پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ هاوبەشانیان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوا) لانیکەم لە ئێستادا بەردەوام دەبن و کاری لەپێشینەیان پاراستنی بنکەکانی ئەمریکا دەبێت.
بەگوێرەی ئاژانسی دەنگی ئەمریکا، رۆژی یەکشەممە، بەرپرسێکی باڵای حکومەتی فیدراڵیی ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات بە رۆژنامەنووسانی وتووە، پاراستنی شوێنەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی سوریادا ” شتێکە کە بەردەوام دەبین لەسەری.”
ئەو بەرپرسە راشیگەیاندووە، ” پێمان وایە ئەو بوونەمان زۆر گرنگە بۆ جێگیریی ئەو ناوچانە و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی داعش بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە، هەروەها بۆ یەکپارچەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەو گروپانەی کە لە رۆژهەڵات کارییان لەگەڵدا دەکەین بۆ پاراستنی ئاسایش لەوێ.”
ئەمە لەکاتێکدایە، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ئێستادا لە پارێزگاکانی دێرەزوور و مەنبەج لەژێر هێرشی سەختی چەکدارانی گرووپی سوپای نیشتیمانیی سوورین کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتییان لێدەکرێت و تا ئێستا چەندین هێرشی ئەو گرووپە تیرۆرستییەی بۆ گرتنی مەنبەج شکست پێهێناوە.
ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان نزیکەی 900 سەربازی جێگریی هەیە و لە ساڵی 2015ەوە هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ رووبەڕووبونەوەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش پێکهێناوە.