پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە رایگەیاند، تا ئێستا هێزەکانیان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام تووشی پێکدادان نەبوون و راشیگەیاند، لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی سووریا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی کانوونی یەکەمی 2024، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، رێککەوتن لەنێوان ئەمریکا و دەستەی تەحریر شام هەیە بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییانی سڤیل لە گوندەوارەکانی حەلەب و ئەوان لە نزیکەوە چاودێریی دەستەی تەحریری شام و رادەی پابەندبوونیان بە بەڵێنەکانیان دەکەن.
وتیشی، “دوو مانگ پێش ئێستا دەمانزانی چی روودەدات، بۆیە رێوشوێنی پێویستمان گرتەبەر و ئامادەین بۆ هەر ئەگەرێک.
تا ئێستا هێزەکانمان توشی پێکدادان لەگەڵ تەحریری شام نەبوون و هەوڵەکانمان بۆ رزگارکردنی خەڵکی خۆمان خستووەتەگەڕ کە لە ئێستادا لە شەهبا گیریانخواردووە.”
فەرماندەکەی هەسەدە ئاماژەی بەوەشدا، “پێویستە ناوچەکانی دێرەزوور و رەقە و تەبقە لە هێرشەکانی داعش بپارێزرێن و کارەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە داعش دوو هێندە دەبێت.”
لەبارەی دۆخی سووریا و گەیشتن بە چارەسەر مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، لە هەماهەنگی راستەوخۆدان لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی. و “دەمانەوێت پەرەسەندن و گرژی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کەم بکەینەوە و بگەینە چارەسەرێکی سیاسی. بۆ ئەو مەبەستەش پشتیوانیی بڕیارنامەی 2245ی نەتەوە یەکگرتووەکانین.”