پۆڵه‌تیك پرێس:
بڕیاره ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی متمانه به به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی ڕۆشنبیری گشتی پارێزگاكه ببه‌خشێت، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه هێشتا كه‌یسی به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ڕۆشنبیری سلێمانی یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه.
سبەینێ سێشه‌ممه ٢٠-١٠-٢٠٢٠ بەرێوبەری نوێی رۆشنبیری سلێمانی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە متمانەی پێدەبخشرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە تا ئێستا کەیسی بەرێوبەری پێشووی رۆشنبیری لەسەر دۆسیه‌ی 20 ملیار دیناره‌كه‌ی پایته‌ختی ڕۆشنبیری یەکلایی نەبۆتەوە، سەلما فاتیح، سەرۆکی لیژنه‌ى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان له‌په‌رله‌مانی كوردستان بە پۆڵەتیک پرێس-ی راگەیاند:”لە بەدواداچوونمان بۆ بابه‌تی ئەو 20 ملیار دینارەی وەک پاڵپشتی بۆ ژێرخانی ئابووری و رۆشنبیری دابین کراوە بۆ شاری سلێمانی، لە ئەنجامدا لیژنەی رۆشنبیری دوو راسپاردەی پێشکەش بە دەستەی نەزاهە و وەزارەتی رۆشنبیری کردووە”.
وتیشی، “لەراسپاردەکاندا داوامانکردووە بۆردی نوێ بۆ پایتەختی رۆشنبیری پێکبهێنرێت و پاکتاوی چۆنیەتی خەرجیەکانی بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی بکرێت”.
سەلما فاتیح، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “لە ئێستادا ناتوانین هیچ کەس و لایەنێک تۆمەتبار بکەین بەڵام راپۆرتی خۆمان پێشکەش کردووە و چاوەروانی ئەنجامی کۆتایی دەبین”.
بڕیاربوو ساڵانه 20 ملیار دینار بۆ بوژاندنه‌وه‌ی پایته‌ختی ڕۆشنبیری سلێمانی خه‌رجبكرێت، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه یه‌كجار خه‌رجكراوه و له‌ماوه‌ی ڕابردوودا بوه باسێكی گه‌رم كه تیایدا به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ڕۆشنبیری سلێمانی تۆمه‌تباركرا به “به‌هه‌ده‌ردان” له‌چۆنیه‌تی خه‌رجكردنی پاره‌كه.