زیندانی سیدنایا…زیندانە بەدناوەکەی سووریا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

زیندانی سیدنایا، زیندانێکی سەربازییە لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەلایەن حکومەتی سووریاوە بەڕێوە دەبرا، ئەم زیندانە بۆ ڕاگرتنی هەزاران زیندانیان بەکارھاتووە، لەوانە دەستگیرکراوانی مەدەنی و یاخیبووانی دژ بە حکومەت، ڕووانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ مەزەندە دەکات کە نزیکەی 30 ھەزار دەستگیرکراو لە زیندانی سیدنایا لەژێر ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە گیانیان لەدەستداوە.

زیندانی سیدنایا، یەکێکە لە بەندینخانە سەربازییەکانی سووریا، کە بەهۆی ئەشکەنجەدان و بێبەشکردن و قەرەباڵغیی ناوەوەی بە “قەسابخانەی مرۆڤ” ناودەبرێت، هەروەها بەهۆی ئەو ڕووداوە خوێناوییانەی بەخۆیەوە بینی بە “زیندانی سوور” ناسراوە، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 توانیان بچنە ناوەوە و هەموو دەستگیرکراوەکانیان ئازاد بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سوریا و ڕاگەیاندنی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و کشانەوەی هێزەکانی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق.

ئەو زیندانە، بۆ گرتنی هەزاران گیراوی مەدەنی و دژە حكومەتی بەعس و سیاسی بەكار دەهێنرا، بە نهێنیترین و دڕندەترین زیندان ناسراوە، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی ئەو زیندانە بە بەدناوترین زیندان دادەنرێت.

یەکێک لە زیندانیکراوەکان بە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، کە گیراوانی بەندینخانەکە ناچارکراون هەڵبژاردن بکەن، لەنێوان کوشتنی خۆیان یان هاوڕێ و خزمەکانیان، هەروەها زیندانیکراوان ئەشکەنجەی نامرۆڤانە دراون.

شوێنی بەندینخانەکە

بەندیخانەکە دەکەوێتە نزیک شارۆچکەی سیدنایا بە دووری 30  کیلۆمەتر لە باکووری دیمەشقی پایتەخت، لە ساڵی 1987 دروستکراوە، دابەشکراوە بەسەر دوو بەشدا، بەشی یەکەم بە “بینای سوور” ناسراوە، کە بۆ زیندانیانی سیاسی و مەدەنی تەرخانکراوە، بەشی دووەم بە “بینای سپی” ناسراوە، کە بۆ زیندانیانی سەربازی تەرخانکراوە.

دیزانی بەندینخانەکە

بەندیخانەی سیدنایا، خاوەن دیزاینێکی تایبەتە کە دەیکاتە یەکێک لە بەندیخانە سەربازییە بەهێزەکان، لە سێ باڵەخانەی گەورە پێکهاتووە، کە لە خاڵێکدا بەیەکدەگەن، کە پێی دەوترێت دەمانچە.

هەر باڵەخانەیەک لە سێ نهۆم پێکهاتووە، هەر یەکێکیان دوو بەشی هەیە، هەر بەشێکیان 20 کۆشک لەخۆدەگرێت کە درێژییان هەشت مەترە و پانییان شەش مەترە، کە لە یەک ڕیزدا لە پەنجەرەکان دوور دانراون، بەڵام هەر چوار دانەیان یەک خاڵی هەواگۆڕکێی هاوبەشیان هەیە.

خاڵی دەمانچە، ئەو شوێنەیە کە سێ باڵەخانەکە یەک دەگرنەوە، کە بەهێزترین خاڵی زیندانەکەیە، کە ژووری ژێر زەوی و زیندانی تاکە کەسی تێدایە، هەروەها پاسەوانی 24 کاتژمێری تێدایە بۆ چاودێریکردنی بەندکراوەکان و ڕێگریکردن لە بینینی هیچ نیشانەیەکی بینای زیندانەکە یان دەموچاوەکانی بەندکراوەکان.

دڵنیایی و بەرگریکردن

لە ڕاپۆرتێکدا، کە لەلایەن کۆمەڵەی دەستگیرکراوان و بێسەروشوێنەکانی زیندانی سیدنایا بڵاوکراوەتەوە، سێ قۆناغی سیستەمی ئاسایشی زیندانەکەی ئاشکرا کردووە، کە پۆلیسی سەربازی (فیرقەی سێیەمی سوپای سووریا) هێڵی یەکەمی بەرگرییە بۆ پاراستنی دیوارەکانی دەرەوە لە هەڕەشەی ئەمنی و ڕێگرتن لە هەڵهاتنی دەستگیرکراوەکان.

یەکەکانی لیوای 21 ی فیرقەی سێیەمیش، ناوەوەی زیندانەکە دەپارێزن و چاودێری دەکەن، زیندانەکە بە دوو کێڵگەی مین ناوخۆیی و دەرەکی، یەکێکیان دژە کەسییە و ئەوی دیکەیان دژە تانک دەورەدراوە.

هەروەها یەکەیەکی دیاریکراو هەیە کە تایبەتە بە چاودێریکردنی پەیوەندی تەلەفۆنی زەمینی و ڕادیۆیی کە دێن و دەچنە ناو بەندیخانە و هەروەها پەیوەندییە ڕادیۆییەکانی دەوروبەر.

دەستگیرکراوەکان ئەو زیندانییانەی لە بەندیخانەی سیدنایا بوون، بە پێی ئەو تۆمەتە سیاسییانەی کە بەرامبەریان دانرابوو، جیاکرابوونەوە.

دوای ئەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرایکرد، کە هێزەکانی سوپای سووریا نزیکەی 13 هەزار کەسیان لە نێوان ساڵانی 2011 و 2015دا بە هەڵواسین لەسێدارەداوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە شوباتی 2017دا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بۆ لەسێدارەدانی بەندکراوەکان لە بەندیخانەی سیدنایا بکات، راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکرد، کە هەفتانە لە نیوەی شەودا لە نێوان 20 بۆ 50 کەس دەبرێنە سەر پەتی سێدارە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ساڵی 2017 ڕایگەیاند، کە حکومەتی سووریا پەنای بردووەتە بەر سووتاندنی هەزاران زیندانی لە بەندینخانەی سیدنایا بۆ شاردنەوەی ژمارەی کوژراوان  و ڕزگاربوون لەو  بەڵگانەی، کە لەوانەیە بە تاوانی جەنگ تاوانباری بکەن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لەوەدەکات، زیندانیانی بەندینخانەکە، بە بەردەوامی بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دەدرێن، بە لێدان بە بۆری پاککەرەوە یان بە چەقۆ و ئامرازی دیکە، هەروەها زیندانیان لە چاودێری تەندروستی و دەرمان بێبەش کراون و سەربازەکان هەڕەشەی دەستدرێژی دەکەنە سەریان.

ژووری خوێ

ئەو ژوورەیە، کە زەوییەکەی بە بەرزی 20 بۆ 30 سانتیمەتر بە خوێ پڕکراوە، بۆ ئەشکەنجەی دەروونی زیندانییەکان بەکاردەهێنرێن، هەروەها تەرمی ئەو زیندانیانەی تێدەکرێت، کە بەهۆی ئەشکەنجەدان و برسیبوونەوە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەك لەسەر هەر تەرمێك دەنووسرێت، بۆ ماوەی 48 كاتژمێر لەو خوێیەدا دادەنرێت، دواتر بە ئۆتۆمبێلی گواستنەوە دەبرێت بۆ نەخۆشخانە بۆ پشكنینی تەرمەكە و دەركردنی بڕوانامەی مردن، دواتر دەنێردرێت بۆ بەشی زیندانییەكانی پۆلیسی سەربازی و پاشان بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان.

کۆتایی زیندانی سیدنایا

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا توانییان لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024دا هەڵکوتنە سەر بەندیخانەی سیدنایا و هەموو دەستگیرکراوەکانی ئازادکرد، ئەمەش دوای چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریا، پاشان ڕووخاندنی حوکمی بەشار ئەسەد و کشانەوەی هێزەکانی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشقی ڕاگەیاند.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا