شەڕی سوریا دەگاتە عێراق؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ماوەی هەفتەیەک زیاتر دەبێت، جارێکی دیکە شەڕ لە سووریا دەستیپێکردەوە، لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سووری کە بە گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ناودەبرێن، هێرش کرایە سەر شاری حەلەب و توانرا زۆربەی پارێزگاکە داگیربکەن، شەڕەکە لە پەرەسەندندایە و بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر وڵاتان هەیە لەنێویاندا عێراق، کە لەئێستادا هەوڵ دەدات وڵاتەکە لە ئاگری ئەو شەڕە بپارێزێت.

رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، چەکدارانی سەر بە گرووپی ”تەحریر شام” هێرشیانکردە چەند پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا و رۆژئاوای کوردستان، بەهۆیەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو چەکدارانە و سوپای سووریا درووستبوو .

هەفتەیەک زیاتر دەبێت، شەڕێكی لەناکاو سووریای گرتووەتەوە، دەستەی تەحریری شام هێرشێكی لەناكاوی كردە سەر شاری حەلەب و ناوەندی شارەكەی كۆنترۆڵكرد، دواتر چوونە دەروازەی شاری حەما، رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2024، چەكدارانی دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەكانیان، هێرشیان كردە سەر شاری حەلەب لە باكووری رۆژئاوای سووریا و پاشەكشەیان بە حكومەتی سووریا كرد، سەرەتا لە رۆژئاوای شارەكەوە چوونە ژوورەوە و دواتر هەموو حەلەبیان كۆنترۆڵكرد، لە ساڵی 2011ەوە، یەكەمجار بوو حەلەب بەو شێوەیە بكەوێتە دەست گرووپی چەكدار.

هاوشانی هێرشەكانی دەستەی تەحریری شام، گرووپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی نزیكی توركیا، هێرشیان كردە سەر هێزە کوردییەکان، لە پارێزگای حەلەب و شارۆچكەی تەل ڕەفعەت و گوندەكانی دەورووبەریان كۆنترۆڵكرد.

لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکەدا، ڕۆژی 4ی کانونی یەکەمی2024، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، “کۆی گشتی 605 کەس کوژراون کە 107 کەسیان مەدەنی بوون، ئاماژەی بەوەشکردووە، 299 ئەندامی گرووپە چەکدارەکان و 199 ئەندامی هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانەکانی کوژراون”.

شەڕی سووریا دەگاتە عێراق؟

لە پەرەسەندنی رووداوەکانی سووریا نیگەرانی شیعەکان لە عێراق زیادیکردووە، لەکاتێکدا هەردوو لایەنی سیاسی سونی و کوردی چاوەڕوانن تابزانن لە داهاتوودا ڕووداوەکانی سووریا بەرەو کوێ دەرۆن.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، لە رووداوەکانی ئەم دواییەی سووریا چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی داعش لە ناوچەکە دووبارەبێتەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن ئاگری شەڕەکە عێراق بگرێتەوە و عێراق پەلکێشی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بکات، بۆیە عێراق لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 دەترسێت، کاتێک داعش سێ یەکەی خاکی وڵاتەکەی داگیرکرد و کۆنترۆڵی شارەکانی نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەدینی کرد.

بەپێی بۆچوونی شارەزایان، ئەو هێزەی هەوڵ دەدات دەست بەسەر حەلەبدا بگرێت، هێزێکی سونەیە و لەئەنجامدا ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتێکی دیکەی هاوشێوەی داعش هەیە، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی جەنگ و ململانێی مەزهەبی لەنێوان شیعە و سونە، بۆیە جەختدەکەنەوە، لە بەرژەوەندی عێراق نییە بەهیچ شێوەیەک بڕاواتە ناو ئەو جەنگەوە.

لەدەستپێکی شەڕی سووریاوە، عێراق دەستی بە رەوانەکردنی هێزە جۆراوجۆرەکانی بۆ سەر سنوورەکانی لەگەڵ سووریا کردووە، بردنی ئەو هێزە زۆرە گومانی ئەوەی دروستکردووە ئامانجەکەی پاراستنی سنوورەکان نەبێت بەڵکو دەستوەردان بێ لە شەڕی سووریا بە ئامانجی پشتیوانی کردن لە بەشار ئەسەد، هەروەها هێزە شیعییەکانی عێراق بەبێ جیاوازی پشتیوانی خۆیان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی رژێمی سووریا نیشانداوە بۆیە گومانی دەکرێت بیانەوێت عێراق لەو شەڕەی کە سوریای گرتوەتە تێوە بگلێنن.

لەهەمان کاتدا، ھێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکان و بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای سووریا،  هەموو ئامادەکارییەکی خۆیان کردووە، بەڵام بەشداری ئەو شەرە ناکەن کە لە ناوخۆی سووریا ڕوودەدات، لەوبارەیەوە هەسەدە ھۆکاری پاشەکشە کردنیان لەفرۆکەخانەی حەلەب ئاشکراکرد، کە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ستراتیژیەتی ئێستای ھەسەدە پاراستنی ناوچە کوردیەکانە و خۆدوورگرتنە لە ھەر بەریەککەوتنێک.

دوای پەرەسەندنی شەڕی سووریا، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات، لە بەرامبەردا سودانی ئامادەیی عێراقی بۆ هاوکاریکردنی سووریا دەربڕی و ڕایگەیاند، ئاسایشی سووریا و عێراق یەک ئاسایشە و ئامادەی هەموو هاوکارییەکن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕێخکراوەکانی دیکە.

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، عێراق پێویستە ڕێگری لە هێرشی گروپە چەکدارەکان بکات، بۆ ئەوەی خاکەکەی نەبێتە گۆرەپانی جەنگ و بەمەبەستی هاوکاریکردنی عێراق بەردەوام دەبن لە ناردنی سەربازەکانیان.

لەبارەیەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن ئاماژەی بەوەکرد، بەمەبەستی راگرتنی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی سەقامگیری سووریا، پێویستە کاری جدی بکرێت، هەروەها عێراق و وڵاتانی عەرەبی پێویستە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئاستەنگەکان هاوکاربن، چونکە  ئاسایش و سەقامگیری سوریا تەنها پەیوەندی بە ئاسایشی عێراقەوە نییە، بەڵکو بۆ ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە گرنگە.

هاوکات، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی سووریا عێراق بەمەبەستی خۆپاراستن لە ئاگری شەڕەکە سنوورەکانی لەگەڵ سووریا بەتەواوی داخست، لەوبارەیەوە، لیوا یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، سنووری عێراق لەگەڵ سووریا بەتایبەتی لە بەشی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە نوێترین چەک و ئامێری سەربازی تەیارکراو توندوتۆڵکراوە و بەردەوام فرۆکەی چاودێریکردن لە ئاسمانی ئەو سنوورانە دەسوڕێتەوە.

ڕۆژی 30ی تشرینی دووەمی2024، لیوا قەیس حەمداوی، جێگری فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند،” وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێک عێراق سەرجەم سنوورەکانی لەگەڵ سووریا بەتەواوی داخست”، ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە ئامادەن بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر پێشهاتێک و توانای پاراستنی عێراقیان هەیە.

ڕۆژی 1ی کانوونی یەکەمی 2024، د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کرد و کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بەگوێرەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کە لەلایەن نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، “باس لە دۆخی ئەمنی لە گۆڕەپانی ناوخۆ و ناوچەیی کرا، لەو روەوە سەرۆککۆمار پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و پێدانی متمانەی زیاتر پێیان دووپاتکردەوە، بە شێوەیەک تا هاووڵاتییان زیاتر هەماهەنگییان لەگەڵدا بکەن.”

سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشدا، “پێشهات و رووداوەکان لە سووریا و کاردانەوەیان لەسەر ناوچەکە بە گشتی جێی بایەخ و سەرنجی زۆرن”، هەروەها متمانەی خۆی بە ئاستی ئامادەکارییەکان لەوبارەیەوە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بە گرنگی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە و دوورخستنەوەی زیاتری ناوچەکە لە شەڕ و کوشتار و وێرانکاری کرد، لای خۆیەوە ئەعەرەجی دڵنیاییدا بە سەرۆککۆمار لە ئامادەیی تەواوی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی بە شێوەیەک کە ئاسایشی وڵات، گیانی هاووڵاتییان بپارێزێت.

لەگەڵ هەوڵی هەموو وڵاتان، شەڕ بەردەوامە و تائێستا دیارنییە پەرەسەندەکانی شەڕەکە بە گوێ دەگات و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی دیکە چی دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا