پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەو کاتەی لایەنگرانی بەشار ئەسەد هەموو هەوڵیکیان بۆ ئەوە بوو دیمەشقی پایتەخت نەکەوێتە دەست گرووپە چەکدارەکان، ئەسەد خەریکی داڕشتنی پلانی هەڵهاتن و رزگارکردنی خۆی و خانەوادەکەی بوو بۆ ئەوەی چارەنووسی هەمان چارەنووسی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی یەمەن و موعەمەر قەزافی، سەرۆکی لیبیای بەسەر نەیەت، کە لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنەوە کوژران.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز کە لەلایەن 10 کەس لە کەسە نزیکەکانی ئەسەدەوە دەستیکەوتووە، سەرۆکی سووریا لەو کاتەی لە دەسەڵات بووە پلانی هەڵهاتنی لە ئەگەری کەوتنی دەسەڵاتەکەی داڕشتووە و هیچ کەسێک لە بەرپرسانی حکومەت و تەنانەت کەسە نزیکەکانیشی لەو پلانە ئاگادار نەکردووەتەوە.
ئەسەد فێڵی لە سووپا و کەسە نزیکەکانی کرد
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەسەد رۆژی شەممە 7ـی کانوونی یەکەم و یەک رۆژ پێش رووخانی رژێمەکەی، چەند کاتژمێرێک پێش هەڵهاتنی بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، 30 کەس لە فەرماندە باڵاکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی لە دیمەشق کۆکردووەتەوە و قسەی بۆ کردوون و دڵنیایی پێداون کە هاوکارییە سەربازییەکانی رووسیا لە نزیکترین کاتدا دەگەن و هاوکێشەکان بە سوودی رژێمەکەی ئەو دەشكێنەوە.
سوپا و هێزە وشکانییەکانی سووریا بە پشتبەستن بەم قسەیەی بەشار ئەسەد کە لە کۆبوونەوە ئەمنییەکەدا کردبووی و بەو هیوایەی کە هێزی رووسی بەم نزیکانە دێن بە هانایانەوە، ماوەی چەند رۆژێک بەرگریی سەختیان لە دیمەشق کرد و چەکدارانی تەحریری شام نەیانتوانی ئەو ئەڵقە بەرگرییە بشکێنن کە بە چواردەوری دیمەشقدا درووستکرابوو.
بەڵام هێزەکانی رووسیا نەک هەر نەهاتن بە دەم بەشار ئەسەدەوە، بەڵکوو بەگوێرەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک، رووسەکان بە لەکاتی کشانەوەیاندا بە تەنیشت قافڵەیەکی چەکدارانی تەحریری شام تێدەپەڕن و هیچ بەرکەوتنێک لەنێوانیاندا روونادات، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رێککەوتنی پێشوەختەی رووسەکان و ئەو گرووپانە بۆ کشانەوەی هێزەکانی رووسیا بە سەلامەتی لەو ناوچانەی هێرشی توندیان لەسەر بووە.
ئەسەد تەنانەت خزمەکانیشی لە پلانی هەڵهاتن ئاگادارنەکردبووەوە
پلانی هەڵهتانی بەشار ئەسەد لە سووریا، بۆ فەرماندە سەربازییە باڵاکان، خزم و کەسە نزیکەکانی بەشار و تەنانەت کارمەندانی حکومەتەکەی خۆشی نەزادراو و رانەگەیەندراو بووە. یاریدەدەرێکی ئەسەد دواین ساتەکانی ناوبراو لە سووریا باس دەکات و دەڵێت، بەشار ئەسەد لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوە ئەمنییەکە بەرپرسی نوسینگەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە دیمەشق، بەڵام لەبری ئەوە بەرەو فڕۆکەخانە رۆشتووە.
بە وتەی ئەو یاریدەدەرە، ئەسەد دواتر پەیوەندی بە بوسەینە شەعبان-ی راوێژکاری کردووە و داوای لێکردووە کە بێتە ماڵەکەی و وتارێکی بۆ بنووسێت بەڵام کاتێک بوسەینە دەچێتە ماڵەکەی بەشار ئەسەد، دەبینێت سەرۆک لەوێ نییە و هەڵهاتووە.
پلانی هەڵهاتن چۆن جێبەجێکرا و رووسەکان چییان بۆ ئەسەد کرد؟
رۆیتەرز لە زاری دوو ئەفسەری باڵای سوپای سووریاوە چیرۆکی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد بڵاودەکاتەوە، بە وتەی ئەو دوو ئەفسەرە ئەسەد کاتژمێر 3:59 خولەکی بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە فڕۆکەخانەی دیمەشق سواری فڕۆکەی “ئیلوشین ئیل-76تی”ـی رووسیی سەر بە هێڵی ئاسمانیی سوووریا بووە و لە فڕۆکەخانەوە بەرەو شوێنێکی دیارینەکراو رۆشتووە.
بەگوێرەی داتاکانی Flightradar24، فڕۆکەکە سەرەتا بەرەو کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست رۆیشتووە کە ئەو شوێنانە جێ نفوسی عەلەوییەکانی لایەنگری ئەسەدە و شوێنی دوو بنکەی سەربازی گەورەی رووسیایە کە یەکێکیان بنکەی ئاسمانی حومەیمیم و ئەو دیکەیان بنکەی هێزی دەریایی سوپای رووسیایە لە تەڕتووس.
پاش گەیشتنی ئەسەد بە لازقییە، فڕۆکەیەکی سەربازیی رووسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی لازقییە کە دەکەوێتە تەنیشتن بنکەی حومەیمیم-ی سوپای رووسیا، ئەسەد و بنەماڵەکەی هەڵگرتووە و بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتوون.
بلومبێرگ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی کرێملینەوە بڵاویکردووەتەوە، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا داوای لێکۆڵینەوەی کردووە سەبارەت بە شکستی دەزگای هەواڵگری رووسیا لە ئاشکراکردنی مەترسییەکانی سەر بەشار ئەسەد و رووخانی رژێمەکەی لەو ماوە کەمەدا.
بەگوێرەی بلومبێرگ، تەواوی پلانی هەڵهاتن و دەربازکردنی بەشار ئەسەد لەلایەن دەزگای هەواڵگریی رووسیاوە جێبەجێکراوە و و تەنانەت ئەوەشی خستووەتەڕوو، رووسەکان سیستەمی راداری بەسەر سوریاوە لەکار خستووە بۆ ئەوەی ئەو فڕۆکەیەی ئەسەدی هەڵگرتبوو نەدۆزرێتەوە.
بەشار ئەسەد، کوڕی حافز ئەسەدی سەرۆکی پێشووتری سووریایە و بنەماڵەکەی ئەسەد ماوەی 53 ساڵ فەرمانڕەوایەتیی ئەو وڵاتەیان لەدەستبوو، رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 پاش 13 ساڵ لە شەڕ و ململانێی ناوخۆ دواجار دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا کۆتایی پێهات.