( ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوێ دەگیرسێتەوە ؟ )

زنجیرەی شەڕ و پێکدادانەکان لە غەززە دەستی پێکرد، و ئێستاش سوریای گرتۆتەوە ، لەهەردوو شوێن بەهەمان سیناریۆ بەڵام لەدوو کاتی جیاواز بەکتوپڕی جەنگ هەڵگیرسا ، هەرچی غەززەیە وێران بوو ، هاوکات لوبنان و بەرەی شیعی گورزی گەورەیان بەرکەوت ، ئێستاش لە سوریا لەسێلاوە شەڕ و پێکدادان گەرم بووە و خەریکە هێدی هێدی کارەکتەرە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بە شێوەیەکی میکانیزمی و بەناچاری دەگلێنە ئەو جەنگە مەترسیدارەوە ، هەریەکە لە تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ڕوسیا بەزەقی لەشەڕەکەدا بەشدارن ، عیراقیش خەریکە تێوە دەگلێ ، و بەڕونی دیارە کە هەریەکەیان خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندا و نەخشەکانیانن و لەڕاستیشدا بۆهەرلایەک جەنگەکە چارەنوسسازە .

مەترسی ڕاستەقینە لەو پێکدادانەی سوریا لەوەدایە کە هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکان خەریکی خۆڕێکخستن و خۆسازدانی سەربازین ، و هێزە سەرەکیەکانی پشت شەڕەکەش ئێستا کەلەناو خاکی سوریا ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەجەنگدان ئەوا لەدەرەوەی سوریاش لەحاڵەتی ئاڵۆزی نائاسایی و ناسروشتیدان و مەترسی پەرەسەندن لەنێوانیاندا لەئاستێکی زۆر بەرز و هەستیاردایە ، بەتایبەتی لە ئۆکرانیا شەڕی نێوان ڕوس و ئۆکراین پێیناوەتە ئاستێکی مەترسیدار ، کۆریای باشور حوکمی عورفی ڕاگەیاندووە و لەگەڵ کۆریای باکور لەلێواری تەقینەوەدان  ، هەروەها نێوان ئیسڕائیل و ئێران ، نێوان ئەمریکا و ڕوسیا و چین ، هیچ کامیان لەوی تریان دڵنیا نیە کە شەڕی ئیستیباقی ئەتۆمی هەڵناگیرسێنێت ، هاوکێشەو دیمەنی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕێک لەدیمەنی پێش جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دەچێت .

کەواتە دەتوانین ڕاشکاوانە بیڵێین ، شەڕی ئەم قۆناغەی ئێستای سوریا ، شەڕێکی ئاڵۆزە ، هەلومەرجەکە زۆر هەستیار و ناسکە و ڕۆژ بەڕۆژ ئەگەری فراوانتر بوون و گەورەتر بوونی لێدەکرێت ، سروشتی شەڕەکە لەشەڕی پێشوی سوریا ناچێت ، مەترسیەکان جددین و لەوانەیە درێژەش بکێشێت و کاتی دەسبەکاربونی ئیدارەی ترەمپ تێپەڕێنێت .

لەئێستادا پێشبینی هەر لێکەوتەیەکی نەخوازراوی جیهانی دەکرێت، پێدەچێت زۆر حساب یەکلایی بکرێنەوە، هەندێ هێز پاشەکشە دەکەن و هەندێک هێزیش بەرەو پێشەوە دەچن، سەرەنجام هاوکێشەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت کە کار لەنەخشەی سیاسی و هاوسەنگی دەکات .

بۆیە لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتە ، ئێستا کاتیەتی کە هێزە کوردیەکان پێکەوە گفتوگۆی نهێنی بکەن و ئەم پەرەسەندنە نوێیە هەڵسەنگێنن و کارنامە بۆ ڕوداوی کتوپڕ دابڕێژن و ئامادەسازی هاوبەش بکەن بۆ هەر سیناریۆ و ئەگەر و پێشهاتێک ، چونکە لەلایەک کورد لەناوەڕاستی جەنگەکەدایە و هەرچۆنێک بیەوێ خۆی دەرباز بکات ئەوا ناتوانێت ، هۆکار زۆرە کە تێوە بگلێنرێت ، لەلایەکی دیکەوە گەمەکە گۆڕاوە و ناگونجێت کورد خەمسارد بێ و لەسەر بنەمای دۆخی پێش شەڕی حەڵەب مامەڵە بکات !!

جبار میرزا ڕۆستەمی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا