پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ کۆبووەوە و رایگەیاند، “چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ لە چەند رۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و 12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەشبکرێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە11ی کانونی یەکەم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا، بەپێی راگەیەندراوەكەی لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، راپۆرتێکیان دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و خشتەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 پێشکەشکرد.
ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێکردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، موچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش موچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بەبێ کەموکوڕیی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوویان کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت، پشت بەو دەسەڵاتەی پێیاندراوە، بە گوێرەی ماددەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق، چارەسەری بنەڕەتی کورتهێنانی تەرخانکراویی مووچەی هەرێم بکەن، تاکوو مووچەخۆرانی هەرێم، هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان بە تەواویی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چی دی پاساو و بیانووی تەکنیکی، نەکرێتە بەربەست لەبەردەم شایستە داراییەکانی مووچەخۆران کە پێویستە دووربێت لە هەموو ناکۆکییەک.