پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لە 70 رۆژ، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی سەختدا ژیان بەڕێدەکەن و لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانیش داوای خۆپشاندان و مانگرتنی سەرتاسەریی دەکات.
رۆژی پێنجشەممە 12-12-2024، سامان حوسێن، لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد، 72 رۆژە مووچەی کەمئەندامان دابەشنەکراوە کە بڕەکەی تەنها 150 هەزار دینارە و “دۆخی کەمئەندامان بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە لەوپەڕی خراپییدایە و رۆژانە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت سەردانی یەکێتییەکەیان دەکەن و داوای هاوکاریمان لێدەکەن، بەهۆی ئەوەی توانای هاوکاریکردنمان نییە لە ناچاریدا دەوام ناکەین”.
داوای لە سەرجەم فەرمانبەران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کرد کە دژی پێنەدانی مووچەوە ”مانگرتنی سەرتاسەریی” رابگەیەنن
لێپرسراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان دەڵێت: “کەمئەندام ئەگەر مووچەیەکی دیکەی هەبێت، مووچەی کەمئەندامییەکەی 100 هەزار دینارە، مووچەی دیکەی نەبێت 150 هەزار دینار مووچەی هەیە، ئەگەر ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی کەمئەندامان دابەشبکات رۆژی 1250 دیناری بۆ دەمێنێتەوە، کەس هەیە کەمئەندام و خێزانداربێت و رۆژانە بە 1هەزار و 250 دینار بژی؟”.
سامان حوسێنراشیگەیاند، ئەوان “هیچ ئومێدێکیان بە حکومەتی هەرێم نەماوە” بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان و مووچە و بژێویی ژیانیان، داواشی لە دەوڵەمەند و خێرخوازەکانی شارەکانی هەرێم کرد “بەگوێرەی توانا هاوکاریی ئەو خێزانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکەن”.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 76 هەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە؛ مووچە و شایستەی دارایی ئەو چینەی کۆمەڵگە بە نزیکەی 11 ملیار دیناری مانگانە دەخەمڵێندرێت، بەڵام بە وتەی خۆیان، حکومەتی هەرێم ناتوانێت ئەو بڕە پارەیەیان بۆ دابین بکات.