کۆریای باشوور لە وڵاتێکی هەژارەوە بۆ گەشەسەندووترین وڵاتی جیهان

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

کۆریای باشوور کە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە کۆماری کۆریاش دەناسرێت، وڵاتێکی هەڵكەوتەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە لەوپەڕی گۆی زەوی، بەشی باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا دەگرێتەوە و سنووری هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی کۆریای باکووردا، دانیشتووانی وڵاتەکە 51 ملیۆن کەس دەبێت کە لەم ژمارەیەش نزیکەی 10 ملیۆنیان لە پایتەختی ئەو وڵاتە کە شاری (سیئۆل)ە دەژین.

نیمچە دوورگەی کۆریا هەر لە سەردەمی زووەوە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی چاخی بەردینی کۆن، بە یەکەم ئیمپڕاتۆریەت دانراوە لە نووسراوە مێژووییەکانی چیندا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی پێش زایین، بەدوای ئەویشدا سێ ئیمپڕاتۆریەتی تر کە بریتی بوون لە سیڵا و بەڵهای و گۆگوریۆ.

لە ساڵی 1950 دا کۆریای باکوور خاکەکانی باشووری بەزاند و بەمەش جەنگی کۆریا دەستیپێکرد

ئیمپڕاتۆرییەتەکان بۆ ماوەیەکی زۆر حوکمی کۆریایان کردووە لەگەڵ ئەوەی زۆرکات داگیرکاریی یەکترییان کردووە و ماوە هەبووە یەکێک لەوانە حوکمی هەموویانی کردووە، ئەم ئیمپڕاتۆرییەتە بەردەوامبوو لە سەدەی حەوتی پێش زایینەوە تاکو سەدەی 20 و ساڵی 1910 کە ئیمپڕاتۆرییەتی ژاپۆن خستییە ژێر ناوی ئیمپڕاتۆرییەتەکەی خۆیەوە، بەم جۆرە بەردەوامبوو تاکو دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم و تەسلیمبوون و شکستهێنانی ژاپۆن و ئەڵمانیا بەرامبەر هێزەکانی هاوپەیمانان، بەم جۆرە لە مانگی ئابی ساڵی 1945 دا کۆریا دابەشکرا بەسەر هێزە براوەکانی جەنگدا و بوو بە دوو وڵات کە بەشی باکووری کەوتە دەست یەکێتی سۆڤیەت و بەشی باشووریشی بەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەوت، دوای هەوڵێکی زۆر بۆ یەکخستنەوە سەرەنجام هەمووی شکستیهێناو لە ساڵی 1948 دا ئەم بەشەی ئەمریکا بوو بە کۆماری کۆریا و بەشی سەرەوەشی بەناوی کۆریای باکوورەوە ناونرا.

لە ساڵی 1950 دا کۆریای باکوور خاکەکانی باشووری بەزاند و بەمەش جەنگی کۆریا دەستیپێکرد کە بۆ ماوەی سێ ساڵ و تا ساڵی 1953 بەردەوامبوو، لەم ماوەیەدا ئەمریکا پشتگیری بەشی باشووری دەکرد و هێزێکی تایبەتی بۆ دروستکردو لەلایەکی ترەوە چین و یەکێتی سۆڤیەت پاڵپشتی کۆریای باکووریان دەکرد.

جوگرافیا

وڵاتی کۆریای باشوور دەکەوێتە بەشی باشووری نیمچە دوورگەی کۆریا لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا و یەکێکە لە وڵاتە سەرەتاییەکانی ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی زەوی کە ڕۆژیان زوو لێ هەڵدێت، ئەم نیمچە دوورگەیە نزیکەی 1100 کیلۆمەتر دوورە لە خاک و وڵاتانی ئاسیا و دەریا لێکی دابڕیون، نیمچە دوورگەیەکی شاخاوییە بە شێوەیەکی گشتی و لە بەشی رۆژئاوایەوە دەریای زەرد و لە بەشی رۆژهەڵاتەوە دەریای ژاپۆن بوونی هەیە، لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتی ژاپۆن هەڵکەوتووە بەڵام سنوورێکی ئاوی زۆر لە نێوانیاندایە و راستەوخۆ هاوسنوور نین، ئەم وڵاتە سێ لای بە ئاو دەورەدراوە و تەنها یەک سنووری فەرمی هەیە کە ئەویش لەگەڵ کۆریای باکووری دراوسێیدایە.

وڵاتی کۆریای باشوور بە شێوەیەکی گشتی خاوەنی 85 شار و شارۆچکە و ناوچەیە، سیئۆلی پایتەخت زۆرترین ڕێژەی خەڵکی تێدا دەژی کە نزیکەی 10 ملیۆن کەسن هەروەها گەورەترین شاریشە لە رووی رووبەرەوە لە تەواوی کۆریای باشووردا، ئەم وڵاتە لە سێ هەرێمی سەرەکی پێکدێت کە بریتین لە دارستانە گەڵاوەریوەکانی کۆریای ناوەڕاست، دارستانە تێکەڵەکانی مانچوریان، دارستانە هەمیشە سەوزەکانی کۆریای باشوور، بەشی زۆری کۆریای باشوور لە چیا و ناوچەی شاخاوی پێکهاتووە کە خاکەکەی بەکەڵکی کشتوکاڵ نایەت و ناوچە نزمە سوودبەخشەکانی کە دەتوانن دانەوێڵە و بەرهەمەکانیانی تیا بڕوێنن بە هەمووی لە 30% خاکی وڵاتەکە دەگرێتەوە.

كۆریای باشوور له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا له‌ ده‌وڵه‌تێكی پاشكه‌وتووی ده‌رچووی جه‌نگ و وێرانه‌، توانیی ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی گه‌شه‌ كردووی خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێز

بەهۆی ئەوەی هەرچواردەوری بە ئاو دەورەدراوە، ئەم وڵاتە خاوەنی نزیکەی سێ هەزار دوورگەیە، هەندێکی بێکەڵکە یاخود زۆر بچووکن، زۆربەی دوورگە گرنگەکان دەکەونە بەشی باشوور و رۆژئاوای وڵاتەکەوە، دوورگەی ژیژو-دۆ کە دەکەوێتە باشووری وڵاتی کۆریای باشوورەوە گەورەترین دوورگەی ئەو وڵاتەیە و رووبەرەکەی 1845 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیکەی 100 کیلۆمەتر کەنار دەریای هەیە، هەروەها بەرزترین لووتکەی وڵاتیش دەکەوێتە ئەم ناوچەیەوە بەناوی هەڵاسان کە بەرزیەکەی بە نزیکەیی 1950 مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

ئابووری

كۆریای باشوور له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا له‌ ده‌وڵه‌تێكی پاشكه‌وتووی ده‌رچووی جه‌نگ و وێرانه‌، توانیی ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكی گه‌شه‌ كردووی خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێز، كۆریای باشوور له‌ سه‌روه‌ختی دامه‌زراندنیدا یه‌كێک بوو له‌ هه‌ژارترین وڵاتانی دنیا، وڵاته‌كه‌ وێران بوو له‌ نێو گێژاوی سیاسیدا ده‌تلایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی كۆریا دابه‌شی سه‌ر باكوور و باشوور بوو، ئیدی ره‌وشی ئابووریی كۆریای باشوور به‌ جارێک داته‌پی، چونكه‌ جموجۆڵی ئابووری و بازرگانیی نێوان هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ وه‌ستا، سه‌رباری ئه‌و ره‌وشه‌ سه‌خته‌، شه‌ڕی كۆریاشی به‌ سه‌ردا هات (1950 _ 1953) به‌م جۆره‌ زه‌ره‌ر و زیانی 69 ملیار دۆلار به‌ر كۆریای باشوور كه‌وت، كه‌ ده‌یكرده‌ پێنج هێنده‌ی تێكڕای به‌رهه‌می ساڵانه‌ی ئه‌وسای ئه‌و وڵاته‌.

كۆریای باشوور‌ تا ساڵی 1960، له‌ هه‌ژاریدا هاوشانی وڵاتانی ئه‌فریقایی وه‌ک سوودان و غانا بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ بێ ده‌رامه‌تی سروشت بوو، جگه‌ له‌وه‌ی رووبه‌ره‌كه‌ی كه‌مه‌ و به‌شی هه‌ره‌ زۆری وڵاته‌كه‌ش چیای سه‌خت و شاخاوییه‌، ئیدی به‌ ده‌وڵه‌تێكی سسته‌ گه‌شه‌ داده‌نرا، به‌ڵام له‌ سایه‌ی پلان و به‌رنامه‌ڕێژییه‌كی پوخت بۆ گه‌شه‌ كردن، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری (دروست كردنی پاپۆڕ، كاڵای ئه‌لیكترۆنی، ئۆتۆمبێل، رستن و چنین، ئاسن و پۆڵا) كۆریا له‌ ساڵی 2006 دا بوو به‌ ده‌یه‌مین گه‌وره‌ترین ئابووریی جیهان، لە ئێستاشدا ئه‌و به‌ گوێره‌ی تێكڕای به‌رهه‌می ناوخۆیی، خاوه‌نی پازدەیە‌مین ئابووریی بازاڕه‌ له‌ ئاستی جیهاندا، له‌ڕووی توانای كڕینیشه‌وه‌ دوازدەیەمینه‌، به‌م جۆره‌ كۆریای باشوور له‌ نێو ریزی بیست ئابوورییه‌ هه‌ره‌ به‌هێزه‌كه‌ی جیهاندایه‌ و له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 21 یشه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی خێراترین گه‌شه‌ی ئابووری داده‌ندرێت لە تەواوی جیهاندا کە رۆژ بە رۆژ داهاتی بە رێژەیەکی زۆر زیاد دەکات، كۆرییەکان ئه‌م پێشكه‌وتنه‌ی وڵاته‌كه‌یان به‌ په‌رجووی (مووعجیزەی) رووباری هان ناودەبەن  کە یەکێک لە رووبارە گەورە و گرنگەکانی وڵاتی کۆریایە.

داهاتی گشتی نیشتمانی بۆ هەر تاکێک لە 67 دۆلارەوە لە سەرەتای ساڵانی 1950 بۆ 33 هەزار و 745 دۆلار لە ساڵی 2023 بەرزبووەتەوە

کۆریای باشوور وڵاتێکی پێشکەوتووە و لە پلەی حەوتەم دێت لە بنەمای پەرەسەندنی مرۆڤی (HDI) لە ناوچەی ئاسیای ئۆقیانووسی، ئەندامە لە گرووپی 20 و یانەی پاریس، ھاووڵاتییانی سوودمەندن لە یەکێک لە خێراترین ھێڵەکانی ئینتەرنێت و چڕترین ھێڵی خێرای شەمەندەفەر، کۆریای باشوور لە ساڵی 2017 حەوتەم گەورەترین سەرچاوەی دوان ئۆکسیدی کاربۆن بووە لە جیھان.

بەگوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی ئابووری و دارایی کۆریا، بەرهەمی گشتیی ناوخۆی وڵاتەکە لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2023 گەشەی کردووە و بە تێکڕا 5.7% بووە.

هەروەها داهاتی گشتی نیشتمانی بۆ هەر تاکێک لە 67 دۆلارەوە لە سەرەتای ساڵانی 1950 بۆ 33 هەزار و 745 دۆلار لە ساڵی 2023 بەرزبووەتەوە.

هەناردەکردن و هاوردەکردن

هەناردەی ئەو وڵاتە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2024دا 58.1 ملیار دۆلار بووە، هاوردەی ئەو وڵاتە 52.1 ملیار دۆلار بووە، لە ئەنجامدا زیادەی بازرگانی 6 ملیار دۆلار بووە.

ئامێرە ئەلیکترۆنیيەکان لە دیارترین هەناردەکراوەکانی کۆریای باشوورن کە بەهای 20.1 ملیار دۆلارە، دواتر ئۆتۆمبێل و ئیکسسوارات بە بەهای 7.13 ملیار دۆلار، دواتر ئامێری میکانیکی بە بەهای 6.63 ملیار دۆلار، دواتر پلاستیک و بەرهەمەکانیان بە بەهای 100 ملیۆن دۆلار.

دیارترین هاوردەکردن بریتین لە سووتەمەنی کانزایی و رۆنی کانزایی و بەرهەمەکانیان کە بەهای 12.5 ملیار دۆلارە، ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنی بە بەهای 10.9 ملیار دۆلار، دواتر ئامێری میکانیکی بە بەهای 5.88 ملیار دۆلار، دواتر ئامێری بینایی و فۆتۆگرافی بە بەهای 2.05 ملیار دۆلار.

حکوومەت

پێکهاتەی دەستووری کۆریای باشوور بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر سیستمی سەرۆکایەتی داڕێژراوە و لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەریدا، دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەستۆی ئەنجومەنی نیشتیمانی یەک پەرلەمانیدایە.

پەرلەمان لە 299 ئەندام پێکدێت، نزیکەی 80%یان بە دەنگی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن و ئەوانی دیکە لەسەر بنەمای سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی هەڵدەبژێردرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا