پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بیتکۆین، دراوێکی کریپتۆیە(دراوێکی ئەلیکترۆنییە)، ئەم دراوە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی هەر کەس و گروپ و لایەنێکە، لە مامەڵە داراییەکاندا پێویستی بە بەشداریکردنی بانک نییە، ئەم دراوە چەندین تایبەتمەندی هەیە و لەماوەی رابردوودا بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا بەهاکەی بەشێوەیەکی بەرچاوو بەرزبووەوە.
بیتکۆین چییە؟
بیتکۆین، دراوێکی ڕەمزی و سیستەمێکی پارەدانی جیھانییە کە وەکو پارەی بێپاڵپشت بەکاردێت، بیتکۆین دراوێکی دیجیتاڵی لامەرکەزییە کە بەبێ دەسەڵاتی ناوەندی یان ناوەندکار کاردەکات، بیتکۆین یەکەم دراوی دیجیتاڵی بێ ناوەندە، چونکە سیستمەکەی بێ ھیچ بانکێکی ناوەندی یان بەرپرسێکی ناوەندی کار دەکات، ئەم تۆڕە ھاوسەنگ بە ھاوسەنگ (Peer-to-Peer) یان ھاوتا بە ھاوتایە و گواستنەواکانی (transaction) ڕاستەوخۆ و بێ ناوبەند لە ناو بەکارھێنەراندا ئەنجام دەدرێت.
تائێستا، ھیچ دەوڵەتێک تەنانەت ژاپۆنیش بیتکۆین وەکو پارە بە فەرمی هەژمار ناکەن و دەوڵەتەکانی ئەمریکا، چین و ئەڵمانیا بیتکۆین وەکو کەلوپەل ھەژمار دەکەن نەک پارە، بیتکۆین لە سیستمی یاسایی ھەندێک وڵاتدا، لە نێویاندا ژاپۆن و ئەڵمانیا، وەک کەلوپەلێکە کە دەتوانێ وەکو ئامێری پارەدان بەکاربێت.
بیتکۆین یەکەم دراوی ژمارەییە، کە بانکی نییە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنیشی پێویستی بە بانک نییە، ساڵی 2017 لە نێوان دوو ملیۆن و 900 هەزار بۆ پێنج هەزار و 800 بەکارهێنەری هەبوو.
دروستکەری بیتکۆین کێ بوو
بیتکۆین لە کۆتایی ساڵی 2008 بۆ 2009 ناسێندرا، کە لەوکاتەدا ئەمریکا ڕووبەڕووی داڕمانێکی ئابووری گەورە بووبوو، بەهۆی ئەم داڕمانەوە هەزاران بانک و دامەزراوەی دارایی مایەپوچبوون، لەوکاتەدا کەسێک یان گروپێکی نەناسراو بە ناوی (ساتوشی ناکامۆتۆ) مەقالەیەکی بۆ ژمارەیەک لە شارەزایانی بواری کۆد نووسین ناردبوو، کە تیایدا باسی لە دراوێکی ئەلیکترۆنی نوێ کردبوو، ساتوشی ناکامۆتۆ لە مەقالەکەدا باسی لە چۆنیەتی کارکردنی بیتکۆین کردبوو.
پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک، لە سەرەتای ساڵی 2009 بلۆکچەینی بیتکۆین( کە کتێبێکی دیجیتاڵییە هەموو مامەڵەکانی بیتکۆین بە شێوەیەکی کاتی و بە ئاشکرا تۆمار دەکات) دەستی بەکار کرد، پاش تێپەڕبوونی چەندین ساڵ لە دروستبوونی بیتکۆین، هێشتا ناسنامەی ساتوشی ناکامۆتۆ ئاشکرا نەبووە، ساتوشی ناکامۆتۆ دەکرێت کەسێک یان گروپ و کۆمەڵەیەک بێت.
تایبەتمەندییەکانی بیتکۆین
-بیتکۆین دەتوانرێت بۆ مامەڵەی ئۆنلاین لەنێوان تاکەکاندا بەکاربهێنرێت.
-تایبەتمەندییەکی گرنگی بیتکۆین، لامەرکەزی بوونیەتی، واتە لەلایەن هیچ کەس و گروپ و ڕێکخراو و بانک و دەوڵەتێکەوە کۆنترۆڵ ناکرێت، ئەمەش لە ڕێگەی کتێبێکی تایبەتی دابەشکراوەوە بەدی دێت کە پێی دەوترێت بلۆکچەین کە مامەڵەکانی بیتکۆین تۆمار دەکات.
-ژمارەی بیتۆکین سنوردارە، کە 21,000,000 دانەیە و ناتوانرێت لەوە زیاتر دروست بکرێت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خواست لەسەری زیاتر بێت و خستنەڕووی کەم بێت، بەوشێوەیە بەهاکەی بەرزدەبێتەوە.
-لەڕێگای بیتکۆینە دەتوانرێت لەماوەی چەند خولەکێکدا گواستنەوەی پارە ئەنجام بدرێت.
-عمولەی گواستنەوە لە بیتکۆیندا زۆر کەمە.
-دەتوانرێت لەهەر شوێنێک بنێردرێت یان وەربگیرێت کە ئینتەرنێتی هەبێت.
بەهای بیتکۆین
بەهای بیتکۆین لە ساڵی 2021 لە جیهاندا بەرێژەی %62 بەرزبووەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی هەندێك کۆمپانیای گەورەی بواری وەبەرهێنان بەلای خۆیدا رابکێشێت و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لەو بوارەدا بەکاربهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێك وەبەرهێنی جیهانی دوودڵن لە بەهای بیتکۆین.
هاوکات، پاش ئەوەی ئیلۆن مەسك، سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا، بڕیاریدا بە بەهای یەك ملیار و 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی ئەو دراوە بکڕێت، بەهاکەی بەرزبووەوە و بۆ جاری دووەم ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا، نرخی بیتکۆین راستەوخۆ گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی و زۆر بەخێرایی ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، چونکە پێش هەڵبژاردنەکان باس لەوەدەکرا ئەگەر ترەمپ لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەوێت هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەتایبەتی بیتکۆین.
ڕۆژی 5/12/2024، بەپێی ماڵپەڕی BINANCE ، کە تایبەتە بە نرخی دراوە ئەلکترۆنییەکان، بەهای بیتکۆین لە بازاڕە داراییەکانی جیهان بەڕێژەی 5.26% زیادیکرد و نرخی یەک دانە لەو دراوە گەیشتە 101 هەزار و 639 دۆلاری ئەمریکی.
دراوی بیتکۆین، بەهۆی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و لە ماوەیەکی کەمدا توانی بەربەستی 100 هەزار دۆلار بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا بشکێنێت، شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن، هاتنە ناوەوەی یاسادانەرانی لایەنگری دراوی کریپتۆ بۆ ناو کۆنگرێس بەهای ئەو دراوانە زیاتر دەکەن و پێشبینی دەکرێت بەهای بیتکۆین لە ماوەکانی داهاتوودا زیاتر بەرزبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، بەڵێنی دا یاسا و ڕێسا بۆ بازاری دراوی دیجیتاڵی دابنێت، لەکاتی بانگەشەدا رایگەیاند،” ئەمریکا دەبێتە پایتەختی کریپتۆ لەسەر ئەم هەسارەیە، بیتکۆینش دەبێتە زلهێزی هەموو جیهان”، تەنها لەو ماوە کەمەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرا، نرخی بیتکۆین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.