پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەعات 3:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە 5-12-2024 بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژ بە دروشمی (لە پێناوی شكۆی وشە، گەلاوێژ بەردەوامە) دەستیپێکرد.
د. ئیبتیسام قادر سەرۆکی بنکەی روناکبیری گەلاوێژ وتاری بنکەی روناکبیری و ئەدەبی گەلاوێژی خوێندەوەو رایگەیاند: گەلاوێژ وەک سیمایەکی دیار و بۆنەیەکی گرنگی روناکبیری ماوەی27 ساڵە بەهەوڵ و کۆششی رێکخەران و بەشداربوانی پێگەیەکی گەورە و بەزر و دیاری لە دونیای روناکبیریدا بەرجەستە کردووە، بنکەی روناکبیری گەلاوێژ هەمیشە خەمخۆری ئەنجامدانی فێستیڤاڵ بووە، کە 27 ساڵە بەبێ دابڕان نەوە جیاوازەکان پێدەگەیەنێت و زەمینەیەکی ئازاد بۆ پێشکەوتنی بەهرەی تازە و روانینی نوێ فەراهەم دەکات.
حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری هەرێم لە وتەیەکیدا بۆ فێستیڤاڵەکە رایگەیاند: لەپێناوی شکۆی وشەدا گەلاوێژ بەردەوامە و توانیویەتی خزمەتێکی ناوازەی ئەدەب و هونەر و شکۆی وشەی کوردی بکات و ساڵ لەدوای ساڵ ئاستێکی بەرزتر نیشانبدات و دڵنیام فێستیڤاڵی ئەمساڵ مەڵۆیەکی پڕ بەرهەم دەبێت بۆسەر خەرمانی رابردووتان.
دواتر وتاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم لەلایەن وەزیری رۆشنبیری خوێندرایەوەو رایگەیاند: فێستیڤاڵی گەلاوێژ یەکێکە لە شانازییەکانی هەرێمی کوردستان و شاری سلێمانی و بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی پایتەختی رۆشنبیری و هەڵقوڵاوی رۆح و مێژووی ئەم شارەیە کە هەر لەسەرەتای بونیاتنانیەوە تا ئێستا مەڵبەندی شیعر و ئەدەب و رۆشنبیری کوردستان بووە.
قوباد تاڵەبانی لە درێژەی پەیامەکەیدا رایگەیاند، هەموو شار و وڵاتێک لەرووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە لەگۆراندایە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە ناسنامەیە و نەوە لە دوای نەوە پارێزگاری لێدەکەن و سلێمانیش وەک چۆن زیاتر لەدوو سەدەیە پارێزگاری لەناسنامەی خۆی وەک شاری رۆشنبیری کردوەو گەلاوێژیش وەک بەشێک لەم ناسنامەیە دەپارێزرێت و گەشەی زیاتر دەکات.
وتیشی: سلێمانی شانازی بەوە دەکات لەم ناوچە ئاڵۆز و ناسەقامگیرەدا ئازادی رادەربڕین مافێکی گەرەنتیکراوەو و ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی دوای راپەڕین و فراوانتری دەکەین و کۆتایی بە کەموکورتییەکان دەهێنین و هەموو هەوڵێك دەدەین نوسەران و رۆشنبیران خەمی نانیان نەبێت و سنورێک نەبێت نوسینیان سنوردار بکات.
فێستیڤاڵی گەلاوێژ كە هەڵگری ناوێكی نێودەوڵەتییەو 27هەمین خولی خۆی ئەنجام دەدات و لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بودجەی فێستیڤاڵەكە تەرخان دەكرێت بۆ ئەمساڵیش 180 كەسایەتی ئەدەبی بەشداری فێستیڤاڵەكە دەكەن.