پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق هەموو هەوڵەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە پشتگیریی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
ئەمڕۆ هەینی 6ی کانوونی یەکەمی 2024، د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا و وەفدی یاوەری و لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و کاریگەرییەکانی لە تەواوی ناوچەکە کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە کە دواتر لەلایەن نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بڵاوکراوەتەوە، سەرۆککۆماری عێراق پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا دووپاتکردەوە بەشێوەیەک کە یەکپارچەیی و سەلامەتیی گەلەکەی بپارێزێت و هۆشداریشی دا لە ئاکامەکانی ئەم رووداوە ئەمنیانە کە پێویستی بە رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
سەرۆککۆمار “هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی لە یەکڕیزی و سەروەریی دەوڵەتی سووریا دووپاتکردەوە و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەک کرد کە ببێتە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێک کە ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیر بۆ هەموو خەڵکی سوریا دەستەبەر بکات و ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق هەموو هەوڵەکانی خۆی تەرخان دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە پشتگیری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.”
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە رووداوەکانی ئێستای سووریا هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی و سوپاسی هەڵوێستەکانی عێراقی کرد لە پشتیوانیکردنی سووریا.