پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەشار ئەسەد، لەدایکبووی 11ی ئەیلوولی 1965، سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا بوو، بەشار ئەسەد لە ساڵی 2000دا پاش مردنی حافز ئەسەدی باوکی، ئەم پۆستەی وەرگرتووە، لە ساڵی 2024یش كۆتای بە حكومڕانیەكەی هێنرا.
بەشار حافز ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لەدایکبووە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە قوتابخانەکانی دیمەشق تەواوکردووە، ساڵی 1988 کۆلێژی پزیشکی زانکۆی دیمەشق بەشی پسپۆڕی چاوی تەواو کردووە، دوای تەواوبوونی خوێندنی لەبواری پیشەکەیدا کاری کردووە، لە ساڵی 1992 بۆ خوێندنی باڵا لە بوارەکەیدا چووەتە بەریتانیا و هەر لە لەندەن ماوەتەوە، لە ساڵی 1995 وەک بەرپرسی دۆسییەی لوبنان دانراوە و ڕۆڵێکی کاریگەری لە بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتە هەبووە.
بەشار ئەسەد، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2000 لەگەڵ ئەسما ئەخراس، کە هاوڵاتیەکی بەڕیتانیای بەڕەگەز سووریە هاوسەرگیری کرد، سێ منداڵ دوو کوڕ و کچێکیان بە ناوەکانی حافز، زەین و کەریم هەیە.
وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی
حافز ئەسەد لە ساڵی 1970، کودەتای کرد و لە ساڵی 1971دا بوو بە سەرۆک کۆماری سووریا و تا ساڵی 2000 کە مرد لە پۆستەکەدا مایەوە، حافز ئەسەد، لە وەسیەتنامەکەیدا باسل ئەسەد، کوڕە گەورەکەی بۆ گرتنەوەی شوێنی خۆی دەستنیشان کرد، بەڵام ئەو لە ساڵی 1994 لە تەمەنی 31 ساڵیدا بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، بەم جۆرە کورسی سەرۆکایەتی وڵات بۆ بەشار ئەسەد مایەوە، کەهیچ زانیاری و تێڕوانێکی لەسەر سیاسەت نەبووە و گەڕێندرایەوە سووریا وەک جێگرەوەی پلە و پۆستەکانی باسلی برای دیاریکرا، لەکاتێکدا بەپێی دەستوری سووریا، پێویست بوو تەمەنی سەرۆک لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام بەشار ئەسەد لەوکاتەدا تەنھا تەمەنی 34ساڵ بوو، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی سووریا ئەو خاڵەی لە دەستوورەکە گۆڕی و کردی بە 34 ساڵ، لە ڕۆژی 17ی تەموزی 2000 سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە سەرۆکی سووریا.
سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد
بەشار ئەسەد، بەھاتنی بۆ سەر حوکم، بەمەبەستی باشترکردنی ئابووری خەڵک و وڵات، ویستی کۆمەڵێک چاکسازی لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا بکات، بەڵام نەیتوانی بەهۆی بڕیارە تاکڕەویی و هەڵەشەکانی و کەم ئەزموونی لە بواری سیاسەتدا، ئابووری وڵاتەکەی دووچاری قەیران و هەڵئاوسان بووەوە و سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار کرا بەوەی دەستی هەبوو لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان لە تیرۆرکردنی “ڕەفیق حەریری” سەرۆکی لوبنان لە ساڵی 2005، بە ناچاری ئەو هێزەی کە لە سەردەمی دەسەڵاتی حافز ئەسەدی باوکییەوە لە ساڵی 1975وە لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی لوبنانەوە جێگیر کرا بوو، لە ساڵی 2005 کشانەوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد، وڵات هاوشێوەی زیندانییەکی گەورە بوو بۆ گەل و هاونیشتیمانانی سووریا، ڕاگۆڕینەوە و ئازادی ڕادەربڕین قبووڵنەدەکرا، زۆرێک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان و بەرهەڵستکارانی دەسەڵات زیندانی کرابوون و بە قورسترین ڕێگە ئەشکەنجە دراون.
بەشار ئەسەرد لەڕووی کەسایەتییەوە، بەراورد بە حافز ئەسەدی باوکی و براکەی سەرکەشی کەمتر بوو، ئەسەد خۆی بە کەسێکی مۆدێرن دەبینی، بەڵام ئامادە نەبوو لەو شێوە دەسەڵاتە دووربکەوێتەوە کە باوکی پەیڕەوی دەکرد، هەمان میکانیزم و ڕێگەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری باوکی دژ بە گەلەکەی بەکارهێناوە.
دەستپێکی سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆ
لە ڕۆژی 27ی شوباتی ساڵی 2011، ڕووداوێکی سادە بووە بنچینەی هەڵگیرسانی شۆڕش لە سووریا و پاشان ڕوودانی جەنگی ناوخۆ، کاتێک لە بازاڕێکی دیمەشق گەنجێک لەلایەن چەند پۆلیسێکەوە ڕووبەڕووی لێدان و سوکایەتی بووەوە، ئەم ڕووداوە هۆکار بوو بۆ دروستبوونی خۆپیشاندانێکی لەناکاو لە دیمەشق، وەزیری ناوخۆ چووە ناو خۆپیشاندەران و بارودۆخەکەی هێورکردەوە، دواتر لە دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی بن عەلی و حوسنی موبارەک پێشبینی ئەوە دەکرا، کە بەهاری عەرەبی بگاتە سووریا، لە مانگی ئادار لە شاری دەرعا کۆمەڵێک منداڵ لەسەر دیواری خوێندنگەکەیان، دژی بەشار ئەسەد چەند دێڕێکیان نووسی، منداڵەکان زیندانی کران و ئەشکەنجە دران، کەسوکاری منداڵەکان داوای ئازادکردنی نەوەکانیان کرد، بەڵام بەرپرسی ئەمنی شارەکە کە کوڕی پوری بەشار ئەسەد بوو، بە شێوەیەکی زۆر خراپ وەڵامی دانەوە.
لەو شارەوە ئاگری شۆڕش دەستیپێکرد و خۆپیشاندانی ئاشتیانە هەموو شارەکانی سووریای گرتەوە، لە بەرامبەردا ڕژێمی ئەسەد بە چەک وەڵامی دانەوە، لە هاوینی ساڵی 2011 ئۆپۆزسیۆنی وڵات چەکی دژی ڕژێمی دەسەڵات هەڵگرت و قۆناغ بە قۆناغ شۆڕش و خۆپیشاندانی ئاشتیانە بۆ شەڕی ناوخۆ گۆڕا، لە ساڵی 2013 ناوچەی غوتەی دیمەشق بە گازی سارین کیمیا باران کرا و 1500 کەس کوژران، هەمووان ڕژێمی ئەسەدیان بەم ڕووداوە تۆمەتبار کرد، لەسەر ئەم ڕووداوە ئەمریکا و فەڕەنسا بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی دژی دەسەڵاتی سووریا رێککەوتن، بەڵام لە دواساتەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا پەشیمان بووەوە، چونکە ڕووسیا پاڵپشتی هێزەکانی سووریای کرد پاشان هەر یەک لە وڵاتای ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی بوونە پاڵپشتی سەربازی بۆ ڕژێم و دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، پاش دروستبوونی چەند گروپێکی توندڕە و نموونەی داعش و داگیرکردنی چەند شارێکی گرنگی سووریا، و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکی و پاڵپشتی کردنی ئەسەد، ڕژێم و دەسەڵاتی نەڕوخێنران و بەشار ئەسەد هەر لەسەر دەسەڵات مایەوە.
رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، چەکدارانی سەر بە گرووپی ”تەحریر شام” هێرشیانکردە چەند پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا و رۆژئاوای کوردستان، بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو چەکدارانە و سوپای سووریا درووستبوو ، دووبارە شەڕێكی لەناکاو سووریای گرتووەتەوە، دەستەی تەحریری شام هێرشێكی لەناكاوی كردە سەر شاری حەلەب و ناوەندی شارەكەی كۆنترۆڵكرد، دواتر چوونە دەروازەی شاری حەما، لە رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەكانیان، هێرشیان كردە سەر شاری حەلەب لە باكووری رۆژئاوای سووریا و پاشەكشەیان بە حكومەتی سووریا كرد، سەرەتا لە رۆژئاوای شارەكەوە چوونە ژوورەوە و دواتر هەموو حەلەبیان كۆنترۆڵكرد، لە ساڵی 2011ەوە، یەكەمجار بوو حەلەب بەو شێوەیە بكەوێتە دەست گرووپی چەكدار.
هاوشانی هێرشەكانی دەستەی تەحریری شام، گرووپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی نزیكی توركیا، هێرشیان كردە سەر هێزە کوردییەکان، لە پارێزگای حەلەب و شارۆچكەی تەل ڕەفعەت و گوندەكانی دەورووبەریان كۆنترۆڵكرد.
لەگەڵ بەردەوامی و پەرەسەندنی شەڕەکەدا ڕۆژی 8 ی کانونی یەکەم، ژووری ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکان، کۆتاییهاتنی حوکمی 50 ساڵەی بەعسی لە سووریا راگەیاند، لە راگەیەندراوێکدا ژووری ئۆپراسیۆنەکان، رایگەیاند، “پاش 50 ساڵ لە ستەم لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا و 13 ساڵ لە تاوانکاریی و ستەمکاریی، پاش خەباتێکی درێژخایەن و رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو جۆرەکانی هێزی داگیرکەر، کۆتایی ئەم سەردەمە تاریکە و سەرەتای سەردەمێکی نوێ بۆ سووریا رادەگەیەنین.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە سووریای نوێدا، هەمووان بە ئاشتی پێکەوە دەژین و نرخی هەموو سوورییەک دەزانرێت و شكۆی پارێزراو دەبێت”، جەختیکردەوە “لاپەڕەی تاریکی رابردوو دادەخەین و ئاسۆیەکی نوێ بۆ داهاتوو دەکەینەوە”.