پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەدرێژایی مێژوو وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی شاهیدی کۆمەڵێک شۆڕش و ناڕەزایەتی بوون، دیارترینیان شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی بوو کە تونس لە ساڵی 2011دا هەڵگیرساند و بە ڕووخانی سەرۆکەکەی زین ئەلعابیدین بن عەلی کۆتایی هات، شۆڕشەکانی تر توانیان سەرۆککۆمارەکان لاببەن و ڕژێمەکان بڕوخێنن کە بۆ دەیان ساڵ لە دەسەڵاتدابوون، کۆتا سەرۆک و سەرکردەش بەشار ئەسەد بوو کە شۆڕش و راپەڕین لە دژی دەستی پێکردو دواتر گۆڕدرا بۆ ململانێی خوێناوی چەکداری کە نزیکەی 14 ساڵ بەردەوام بوو و کۆتایی هات.
بەشار ئەسەد
بەشار ئەسەد، لە ساڵی 2000 دوای کۆچی دوایی حافز ئەسەدی باوکی، لە 10ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا، هەموارکردنەوەی دەستووری لە ماوەیەکی پێوانەییدا ئەنجامدا بەم شێوەیە بوو بە یەکەم سەرۆکی عەرەب کە لە وڵاتێکدا کە سیستەمی کۆماریی هەبوو، لە دوای باوکی دەسەڵاتی گرتەوە دەست.
ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای کرد کە ئەسەد ڕێبازی باوکی بۆ حوکمڕانی پەیڕەو نەکات و داوای چاکسازیی سیاسی و ئابووری کرد، دەستبەجێ ڕژێمی ئەسەد دەستیکرد بە دەستپێکردنی زنجیرەیەک دەستگیرکردنی بەرفراوان و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و توندکردنەوەی کۆنترۆڵی هاووڵاتییان، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ هەندێک وڵات خراپتر بێت، دیارترینیان ئەمریکا و لوبنان بوون.
دوای سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011 لە تونس، میسر، لیبیا و یەمەن، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە 15 ی ئازاری هەمان ساڵ لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و شارەکانی دیکە دەستیپێکرد و شۆڕشگێڕان داوای ئازادیی، چاکسازیی سیاسی و گۆڕانکارییان کرد.
رژێمەکەی ئەسەد بە گوللـە وەڵامی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکانی دایەوە و خۆپیشاندەران و چالاکوانانی دەستگیرکرد، ڕەوشی ئارامی وڵاتەکە تێکچوو، پاشان سەرۆککۆماری سوریا بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش پەنای بۆ پاڵپشتی دەرەکی برد، دواتر وڵاتەکە چووە ناو شەڕێکەوە کە سەدان هەزار کەسی تێدا کوژران و بریندار بوون.
دوای نزیکەی 14 ساڵ شەڕ کە چەند لایەنێکی دەرەکی دەستوەردانیان تێدا کرد، ئۆپۆزسیۆنی سووریا توانی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد کە زیاتر لە 60 ساڵی خایاند، بڕوخێنێت و بەرەبەیانی رۆژی 8_12_2024 بەشار ئەسەد و خێزانەکەی هەڵاتن.
زەینلعابیدین بن عەلی
زەینلعابیدین بن عەلی لە7 ی تشرینی دووەمی 1987 دا حوکمڕانی تونسی گرتە دەست، دوای کودەتاکەی دژی حەبیب بۆرقیبە، خۆی بە سەرۆکی وڵاتەکە دیاریکردو پڕوپاگەندەی ئەوەی کرد کە بۆرقیبە ناتوانێت ئەرکی سەرۆکایەتی وەک خۆی جێبەجێ بکات.
بن عەلی ڕژێمێکی دامەزراند کە بە تاکڕەو و ستەمکار ناسرا، پریشکی شۆڕشی تونس لەلایەن گەنجێک بەناوی محەمەد بوعەزیزیەوە هەڵگیرسا کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2017 خۆی سووتاند وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە سووکایەتیکردن بە کەرامەتی لەلایەن ژنە پۆلیسێکی تونسییەوە، بۆیە تونسییەکان هاتنە سەر شەقام و داوای ڕۆشتنی بن عەلییان کرد.
لە 14ی 1ی 2011، دوای چەند مانگێک لە سەرهەڵدانی شۆڕش، بن عەلی لە وڵاتەکەی هەڵات و تا کۆچی دوایی لە 19ی ئەیلولی 2019 لە دەربەدەریدا مایەوە.
حوسنی موبارەک
حوسنی موبارەک پیاوێکی سەربازی میسریی بوو، دوای کوشتنی ئەنوەر سادات سەرۆککۆماری میسر لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1981، لە میانی نمایشێکی سەربازیدا، دەسەڵاتی گرتە دەست.
لە سەردەمی دەسەڵاتی سادات بەشداری لە دانوستانەکانی کەمپ_ دەیڤد لە نێوان میسر و ئیسرائیلدا کرد، کە بە واژۆکردنی ڕێککەوتن لە ساڵی 1987 کۆتایی هات، لە سەردەمی موبارەکدا میسر توانی زەویەکانی لە نیمچە دورگەی سینا وەربگرێتەوە، لەنێویاندا ناوچەی تەبا لە ساڵی 1989.
لە 25 ی کانوونی دووەمی 2011 دا، شۆڕش لە وڵاتدا هەڵگیرسا، بەهۆی تێکچوونی باری ژیانی دانیشتووانەوە، کە داوای ژیانی شایستە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادییان دەکرد، شۆڕش بۆ ماوەی 18 ڕۆژ بەردەوام بوو و بە ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی موبارەک لە دەسەڵات کۆتایی هات لە 11ی شوباتی هەمان ساڵ.
موبارەک بە تۆمەتی پەیوەست بە کوشتنی خۆپیشاندەران لە سەردەمی شۆڕشدا دادگایی کرا، دادگاش سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند، هەروەها لە زینداندا مایەوە تا ساڵی 2017 لە زۆربەی تۆمەتەکان بێتاوان دەرچوو، دواتر تا مردنی لە زیندان ئازادکرا.
عومەر بەشیر
عومەر بەشیر سەربازێکی سودانی بوو، لە کودەتایەکی سەربازیدا هاتە سەر دەسەڵات، کە لە 30ی حوزەیرانی 1989 حکومەتی سدیق مەهدی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی ڕووخاند، بۆ ماوەی 30 ساڵ لە پۆستەکەیدا مایەوە و لەو ماوەیەدا سودان شاهیدی قەیرانی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی بوو.
لە ساڵی 2008 دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەشیری تۆمەتبارکرد بەهۆی سەرکوتکردنی بزووتنەوە چەکدارییەکەی ناوچەی دارفور، دوای ئەوەی بە بەرپرسیاری کوشتنی زیاتر لە 30 هەزار کەس لە هێرشەکانی هێزەکانی سودان و میلیشیاکانی “جەنجاوید” کە لەلایەن حکومەتەکەی ئەلبەشیرەوە پاڵپشتی دەکران، دانرا.
لە 19ی کانوونی یەکەمی 2018، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری وڵاتەوە، ناڕەزایەتی دژی سیاسەتەکانی حکومەت سەریهەڵدا، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کەلوپەلی بەکارهێنراو، هەروەها نەختینەیی دارایی لە وڵاتەکەدا کەمبووەوە.
هێزەکانی پۆلیسی سودان خۆپیشاندەرانیان سەرکوت کرد و لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژران و بریندار بوون، شۆڕشگێڕان داوای ڕووخانی رژێمەکەی بەشیریانکرد.
ڕۆژی 6ی نیسانی 2019 خۆپیشاندەران توانیان بگەنە شوێنی فەرماندەیی گشتیی سوپای سودان و لەگەڵیدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداو داوایان کرد سوپا لایەنگری ئیرادەی گەل بێت.
بەرەبەیانی 11 ی هەمان مانگ، ئەنجومەنی سەربازی بە سەرۆکایەتیی عەواد بن عەوف وەزیری بەرگری ئەوکات ڕایگەیاند؛ ئەلبەشیر لابرا و باری نائاسایی سەپێنرا و دەستووریش ڕاگیرا، بەڵام بن عەوف دوای دوو ڕۆژ دەستبەرداری پۆستەکەی بوو و پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتی ڕادەستی لیوا عەبدولفەتاح ئەلبورهان کرد.
موعەمەر قەزافی
موعەمەر قەزافی، لە ساڵی 1969 لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە لە دژی ئیدریس سینوسسی، پاشای شانشینی لیبیا، هاتە سەر دەسەڵات، دامەزراندنی سیستمی کۆماری لە لیبیا ڕاگەیاند.
قەزافی بە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ جەمال عەبدول ناسر، سەرۆکی میسر ناسرابوو، لەگەڵ بانگەوازە توندەکانی بۆ یەکگرتوویی عەرەب.
پەیوەندی نێوان ئەو و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، وەکو ئەمریکا و بەریتانیا، بەهۆی لێدوان و هەڵوێست و چالاکییەکانییەوە گرژ و ئاڵۆزبوو.
قەزافی دەیان ساڵ حوکمڕانی وڵاتی کرد، لەو ماوەیەدا ئەندامانی بنەماڵەکەی تۆمەتبار کران بە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی تواناکانی وڵات و سەرکوتکردنی ئازادییەکان ئەمانە بوونە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی لیبیا لە17 ی شوباتی 2011 و شۆڕشگێڕان داوای ڕۆشتنی قەزافی و دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسی فرەییان دەکرد.
ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی گۆڕا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان خۆپیشاندەران و لیواکانی قەزافی، کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، سەرۆککۆمار هەموو ئەو بانگەوازانەی ڕەتکردەوە کە داوایان لێکرد دەستبەرداری دەسەڵات بێت و پێداگری لەسەر پابەندبوون بە دەسەڵاتەوە کرد و شۆڕشگێڕانی تۆمەتبارکرد بە خیانەت و هاوکاری لەگەڵ ڕۆژئاوا.
دوای چەند مانگێک لە سەرهەڵدانی شۆڕش، قەزافی لە 20 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2011 کوژرا.
عەلی عەبدوڵڵا ساڵح
عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە ساڵی 1979 حوکمڕانی باکوری یەمەنی گرتە دەست، لەو ساڵەدا هەوڵی کودەتای بەسەردا درا، بەڵام کودەتاچییەکان سەرکەوتوو نەبوون، دواتر بڕیاریدا پشت بە کەسانی نزیک لە خۆی ببەستێت بۆ بەڕێوەبردنی سوپا و ئاسایش و دامەزراوەکان و کاری گرنگی لە دەوڵەتدا بۆ دیاری کردن.
دوای ڕاگەیاندنی یەکێتی یەمەن لە ساڵی 1990، ساڵح سەرۆکایەتی یەمەنی کرد، بەڵام دۆخەکە لە وڵاتەکەدا سەقامگیر نەبوو، لە باشوور و باکوری یەمەنیش گرژیی سەربازی سەریهەڵدا، پاشان وڵاتەکە کەوتە ناو شەڕێکی هەمەلایەنەوە، لە ساڵی 1999 بووە یەکەم سەرۆک کە لەلایەن گەلی یەمەنەوە ڕاستەوخۆ هەڵبژێردرا.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی یەمەن، خەڵکی یەمەن لە سەرەتای ساڵی 2011 بۆ خۆپێشاندان چوونە سەرشەقام و لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانییان ئەنجامدا، لە ژێر کاریگەری ئەو شەپۆلی شۆڕشانەی کە لەو سەردەمەدا لە وڵاتانی عەرەبی سەریهەڵدا، خۆپیشاندەران داوای ڕووخانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و ڕژێمەکەیان کرد.
لە 3ی حوزەیرانی 2011 دا ساڵح هەوڵی کوشتنی درا و بە سەختی بریندار بوو دواتر گەڕایەوە بۆ یەمەن و ڕێککەوتنێکی بە چاودێری ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو و لایەنەکانی دیکە واژۆ کرد بەوەی دەسەڵات بگوازێتەوە بۆ جێگرەکەی، عەبد ڕەببوح مەنسور هادی و لە بەرامبەردا وەرگرتنی پارێزبەندی لەترسی ڕاوەدونانی.
عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، دوای 33 ساڵ حوکمڕانی وڵات، ڕۆژی 27ی شوباتی 2012 دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری کێشایەوە، تا دواجار لە 4 ی کانوونی دووەمی 2017 دوای پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکان و لایەنگرانی کوژرا.