witness، ئەندامانی خێزانی مەخلوف خاوەنی موڵکن بە بەهای نزیکەی 40 ملیۆن دۆلار لە باڵەخانەی گرانبەها لە مۆسکۆ.
دەزگای هەواڵگریی بەڕیتانیا M16، لەساڵی 2023دا، سامانی خێزانەکەی بەشار ئەسەدی ئاشکراکرد، کە 12 ملیار دۆلار و 200 تۆن ئاڵتونی هەیە، ئەمە جگە لە چەندین جۆر ئۆتۆمبێلی گرانبەها.
خاڵی وەرچەرخان
لە وەرچەرخانێکی بەرچاودا، ناکۆکی نێوان بەشار ئەسەد و ئامۆزاکەی ڕامی مەخلوف لە ساڵی 2020دا تەقییەوە و بووە هۆی دووبارە ڕێکخستنەوەی بارودۆخی ئابووری لەناو رژێمدا.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، کە مەخلوف لە ماڵەوە دەستبەسەرکراوە و دەسەڵاتدارانی سووریا زۆرێک لە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەویان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.
بەپێی ڕاوێژکارێکی ڕژێمی هەڵوەشاوە و دیپلۆماتکارێکی ئەوروپی، هاوسەری سەرۆکی پێشوو، ئەسما ئەسەد دەستی بەسەر سەروەت و سامانەکانی ڕامی لە ناو سووریادا گرت.
لە ساڵی 2020، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای بەسەر ئەسما ئەسەد دا و وتی ئەو و ئەندامانی خێزانەکەی بوونەتە “بەناوبانگترین سوودمەندەکانی شەڕی سووریا”.